عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەڕایتەوە،
بگەڕێوە لای من.
ئەگەر بتە قێزەونەکانت لەبەردەمم لابدەی،
گومڕا نابیت، - 2
- ئەگەر بە ڕاستی و دادپەروەری و ڕاستودروستییەوە
سوێند بخۆیت: ”بە یەزدانی زیندوو،“
ئەوسا نەتەوەکان بەو بەرەکەتدار دەبن و
شانازی بەوەوە دەکەن.» - 3
- یەزدان ئەمە بە پیاوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەفەرموێت:
«زەوی بەیارتان بکێڵن و
لەناو دڕکوداڵدا مەچێنن. - 4
- ئەی پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم،
خۆتان بۆ یەزدان خەتەنە[a] بکەن،
دڵتان خەتەنە بکەن،
نەوەک تووڕەییم بجۆشێت و وەک ئاگر بسووتێنێت،
لەبەر خراپی کردەوەکانتان،
بسووتێنێت و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.» - بەڵایەک لە باکوورەوە
- 5
- «لە یەهودا ڕایبگەیەنن، لە ئۆرشەلیم دەنگتان ببیسترێت، بڵێن:
”لە خاکەکە فوو بە کەڕەنادا بکەن!“
بە دەنگی بەرز بانگەواز بکەن و بڵێن: ”کۆببنەوە!
با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان!“ - 6
- ئاڵا بەرز بکەنەوە بۆ چوونە سییۆن!
خۆتان بدەنە پەنا! ڕامەوەستن!
چونکە من لە باکوورەوە بەڵا دەهێنم،
تێکشکانێکی گەورە.» - 7
- شێر لە لانەکەیەوە هاتە دەرەوە،
تێکشکێنەری نەتەوەکان بەڕێکەوت.
لە شوێنەکەی خۆی هاتە دەرەوە
بۆ ئەوەی خاکەکەت وێران بکات.
شارۆچکەکانت کاول دەبن
بێ ئاوەدانی دەبن. - 8
- لەبەر ئەمە جلوبەرگی گوش[b] لەبەر بکەن،
لە خۆتان بدەن و واوەیلا بکەن،
چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان
هێشتا دانەمرکاوەتەوە. - 9
- یەزدان دەفەرموێت: «جا ئەوە دەبێت لەو ڕۆژەدا،
پاشا و پیاوە گەورەکان جەرگبڕاو دەبن،
کاهینەکان دەحەپەسێن و
پێغەمبەرەکان واقیان وڕدەمێنێت.» - 10
- جا گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، بێگومان ئەم گەلە و ئۆرشەلیمت بە تەواوی فریودا، فەرمووت: ”ئاشتیتان بۆ دەبێت،“ کەچی شمشێر گەیشتە گیانمان.»
- 11
- لەو کاتەدا بەم گەلە و بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «بای سووتێنەر لە گردۆڵکەکانی چۆڵەوانییەوە بەرەو گەلەکەم هەڵدەکات، نە بۆ شەن و نە بۆ جیاکردنەوە،
- 12
- بایەکی لەوە بەگوڕترە، لە منەوە دێت. ئێستاش من حوکمی خۆم بەسەریاندا ڕادەگەیەنم.»
- 13
- تەماشا بکەن! وەک هەورەکان سەردەکەوێت،
گالیسکەکانی وەک گەردەلوولە،
ئەسپەکانی لە هەڵۆ تیژڕەوترن.
قوڕبەسەرمان، وێران کراین! - 14
- ئەی ئۆرشەلیم، دڵت لە خراپە بشۆوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت.
هەتا کەی بیروڕا خراپەکانت لە ناوەڕاستت دەمێنێتەوە؟ - 15
- دەنگێک لە دانەوە ڕادەگەیەنێت،
کارەسات لە شاخەکانی ئەفرایمەوە دەبیسترێت. - 16
- «نەتەوەکان ئاگادار بکەنەوە،
با خەڵکی ئۆرشەلیم بیبیستن:
”ئابڵوقەدەران لە خاکێکی دوورەوە دێن،
بەسەر شارەکانی یەهودا دەنگیان بەرز دەکەنەوە. - 17
- لە چواردەوری وەک پاسەوانانی کێڵگەیان لێهاتووە،
چونکە لە من یاخی بوون.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. - 18
- «ڕەفتار و کردەوەکانت
ئەمەیان پێکردیت،
ئەمە سزاکەتە،
چەند تاڵە!
