عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من ڕۆحی لەناوبەر[a] دەوروژێنم
لە دژی بابل و دانیشتووانی لێڤ قامای[b] . - 2
- بێگانەکان دەنێرمە بابل
بۆ شەنکردنیان و ڕووتکردنەوەی خاکەکەی،
لە هەموو لایەکەوە دەوری دەدەن
لە ڕۆژی بەڵای ئەودا. - 3
- ڕێ مەدە تیرهاوێژ ژێی کەوانەکەی ڕابکێشێت،
ڕێ مەدە سەرباز زرێیەکەی بپۆشێت.
دەستتان لە گەنجەکانی مەپارێزن،
بەڵکو سوپاکەی بە تەواوی لەناوببەن[c] . - 4
- کوژراوان لە بابل دەکەون،
بریندارەکان بە سەختی لە شەقامەکانی، - 5
- چونکە ئیسرائیل و یەهودا بەجێنەهێڵدراون
لەلایەن خودایانەوە، لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە،
هەرچەندە خاکی بابلییەکان پڕ لە تاوانە
لە دژی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل. - 6
- «لە بابلەوە هەڵێن!
هەرکەسێک با خۆی دەرباز بکات!
بە تاوانی ئەو لەناونەچن،
چونکە کاتی تۆڵەسەندنەوەیە بۆ یەزدان،
ئەو سزای شایستەی دەدات. - 7
- بابل جامێکی زێڕ بوو بە دەستی یەزدانەوە،
هەموو زەوی سەرخۆش کرد.
نەتەوەکان لە شەرابی ئەویان خواردەوە،
لەبەر ئەوە نەتەوەکان شێت بوون. - 8
- لەپڕ بابل دەکەوێت و وردوخاش دەبێت.
واوەیلای بۆ بکەن!
هەتووانێک بۆ برینەکەی بهێنن،
بەڵکو چاک بێتەوە. - 9
- «”بابلمان تیمار کرد،
بەڵام ناتوانێت چاک بێتەوە.
وازی لێ بهێنن و با هەریەکەمان بچینەوە خاکەکەی خۆمان،
چونکە کاتێک حوکمی بەسەردا درا هاواری گەیشتە ئاسمان،
هەتا هەورەکان بەرز بووەتەوە.“ - 10
- «”یەزدان ئەستۆپاکی ئێمەی دەرخست،
وەرن با لە سییۆن
باسی کردەوەکەی یەزدانی پەروەردگارمان بکەین.“ - 11
- «تیرەکان تیژ بکەن،
قەڵغانەکان هەڵبگرن!
یەزدان ڕۆحی پاشایانی مادی وروژاندووە،
چونکە پلانی وێرانکردنی بابل دادەنێت.
یەزدان تۆڵە دەستێنێتەوە،
تۆڵەی پەرستگاکەی. - 12
- لە دژی شووراکانی بابل ئاڵا هەڵبکەن!
پاسەوانیێتی توند بکەن،
چاودێر دابنێن،
بۆسە بنێنەوە!
