عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- وازهێنانی ئیسرائیل لە خودا
- 1
- فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2
- «بڕۆ و بە ئۆرشەلیمی ڕابگەیەنە با خەڵکەکە بیبیستن، بڵێ:
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”بە یادی خۆمم هێنایەوە، دڵسۆزی کاتی مێردمنداڵیت و
خۆشەویستی کاتی بووکێنیت،
بەدوای مندا ڕۆیشتیت لە چۆڵەوانی،
بە خاکێکدا کە کشتوکاڵی تێدا نەبوو. - 3
- ئیسرائیل بۆ یەزدان پیرۆز بوو،
یەکەمین بەرهەمی بەروبوومەکەیەتی.
هەموو ئەوانەی خواردیان تاوانیان کرد،
بەڵایان بەسەردا هات.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. - 4
- گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب،
ئەی هەموو خێڵەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل، - 5
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«باوباپیرانتان چ کەموکوڕییەکیان لە مندا بینی
کە لێم دوور کەوتنەوە؟
چوون دوای بتی پووچ کەوتن و
خۆیان پووچ کرد. - 6
- پرسیاریان نەکرد: ”کوا یەزدان،
ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێناین،
ئەوەی ئێمەی بەناو چۆڵەوانیدا برد،
بە خاکێکی ڕووتەن و چاڵوچۆڵدا،
بە خاکێکی وشک و سێبەری مەرگ،
بە خاکێکدا کە کەسی پێدا تێنەپەڕیبوو،
کەس لەوێ نیشتەجێ نەببوو؟“ - 7
- ئێوەم هێنایە ناو خاکێکی بەپیت
بۆ ئەوەی بەروبووم و بەرهەمە چاکەکانی بخۆن.
بەڵام هاتن و زەوییەکەی منتان گڵاو کرد،
میراتەکەی منتان قێزەون کرد. - 8
- کاهینەکان پرسیاریان نەکرد:
”کوا یەزدان؟“
ئەوانەی مامۆستای تەوراتن نەیانناسیم،
ڕابەرەکان لێم یاخی بوون،
پێغەمبەرەکان بەهۆی بەعلەوە پێشبینییان کرد،
دوای بتی پووچ کەوتن.» - 9
- یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە دیسان دادگاییتان دەکەم،
منداڵی منداڵیشتان پەلکێشی دادگا دەکەم. - 10
- لە کەنارەکانی کیتیم[a] بپەڕنەوە و ببینن،
بنێرن بۆ قێدار[b] و بە وردی سەرنج بدەن،
ببینن ئاخۆ شتی وەک ئەمە بووە؟ - 11
- ئایا هیچ نەتەوەیەک خوداوەندەکانی خۆی گۆڕیوە؟
هەرچەندە خودا نین.
بەڵام گەلەکەی من خودای شکۆمەندیان گۆڕییەوە
بە بتی پووچ. - 12
- ئەی ئاسمان، لەبەر ئەمە واقت وڕبمێنێت،
موچڕکەت پێدابێت و زۆر سەرسام بە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. - 13
- «گەلەکەم دوو خراپەی کردووە:
وازیان لە من هێنا،
من کە کانی ئاوی ژیانم،
هەروەها ئەمباراویان بۆ خۆیان هەڵکەند،
ئەمباراوی شکاو کە ئاو ڕاناگرێت. - 14
- ئایا ئیسرائیل کۆیلەیە؟ یان کوڕی کۆیلەی لەدایک بووی ماڵە؟
بۆچی بوو بە تاڵانی؟ - 15
- بەچکە شێران بەسەریدا نەڕاندیان،
دەنگیان هات،
خاکەکەیان وێران کردووە،
شارۆچکەکانی سووتاون، بێ دانیشتووانن. - 16
- هەروەها نەوەی مەمفیس و تەحپەنحێس
تەپڵی سەری تۆیان تراشیووە. - 17
- ئایا تۆ ئەمەت بە خۆت نەکرد،
کە وازت لە یەزدانی پەروەردگارت هێنا
کاتێک بە ڕێگادا دەیبردیت؟ - 18
- ئێستا بۆچی دەچیتە میسر
بۆ خواردنەوەی ئاوی نیل؟
ئێستا بۆچی دەچیتە ئاشور
بۆ خواردنەوەی ئاوی ڕووباری فورات؟ - 19
- خراپەی خۆت تەمبێت دەکات و
هەڵگەڕانەوەت سەرزەنشتت دەکات.
جا بزانە و ببینە کە بۆتان خراپ و تاڵە،
کاتێک واز لە یەزدانی پەروەردگارت دەهێنیت و
ترسی منت لە دڵدا نییە،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار. - 20
- «تۆ لە کۆنەوە نیری[c] خۆتت شکاندووە،
کۆتەکانت پساندووە،
گوتت: ”تۆ ناپەرستم!“
تۆ بە ڕاستی لەسەر هەموو گردێکی بەرز و
لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا
وەک لەشفرۆشێک ڕاکشایت. - 21
- من وەک شامێوێک
لە نایابترین جۆر تۆم چاند،
ئیتر چۆن لێم گۆڕایت،
گۆڕایت بۆ زڕمێو؟ - 22
- هەرچەندە بە سۆدەش خۆت بشۆیت،
زیاد سابوونیش لە خۆت بدەیت،
هێشتا لەکەی تاوانەکەت لەبەردەممە.»
