عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- یەهودا خزمەتی نەبوخودنەسر دەکات
- 1
- لە سەرەتای پاشایەتی سدقیای کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەم پەیامە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
- 2
- یەزدان ئەمەی بە من فەرموو: «گوریس و دار ببە و بۆ خۆت نیرێکی لێ دروستبکە و بیخە سەر ملت.
- 3
- ئینجا پەیامێک بنێرە بۆ پاشاکانی ئەدۆم و مۆئاب و عەمۆن و سور و سەیدا، بەدەستی ئەو پەیامبەرانەی بۆ ئۆرشەلیم هاتوون بۆ لای سدقیای پاشای یەهودا.
- 4
- ڕایانبسپێرە بە گەورەکانیان بڵێن: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ’ئەمە بە گەورەکانتان بڵێن:
- 5
- من بە توانای مەزنی خۆم و بە دەستی بەهێزم زەویم دروستکردووە، هەروەها مرۆڤ و ئاژەڵیش کە لەسەرین، ئەوەی بمەوێ دەیدەمێ.
- 6
- ئێستاش من هەموو ئەم خاکانە دەدەمە دەستی خزمەتکارەکەم، نەبوخودنەسری پاشای بابل، هەروەها ئاژەڵە کێوییەکانیشی دەدەمێ تاکو خزمەتی بکەن.
- 7
- هەموو نەتەوەکانیش خزمەتی خۆی و کوڕ و نەوەکەی دەکەن، هەتا کاتی خاکەکەی ئەویش دێت، جا زۆر لە نەتەوەکان و پاشا مەزنەکان دەیخەنە ژێردەستی خۆیان.‘
- 8
- «”یەزدان دەفەرموێت: ’هەر نەتەوەیەک و شانشینێک خزمەتی نەبوخودنەسری پاشای بابل نەکات و مل نەخاتە ژێر نیری پاشای بابلەوە، بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد سزای ئەو نەتەوەیە دەدەم، هەتا بە دەستی ئەو لەناویان دەبەم.
- 9
- ئێوەش گوێ مەگرن لە پێغەمبەر و فاڵگرەوە و خەونبین و بەخت خوێنەر و جادووگەرەکانتان، ئەوانەی پێتان دەڵێن: ”خزمەتی پاشای بابل ناکەن.“
- 10
- ئەوان بە درۆ پێشبینیتان بۆ دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دوورخستنەوەتان، جا دەرتاندەکەم و لەناودەچن.
- 11
- بەڵام ئەگەر هەر نەتەوەیەک ملی بخاتە ژێر نیری پاشای بابل و خزمەتی بکات، من لە خاکی خۆیدا دەیهێڵمەوە، جا دەیکێڵێت و تێیدا نیشتەجێ دەبێت.‘ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
- 12
- هەمان پەیامم بە سدقیای پاشای یەهوداش ڕاگەیاند[a] : «ملتان بخەنە ژێر نیری پاشای بابل و خزمەتی خۆی و گەلەکەی بکەن، ئینجا ئێوە دەژین.
- 13
- بۆچی خۆت و گەلەکەت بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناوبچن، وەک ئەوەی یەزدان سەبارەت بەو گەلە فەرمووی کە خزمەتی پاشای بابل نەکات؟
- 14
- گوێ لە پەیامی ئەو پێغەمبەرانە مەگرن کە پێتان دەڵێن: ”خزمەتی پاشای بابل ناکەن،“ چونکە ئەوان بە درۆ پێشبینیتان بۆ دەکەن.
- 15
- ”من نەمناردوون، ئەوان بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن، لەبەر ئەوە دەرتاندەکەم و لەناودەچن، خۆتان و ئەو پێغەمبەرانەش کە پێشبینیتان بۆ دەکەن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 16
- بە کاهینەکان و بە هەموو ئەم گەلەشم گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: گوێ لە قسەی پێغەمبەرەکانتان مەگرن، ئەوانەی پێشبینیتان بۆ دەکەن و دەڵێن: ”ئەوەتا قاپوقاچاغەکانی ماڵی یەزدان بەم زووانە لە بابلەوە دەگەڕێنرێنەوە.“ ئەوان بە درۆ پێشبینیتان بۆ دەکەن.
- 17
- گوێیان لێ مەگرن. خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئینجا ئێوە دەژین. بۆچی ئەم شارە وێران بێت؟
- 18
- ئەگەر ئەمانە پێغەمبەرن و فەرمایشتی یەزدانیان لەلایە، کەواتە با بۆمان لە یەزدانی سوپاسالار بپاڕێنەوە، بۆ ئەوەی ئەو قاپوقاچاغەی ماوەتەوە لە ماڵی یەزدان و لە کۆشکی پاشای یەهودا و لە ئۆرشەلیم نەبردرێنە بابل،
- 19
- چونکە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بە کۆڵەکەکان و حەوزە بڕۆنزییەکە[b] و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و پاشماوەی ئەو قاپوقاچاغانەی کە لەم شارەدا ماونەتەوە،
- 20
- ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل نەیبردن، کاتێک یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودای لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچ کرد، لەگەڵ هەموو پیاوماقوڵانی یەهودا و ئۆرشەلیم.
- 21
- بەڵێ، یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بەو قاپوقاچاغەی مابووەوە، لە ماڵی یەزدان و لە کۆشکی پاشای یەهودا و لە ئۆرشەلیم:
- 22
- ”بۆ بابل دەبردرێن و لەوێ دەمێننەوە هەتا ئەو ڕۆژەی بەدوایاندا دەنێرم، جا دەیانهێنمەوە و دەیانگەڕێنمەوە ئەم شوێنە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- a. 27:12 یەرمیای پێغەمبەر پەیامی خودای گەیاندووەتە سدقیای پاشا.
- b. 27:19 کۆگای ئاو بووە، هەروەها پێی گوتراوە دەریا، بڕوانە دەرچوون 30:17-21.