عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- یەرمیا هەموو فەرمایشتەکانی یەزدانی پەروەردگاریانی بە هەموو گەل ڕاگەیاند کە یەزدان پێی ڕایسپاردبوو. کاتێک تەواو بوو،
- 2
- عەزەریای کوڕی هۆشەعیا و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو پیاوە لووتبەرزەکان قسەیان لەگەڵ یەرمیا کرد و گوتیان: «تۆ درۆ دەکەیت! یەزدانی پەروەردگارمان تۆی نەناردووە هەتا بڵێت: ”مەچنە میسر بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بن.“
- 3
- بەڵکو باروخی کوڕی نێرییا تۆی لە ئێمە هانداوە تاوەکو بماندەیتە دەست بابلییەکان، بۆ ئەوەی بمانکوژن یان بۆ بابل ڕاپێچمان بکەن.»
- 4
- ئیتر یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان و هەموو گەل کەسیان گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون هەتا لە خاکی یەهودا ئۆقرە بگرن.
- 5
- بەڵکو یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان، هەموو پاشماوەی یەهودایان برد، ئەوانەی لەناو ئەو نەتەوانەوە گەڕابوونەوە کە پەرتەوازە ببوون بۆ لایان، بۆ ئەوەی لە خاکی یەهودا بژین.
- 6
- پیاو و ژن و منداڵ و کچەکانی پاشا و هەموو ئەوانەیان برد کە نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لەلای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام کوڕی شافان بەجێی هێشتبوون. هەروەها یەرمیای پێغەمبەر و باروخی کوڕی نێرییاش لەگەڵیان بوون.
- 7
- جا چوونە ناو خاکی میسر، گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و هەتا تەحپەنحێس چوون.
- 8
- ئینجا لە تەحپەنحێس فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات، پێی فەرموو:
- 9
- «لەگەڵ دەستت هەندێک بەردی گەورە ببە و لەبەرچاوی پیاوانی یەهودا، بیانخە ژێر قوڕەوە، لەو بەردڕێژەی لە بەردەرگای کۆشکی فیرعەونە لە تەحپەنحێس.
- 10
- پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من دەنێرم و نەبوخودنەسری پاشای بابل، خزمەتکارەکەم، دەهێنم و تەختەکەی لەسەر ئەم بەردانە دادەنێم کە چەقاندم، ئەویش چەتری تەختەکەی بەسەردا هەڵدەدات.
- 11
- جا دێت و لە خاکی میسر دەدات، ئەوەی بۆ مردنە بۆ مردن، ئەوەی بۆ دیلیێتیە بۆ دیلیێتی، ئەوەی بۆ شمشێرە بۆ شمشێر.
- 12
- ئینجا ئاگر بەردەداتە پەرستگاکانی خوداوەندەکانی میسر، پەرستگاکان دەسووتێنێت و خوداوەندەکانیان ڕاپێچ دەکات. خاکی میسر لە خۆی دەپێچێتەوە، وەک چۆن شوان کەواکەی لە خۆی دەپێچێتەوە، ئینجا لەوێوە بە سەلامەتی دەردەچێت.
- 13
- کۆڵەکەکانی پەرستگای خۆر لە خاکی میسر دەشکێنێت، پەرستگاکانی خوداوەندەکانی میسر بە ئاگر دەسووتێنێت.“»