عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- بەڕەڵاکردنی یەرمیا
- 1
- ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، پاش ئەوەی نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە ڕامە یەرمیای بەڕەڵا کرد، کە بینیبووی یەرمیا بە زنجیر بەند کراوە و لەنێو هەموو ڕاپێچکراوەکانی ئۆرشەلیم و یەهودایە کە بۆ بابل ڕاپێچ کراون.
- 2
- فەرماندەی پاسەوانانی پاشا یەرمیای برد و پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگارت سەبارەت بەم شوێنە ئەم بەڵایەی فەرموو.
- 3
- ئێستاش یەزدان ئەنجامی دا، هەروەک فەرمووی کردی. هەموو ئەو شتانەتان لەبەر ئەوە بەسەرهات گوناهتان کرد لە دژی یەزدان و گوێڕایەڵی نەبوون.
- 4
- ئەمڕۆ من ئازادت دەکەم لەو سندمانەی بەدەستتەوەیە. جا ئەگەر پێت باشە لەگەڵم بێیتە بابل، وەرە و منیش چاوم لێت دەبێت. بەڵام ئەگەر حەز ناکەیت، مەیێ. تەماشا بکە، هەموو خاکەکە لەبەردەمتە، جا کوێت پێ باشە و بۆت دەگونجێ، بڕۆ ئەوێ.»
- 5
- بەڵام بەر لە گەڕانەوەی یەرمیا، نەبوزەرەدان گوتی: «بگەڕێوە لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، ئەوەی پاشای بابل بەسەر شارۆچکەکانی یەهوداوە دایناوە، لەنێو خەڵکەکە لەلای ئەو بمێنەوە، یانیش هەرکوێیەک پێت باشە و بۆت دەگونجێ بڕۆ ئەوێ.»
پاشان فەرماندەی پاسەوانانی پاشا توێشو و دیارییەکی پێیدا و بەڕەڵای کرد. - 6
- یەرمیاش هاتە لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام لە میچپا و لەلای ئەو مایەوە، لەناو ئەو خەڵکەی لە خاکەکەدا مابوونەوە.
- کوشتنی گەدەلیاهو
- 7
- کاتێک هەموو سەرلەشکرەکان، ئەوانەی لەناو کێڵگەکان بوون، خۆیان و پیاوەکانیان بیستیان کە پاشای بابل گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کردووە بە فەرمانڕەوای خاکەکە و سەرپەرشتیاری ژن و پیاو و منداڵان، ئەو هەژارانەی خاکەکە کە بۆ بابل ڕاپێچ نەکراون،
- 8
- هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو. ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، یۆحانان و یۆناتانی کوڕانی قارێیەح، سەرایای کوڕی تەنحومەت، کوڕەکانی عێفەیی نەتۆفایی و یازەنیاهوی کوڕی مەعکاتی، خۆیان و پیاوەکانیان.
- 9
- گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانیش سوێندی بۆ ئەوان و پیاوەکانیان خوارد، پێی گوتن: «مەترسن لەوەی خزمەتی بابلییەکان بکەن. لە خاکەکە نیشتەجێ بن و خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئەوەی باشە بۆتان دەبێت.
- 10
- منیش لە میچپا دادەنیشم، بۆ ئەوەی لەبەردەم ئەو بابلییانە نوێنەرایەتی ئێوە بکەم کە دێنە لامان. بەڵام ئێوە شەراب و هەنجیر و زەیت کۆبکەنەوە، بیخەنە ناو کۆڵەبارەکانتانەوە، لەو شارۆچکانەی گرتووتانە نیشتەجێ بن.»
- 11
- کاتێک هەموو ئەو جولەکانەی لە مۆئاب و لەنێو عەمۆنییەکان و لە ئەدۆم و ئەوانەی لە هەموو خاکەکانی دیکە بوون، بیستیان کە پاشای بابل پاشماوەی بۆ یەهودا هێشتووەتەوە، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانی کردووە بە فەرمانڕەوایان،
- 12
- هەموو جولەکەکان لە هەموو ئەو شوێنانەی پەرتەوازە بوون بۆی گەڕانەوە، هاتنەوە خاکی یەهودا، بۆ لای گەدەلیاهو لە میچپا. شەراب و هەنجیرێکی گەلێک زۆریان کۆکردەوە.
- 13
- ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان کە لە کێڵگەکان بوون هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو،
- 14
- پێیان گوت: «ئایا تۆ نازانیت کە بەعلیسی پاشای عەمۆنییەکان، ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی ناردووە تۆ بکوژێت؟» بەڵام گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام باوەڕی پێ نەکردن.
- 15
- ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح بەدزییەوە لە میچپا قسەی لەگەڵ گەدەلیاهو کرد و گوتی: «ڕێم بدە بچم ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ بکوژم، بێ ئەوەی هیچ کەس پێی بزانێت. بۆچی ئەو تۆ بکوژێت، هەموو ئەو جولەکانەی لە دەوری تۆ کۆبوونەتەوە پەرتەوازە بن و پاشماوەی یەهودا لەناوبچێت؟»
- 16
- بەڵام گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام بە یۆحانانی کوڕی قارێیەحی گوت: «ئەم شتە مەکە، چونکە ئەوەی تۆ سەبارەت بە ئیسماعیل دەیڵێیت ڕاست نییە.»