خودا مەبەستی خۆی دەهێنێتە دی،
بڕیارەکەی لە دژی خەڵکی بابل. - 13
- ئەی نیشتەجێی دەم ئاوە زۆرەکان،
خاوەن گەنجینەی زۆر،
کۆتاییت هات،
کاتی لەناوچوونت.» - 14
- یەزدانی سوپاسالار بە گیانی خۆی سوێندی خوارد:
«بە دڵنیاییەوە پڕت دەکەم لە سەرباز، وەک ڕەوە کوللە،
هاواری سەرکەوتنت بەسەردا دەکێشن.» - 15
- «خودا بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە،
بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە،
بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە. - 16
- کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت،
هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە،
بروسکە بۆ باران دروستدەکات،
با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت. - 17
- «هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە،
هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە،
چونکە داڕێژراوی درۆن و
ڕۆحیان تێدا نییە. - 18
- ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین،
لە کاتی سزادانیان لەناودەچن. - 19
- بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە،
چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە،
هۆزی[d] میراتی ئەویشی داناوە،
یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە. - 20
- «تۆ گورزی منی،
چەکەکانی جەنگی منی،
بە تۆ نەتەوەکان تێکدەشکێنم،
بە تۆ شانشینەکان لەناودەبەم، - 21
- بە تۆ ئەسپ و سوارەکەی تێکدەشکێنم،
بە تۆ گالیسکە و سوارەکەی تێکدەشکێنم، - 22
- بە تۆ ژن و پیاو تێکدەشکێنم،
بە تۆ پیر و گەنج تێکدەشکێنم،
بە تۆ گەنج و لاو تێکدەشکێنم، - 23
- بە تۆ شوان و مێگەلەکەی تێکدەشکێنم،
بە تۆ جوتیار و گاجووتەکەی تێکدەشکێنم،
بە تۆ پارێزگار و فەرمانڕەواکان تێکدەشکێنم. - 24
- «لەبەرچاوی خۆتان سزای بابل و هەموو دانیشتووانی خاکی بابل دەدەم بەرامبەر بە هەموو ئەو خراپانەی لە سییۆن کردیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 25
- «ئەی کێوی لەناوبەر، ئەوەتا من لە دژی تۆم،
تۆ ئەی لەناوبەری هەموو زەوی.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«دەست درێژ دەکەمە سەرت،
لەسەر بەردەکان گلۆرت دەکەمەوە،
دەتکەمە کێوێکی سووتاو. - 26
- ئیتر نە بەردت لێ دەبەن بۆ بەردی قولینچک[e] ،
نە هیچ بەردێک بۆ بناغەکان،
چونکە بۆ هەتاهەتایە دەبیتە چۆڵەوانی.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. - 27
- «ئاڵا لەسەر خاکەکە بەرز بکەنەوە،
لەنێو نەتەوەکان فوو بە کەڕەنادا بکەن.
نەتەوەکان لە دژی بابل ئامادە بکەن،
ئەم شانشینانە لە دژی ئەو بانگ بکەن:
ئارارات و مینی و ئەشکەنەز،
ڕابەرێک لە دژی دابنێن،
وەک ڕەوە کوللە ئەسپ بنێرن. - 28
- نەتەوەکان لە دژی ئەو ئامادە بکەن،
پاشاکانی ماد،
پارێزگار و هەموو فەرمانڕەواکان و
هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتیان. - 29
- ئینجا زەوی دەلەرزێت و ژان دەیگرێت،
چونکە مەبەستی یەزدان لە بابل دێتە دی،
بۆ ئەوەی خاکی بابل وێران بکات،
ئیتر ئاوەدانی تێدا نابێت. - 30
- پاڵەوانەکانی بابل وازیان لە جەنگ هێنا،
لە قەڵاکان دانیشتن.
هێزیان لەبەر بڕا،
وەک ژنیان لێهات.
نشینگەکانیان سووتێنرا،
شمشیرەی دەرگاکانیان شکێنرا. - 31
- نێردراوێک بەدوای یەکێکی دیکە دەکەوێت و
پەیامنێرێک بەدوای پەیامنێرێکی دیکە،
بۆ ئەوەی بە پاشای بابل ڕابگەیەنن
کە سەرتاسەری شارەکانی گیراون، - 32
- ڕووبارەکان[f] دەستیان بەسەردا گیرا،
زۆنگاوەکان بە ئاگر سووتێنران،
جەنگاوەرەکان تۆقین.» - 33
- یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت:
«شاری بابل وەک جۆخینێکە
کاتی گێرەیەتی،
پاش کەمێک کاتی بەرهەم دێت.» - 34
- «نەبوخودنەسری پاشای بابل ئێمەی خوارد،
ئومێدبڕی کردین،
ئێمەی کردە گۆزەیەکی بەتاڵ.
