عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- حوکمدان لەسەر پاشا خراپەکارەکان
- 1
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دابەزە بۆ کۆشکی پاشای یەهودا و لەوێ ئەو پەیامە ڕابگەیەنە،
- 2
- بڵێ: ”ئەی پاشای یەهودا، ئەوەی لەسەر تەختی داود دانیشتووی، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە؛ تۆ و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە.
- 3
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ’ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن. تاڵانکراو لە دەستی زۆردار دەرباز بکەن. نامۆ و هەتیو و بێوەژن مەچەوسێننەوە، ستەم مەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان مەڕێژن.‘
- 4
- ئەگەر بە گرنگییەوە ئەم فەرمانە پەیڕەو بکەن، ئەوا ئەو پاشایانەی لەسەر تەختی داود دانیشتوون لە دەروازەکانی ئەم کۆشکەوە دێنە ژوورەوە، بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە لەگەڵ خزمەتکاران و گەلەکەی.
- 5
- بەڵام ئەگەر گوێ لەم فەرمانە نەگرن، سوێند بە گیانی خۆم دەخۆم، کە ئەم کۆشکە وێران دەبێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 6
- یەزدان سەبارەت بە کۆشکی پاشای یەهودا ئەمەش دەفەرموێت:
«هەرچەندە تۆ بۆ من وەک گلعادی،
وەک لووتکەی لوبنانی،
بەڵام وەک چۆڵەوانیت لێ دەکەم،
وەک شاری بێ دانیشتووان. - 7
- تێکدەرانت بۆ تەرخان دەکەم،
هەریەکە و بە ئامێرەکەیەوە،
جا باشترین داری ئورزت دەبڕنەوە و
فڕێیدەدەنە ناو ئاگرەوە. - 8
- «خەڵکی زۆر نەتەوە بە کەناری ئەم شارەدا تێدەپەڕن و لە یەکتری دەپرسن: ”لەسەر چی یەزدان وای لەم شارە گەورەیە کرد؟“
- 9
- جا دەڵێن: ”لەسەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و خوداوەندەکانی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن.“»
- 10
- بۆ پاشا مردووەکە[a] مەگریێن و شینی بۆ مەگێڕن،
بەڵکو بەکوڵ بگریێن بۆ ئەوەی بە دیل دەبردرێت،
چونکە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە
بۆ ئەوەی ئەو خاکە ببینێت کە لێی لەدایک بووە. - 11
- سەبارەت بە شەلومی[b] کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەوەی لە جێی باوکی بوو بە پاشا، ئەوەی لەم شوێنە ڕۆیشت، یەزدان دەفەرموێت: «جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە ئێرە،
- 12
- بەڵکو لەو شوێنەی ڕاپێچیان کردووە بۆی هەر لەوێ دەمرێت، جارێکی دیکە ئەم خاکە نابینێتەوە.»
- 13
- «قوڕبەسەر ئەوەی کۆشکەکەی بە ناڕەوایی بنیاد دەنێت و
ژوورەکانی سەرەوەشی بە ستەمکاری،
ئەوەی بێگاری بە هاوڵاتییان دەکات،
هەقی ماندووبوونەکەیان ناداتێ. - 14
- دەڵێت: ”کۆشکێکی فراوان بۆ خۆم بنیاد دەنێم،
ژوورەکانی سەرەوەی پانوبەرین.“
پەنجەرەی گەورەی بۆ دەکاتەوە،
دیوارەکانی بە تەختەی دار ئورز دادەپۆشێت،
بە ڕەنگی سوور بۆیاخی دەکات. - 15
- «ئایا ئەوە دەتکاتە پاشا،
کە دار ئورزی زۆرت هەبێت؟
ئایا باوکت نەیخوارد و نەیخواردەوە؟
ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو کرد،
جا سەرکەوتوو بوو. - 16
- بە تەواوی پاڵپشتی لە مافی هەژار و نەدار کرد،
جا سەرکەوتوو بوو.
ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە من دەناسێت؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. - 17
- «بەڵام چاو و دڵی تۆ تەنها
لەسەر دەستکەوتی ناڕەوایە،
لەسەر ڕشتنی خوێنی بێتاوانە،
لەسەر ستەم و دەستدرێژییە.» - 18
- لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت:
«بۆی نالاوێننەوە،
”براڕۆ! خوشکەڕۆ!“
بۆی نالاوێننەوە،
”گەورەڕۆ! شکۆی ڕۆ!“ - 19
- بەڵکو وەک گوێدرێژ دەنێژرێت،
ڕادەکێشرێت و فڕێدەدرێت
دوور لە دەروازەکانی ئۆرشەلیم.» - 20
- «ئەی ئۆرشەلیم، بڕۆ سەر لوبنان و هاوار بکە،
با لە باشان دەنگت ببیسترێت،
لە عەڤاریمەوە هاوار بکە،
چونکە هەموو هاوپەیمانەکانت وردوخاش کران. - 21
- لە ئاسوودەییت ئاگادارم کردیتەوە،
بەڵام گوتت: ”گوێ ناگرم.“
لە گەنجییەوە لەمە لێڕاهاتوویت،
کە گوێڕایەڵی من نابیت. - 22
- هەموو شوانەکانت[c] با بەڕێوەیان دەبات و
هاوپەیمانەکانت ڕاپێچ دەکرێن،
ئەوسا ڕیسوا و شەرمەزار دەبیت
لەبەر هەموو خراپەکانت. - 23
- ئەی نیشتەجێی ”لوبنان“[d] ،
ئەی ئەوەی لەناو دار ئورزەکان هێلانەت کردووە،
چەند دەناڵێنیت کە ژان دەتگرێت،
وەک ژنێک کە منداڵی دەبێت!» - 24
- یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، ئەی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، تەنانەت ئەگەر ئەنگوستیلەیەک بیت لە دەستی ڕاستم، لە پەنجەی خۆمت دەکەمەوە و
- 25
- دەتدەمە دەستی ئەوانەی دەیانەوێ لەناوت ببەن، دەستی ئەوانەی تۆ لێیان دەترسیت، نەبوخودنەسری پاشای بابل و بابلییەکان.
- 26
- خۆت و دایکت، ئەوەی تۆی بووە فڕێتاندەدەمە سەر خاکێکی دیکە، کە لەوێ لەدایک نەبوونە، جا لەوێ دەمرن.
- 27
- هەرگیز ناگەڕێنەوە ئەو خاکەی بۆی پەرۆشن.»
- 28
- ئایا ئەم پیاوە، یەهۆیاکین، قاپێکی ڕیسوا و شکاوە؟
ئایا شتێکە کەس نایەوێت؟
بۆچی خۆی و نەوەکانی فڕێدران،
تێهەڵدرانە خاکێک کە نایناسن؟ - 29
- ئەی خاک! ئەی خاک! ئەی خاک!
گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە! - 30
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەم پیاوە بە وەجاخکوێر بنووسن،
پیاوێک کە لە ماوەی ژیانی خۆی سەرکەوتوو نابێت،
کەس لە نەوەی ئەو سەرکەوتوو نابێت،
کەسیان لەسەر تەختی داود دانانیشن و
جارێکی دیکە فەرمانڕەوایەتی یەهودا ناکەن.»
- a. 22:10 مەبەستی لە یۆشیا پاشایە.
- b. 22:11 شەلوم: بە یەهۆئاحازیش ناودەبردرێت.
- c. 22:22 شوانەکانت مەبەست لە ڕابەرەکانە.
- d. 22:23 مەبەستی لە کۆشکی شاهانەی ئۆرشەلیمە. بڕوانە ئایەتی 6، 7، 15، هەروەها یەکەم پاشایان 7:2.