ئەمە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. - 23
- «ئیتر چۆن دەڵێیت: ”گڵاو نەبووم،
دوای بەعلەکان نەکەوتووم؟“
تەماشای ڕێگاکەی خۆت بکە لە دۆڵەکە،
بزانە چیت کردووە.
تۆ وەک وشترە سووکەکەی کە لە ڕۆیشتندا بەلادادێی، - 24
- وەک کەرەکێوییەکەی کە فێری چۆڵەوانیت،
لەتاو هەوەسی با هەڵدەمژێت،
لە کاتی بەتەڵەب هاتنی کێ دەیگێڕێتەوە؟
هەموو ئەوانەی داوای دەکەن
بەبێ ماندووبوون لە کاتی زاوزێ دەیدۆزنەوە. - 25
- ئەوەندە مەگەڕێ تاوەکو ئەوەی پێیەکانت ڕووت بێتەوە و
گەرووت وشک بێت.
بەڵام گوتت: ”بێهوودەیە!
نا! چونکە خوداوەندە بێگانەکانم خۆشویستووە،
دوای ئەوان دەکەوم.“ - 26
- «وەک شەرمەزاری دز کە دەگیرێت،
ئاوا بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاربوون،
خۆیان و پاشا و میر و
کاهین و پێغەمبەرەکانیان. - 27
- هەریەکەیان بە دار دەڵێت: ”تۆ باوکی منیت“ و
بە بەرد: ”تۆ منت بووە.“
پشتیان تێ کردم
نەک ڕوو،
بەڵام لە کاتی بەڵایاندا دەڵێن:
”هەستە و ڕزگارمان بکە!“ - 28
- ئیتر کوا خوداوەندەکانت کە بۆ خۆت دروستت کردن؟
با هەستن، ئەگەر لە کاتی بەڵادا دەتوانن ڕزگارت بکەن!
ئەی یەهودا،
خوداوەندەکانت بەقەد ژمارەی شارۆچکەکانتن.» - 29
- یەزدان دەفەرموێت: «بۆچی سکاڵام لێ دەکەن؟
هەمووتان لێم یاخی بوون، - 30
- بەخۆڕایی سزای منداڵەکانتانم دا،
تەمبێکردنیان وەرنەگرت،
شمشێرەکانتان پێغەمبەرەکانتانی خوارد،
وەک شێرێکی لەناوبەر. - 31
- «ئەی نەوە، ئێوە ئاگاداری فەرمایشتی یەزدان بن:
«ئایا بۆ ئیسرائیل بووم بە چۆڵەوانی،
یان خاکی تاریک و تنۆک؟
بۆچی گەلەکەم دەڵێن: ”بەڕەڵا بووین،
ئیتر بۆ لات نایەینەوە؟“ - 32
- ئایا کچ خشڵی خۆی لەبیر دەکات،
یان بووک جلی بووکێنی؟
بەڵام گەلەکەی خۆم ڕۆژانێکی بێشومار
منیان لەبیر کرد. - 33
- تۆ چەند لێزانیت لە گەڕان بەدوای خۆشەویستیدا!
تەنانەت سۆزانییەکانیشت فێری ڕێگای خۆت کرد. - 34
- هەروەها بە جلەکانتەوە دەبینرێت،
خوێنی گیانی نەدارە بێتاوانەکان،
هەرچەندە ئەوانت لە کاتی دیواربڕیندا نەگرت.
بەڵام لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە - 35
- دەڵێیت: ”من بێتاوانم،
خودا لە من تووڕە نییە.“
بەڵام دادگاییت دەکەم،
چونکە گوتت: ”گوناهم نەکرد.“ - 36
- بۆچی زۆر دەگەڕێیت
بۆ گۆڕینی ڕێگاکانت؟
هەروەها لە میسریش شەرمەزار دەبیت،
وەک چۆن لە ئاشور شەرمەزار بوویت. - 37
- هەروەها میسر بەجێدەهێڵیت و
وەک دیل دەستەکانت بەسەر سەرتەوە[d] دەبن،
چونکە ئەوانەی تۆ پشتیان پێ دەبەستیت یەزدان ڕەتیکردنەوە،
بەوان سەرکەوتوو نابیت.»
- a. 2:10 قوبرس و کەنارەکانی ڕۆژئاوای.
- b. 2:10 ناوچەی هۆزەکانی بەدوو لە بیابانی عەرەبستان و سوریا.
- c. 2:20 مەبەستی لە ڕەتکردنەوەی ڕێنمایی و دەسەڵاتی خودایە.
- d. 2:37 نیشانەی شەرمەزاری.