وەک ئەژدیها هەڵیلووشین،
سکی خۆی پڕکرد لە چێژی ئێمە،
ئینجا ئێمەی ڕشاندەوە.» - 35
- دانیشتووانەکەی سییۆن دەڵێن:
«ئەو ستەمەی لە ئێمە کرا بەسەر بابل بێت.»
ئۆرشەلیم دەڵێت:
«خوێنم لە ملی دانیشتووانی خاکی بابلە.» - 36
- لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من داکۆکی لە کێشەکەت دەکەم،
تۆڵەی تۆ دەکەمەوە،
دەریاکەی[g] وشک دەکەم،
کانییەکانی کوێر دەکەمەوە. - 37
- بابل دەبێتە تەپۆڵکە و
داڵدەی چەقەڵ،
پەند و مایەی تانە و تەشەر،
شوێنێک ئاوەدانی تێدا نییە. - 38
- پێکەوە وەک جوانە شێر دەنەڕێنن،
وەک بەچکە شێرەکان دەمڕێنن. - 39
- کاتێک گەرم دەبن،
داوەتیان دەکەم و
سەرخۆشیان دەکەم،
بۆ ئەوەی دڵخۆش بن،
ئینجا هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. - 40
- «وەک بەرخ دەیانبەم بۆ سەربڕین
وەک بەران و نێری. - 41
- «شێشەخ[h] چۆن دەگیرێت،
شانازی هەموو زەوی چۆن دەستبەسەر دەکرێت!
چۆن وێران بوو،
بابل لەنێو نەتەوەکان! - 42
- دەریا بەسەر بابلدا هەڵدەچێت،
بە هەڵچوونی شەپۆلەکانی دایدەپۆشێت. - 43
- شارۆچکەکانی وێران بوون،
بوونە بیابان و دەشتی ڕووت،
خاکێک کە نە کەس تێیدا نیشتەجێ دەبێت و
نە ئادەمیزاد پێیدا تێدەپەڕێت. - 44
- لە بابل سزای بێل دەدەم و
ئەوەی قووتی داوە لە دەمی دەهێنمە دەرەوە.
ئیتر نەتەوەکان بەرەو لای ئەو ڕێچکە ناگرن،
هەروەها شووراکانی بابل دەکەوێت. - 45
- «ئەی گەلی من لەناویدا وەرنە دەرەوە!
هەرکەسێک خۆی لە گڕی تووڕەیی یەزدان دەرباز بکات! - 46
- ورە بەرمەدەن و مەترسن،
کاتێک هەواڵی ئەو خاکە دەبیستن،
هەواڵێک ئەم ساڵ دێت، ئینجا لە ساڵی پاشتر هەواڵێکی دیکە،
هەواڵی ستەم لە خاکەکەدا و
فەرمانڕەوا لە دژی فەرمانڕەوا. - 47
- لەبەر ئەوە بێگومان ڕۆژێک دێت
سزای بتەکانی بابل دەدەم،
هەموو خاکەکەی شەرمەزار دەبێت و
کوژراوەکانی لە ناوەڕاستی دەکەون. - 48
- ئینجا ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندایە
هاواری خۆشی بەسەر بابلدا دەکەن،
چونکە لە باکوورەوە بۆی دێن،
تەفروتوناکەرەکان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. - 49
- «دەبێت بابلیش لەبەر کوژراوەکانی ئیسرائیل بڕووخێت،
وەک چۆن کوژراوەکانی هەموو زەوی
بەهۆی بابلەوە کەوتن. - 50
- ئەی دەربازبووان لە شمشێر،
بڕۆن و مەوەستن!