چونکە گەیشتە دڵت.» - 19
- ئەی ئازارم، ئەی ئازارم!
من لەتاو ئێشم دەتوێمەوە.
دڵم ژان دەکات!
دڵەکوتێمە، بێدەنگ نابم،
چونکە گوێم لە دەنگی کەڕەنا و نەعرەتەی جەنگ بوو. - 20
- کارەسات لەدوای کارەسات دێت،
هەموو خاکەکە وێران بوو.
لەپڕ خێوەتەکانم وێران بوون،
لە چرکەیەکدا پەناگاکانم. - 21
- هەتا کەی ئاڵای جەنگ دەبینم و
گوێم لە دەنگی کەڕەنا دەبێت؟ - 22
- «گەلەکەم گێلە و
من ناناسێت.
ئەوان کوڕی دەبەنگن،
ئەوان تێنەگەیشتوون،
ئەوان دانان بۆ کاری خراپە،
بەڵام نازانن چۆن چاکە بکەن.» - 23
- تەماشای زەویم کرد،
بێ شێوە و بەتاڵ بوو،
بەرەو ئاسمانیش،
ڕووناکییەکەی نەمابوو. - 24
- تەماشای چیاکانم کرد دەهەژان،
هەموو گردەکانیش لەق بوون. - 25
- تەماشام کرد، هیچ کەسێک دیار نەبوو،
باڵندەکانی ئاسمانیش هەموو هەڵاتبوون، - 26
- تەماشام کرد، باخەکان چۆڵەوانین و
هەموو شارۆچکەکانی کاول بوون
لەبەردەم یەزدان، لە ڕووی گڕی تووڕەییەکەی. - 27
- سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:
«هەموو زەوی وێران دەبێت،
بەڵام بە تەواوی کۆتایی پێ ناهێنم. - 28
- لەبەر ئەمە زەوی شیوەن دەگێڕێت،
ئاسمانیش لە سەرەوە تاریک دادێت،
لەبەر ئەوەی من قسەم کرد و پاشگەز نەبوومەوە،
بڕیارم دا و بڕیارەکەم ناگۆڕم.» - 29
- لە دەنگی سوار و تیرهاوێژ
هەموو شارۆچکەکان ڕایانکرد.
هەندێک چوونە ناو دارستانەکان،
هەندێک سەرکەوتنە سەر بەردەکان.
هەموو شارۆچکەکان بەجێهێڵراون،
هیچ کەسێک تێیاندا نیشتەجێ نییە. - 30
- تۆش ئەی نەتەوە وێرانەکە، چی دەکەیت؟
بۆچی بەرگی ئاڵ لەبەر دەکەیت و
خشڵی زێڕ بە خۆتەوە دەکەیت؟
بۆچی بە کل چاوەکانت ڕەش دەکەیت؟
بێهوودە خۆت جوان دەکەیت،
لەبەرچاوی ئەوینداران کەوتووی،
ئەوان داوای گیانت دەکەن. - 31
- هاوارێکم بیست وەک هاواری ژنێکی ژانگرتوو بوو،
لە ناخۆشیدا وەک یەکەم منداڵی بێت.
دەنگی سییۆنی کچ[c] هەنسک دەدات،
دەست پان دەکاتەوە، دەڵێت:
«وەی لە من! دەبوورێمەوە،
گیانم لەبەر بکوژان دەردەچێت!»
- a. 4:4 مەبەستی لە تەرخانکردنی دڵە بۆ دڵسۆزی بەرامبەر بە یەزدان.
- b. 4:8 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.
- c. 4:31 دەربڕینێکی خوازەیە بۆ پایتەخت، مەبەست لە هەموو دانیشتووانی شارەکەیە.