لە دوورەوە یادی یەزدان بکەنەوە،
بیر لە ئۆرشەلیم بکەنەوە.» - 51
- «شەرمەزار بووین،
چونکە ڕیسوا بووین و
شەرم ڕووی داپۆشین،
چونکە بێگانەکان هاتنە ناو
پیرۆزگاکانی ماڵی یەزدان.» - 52
- یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت،
بتەکانی سزا دەدەم،
لە هەموو خاکەکەیدا
بریندارەکان دەناڵێنن. - 53
- تەنانەت ئەگەر بابل بگاتە ئاسمانیش،
ئەگەر قەڵای خۆشی قاییم بکات،
تەفروتوناکەر لە دژی ئەو دەنێرم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. - 54
- «دەنگی هاوار دێت لە بابل،
دەنگی شکستێکی گەورە
لە خاکی بابلییەکان. - 55
- یەزدان بابل تەفروتونا دەکات،
کۆتایی بە دەنگە مەزنەکەی دەهێنێت.
شەپۆلی دوژمنەکانیان وەک ئاوێکی زۆر هەڵدەچێت،
دەنگیان هاژەی دێت. - 56
- تەفروتوناکەر دێتە سەر بابل،
پاڵەوانەکانی دەگیرێن،
کەوانەکانیان دەشکێنرێت،
چونکە یەزدان خودای سزادانە،
بە تەواوی سزا دەدات. - 57
- میر و دانا و پارێزگار و
فەرمانڕەوا و پاڵەوانەکانی سەرخۆش دەکەم،
هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.»
ئەوە فەرمایشتی ئەو پاشایەیە کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە. - 58
- یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«شوورا پانەکانی بابل بە تەواوی دەڕووخێنرێن،
دەروازە بەرزەکانیشی بە ئاگر دەسووتێنرێن.
گەلان بەخۆڕایی خۆیان ماندوو دەکەن و
ڕەنجی نەتەوەکانیش تەنها بۆ ئاگر دەبێت.» - 59
- ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەرمیای پێغەمبەر دایە سەرایای کوڕی نێرییا کوڕی مەحسێیا، سەرۆکی ئۆردوگا، کاتێک لە ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا چوو بۆ بابل.
- 60
- هەموو ئەوەی لەسەر بابل تۆمار کرابوو، لەگەڵ هەموو ئەو بەڵایەی بەسەری دێت یەرمیا نووسیبووی و کردبووی بە تۆمارێک،
- 61
- بە سەرایای گوت: «کاتێک گەیشتییە بابل، دڵنیابە لە خوێندنەوەی تەواوی ئەم پەیامە بۆ خەڵکەکە،
- 62
- ئینجا بڵێ: ”ئەی یەزدان، تۆ فەرمووت ئەم شوێنە لەناودەبەیت، تاکو ئەوەی مرۆڤ و ئاژەڵی تێدا نامێنێت، هەتاهەتایە دەبێتە چۆڵەوانی.“
- 63
- کاتێک لە خوێندنەوەی ئەم تۆمارە بوویتەوە، بەردێکی پێوە ببەستە و فڕێیبدە ناو فورات.
- 64
- ئینجا بڵێ: ”بابل ئاوا نوقوم دەبێت و لەژێر ئەو بەڵایە ڕاست نابێتەوە کە من بەسەری دەهێنم، خەڵکەکەی شەکەت دەبن.“»
هەتا ئێرە وشەکانی یەرمیایە.
- a. 51:1 با یان ئامرازێک بۆ لەناوبردنیان.
- b. 51:1 واتا خاکی کلدانییەکان، مەبەستی لە بابلە.
- c. 51:3 لەناو دەبن: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.
- d. 51:19 بڕوانە 10:12-16.
- e. 51:26 بەردی قولینچک: بەردێکی گەورە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.
- f. 51:32 مەبەستی لە پرد و شوێنی پەڕینەوەیە لە ڕووبارەکان.
- g. 51:36 خەڵک لەو باوەڕەدا بوون کە لەبن زەوی دەریایەک هەبوو وەکو سەرچاوەی ئاو.
- h. 51:41 ناوی نهێنی بابل بووە.