عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- خودا و بتەکان
- 1
- ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن یەزدان چی بە ئێوە دەفەرموێت.
- 2
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئێوە نەریتی نەتەوەکان فێر مەبن و
لە نیشانەکانی ئاسمان مەتۆقن،
هەرچەندە نەتەوەکان لەم شتانە دەتۆقن. - 3
- نەریتی نەتەوەکان مایەپووچە:
درەختی بڕاوەی دارستانن،
دارتاش بە ئەسکەنە دروستیان دەکات، - 4
- بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و
بە مێخ و چەکوش توندیان دەکەن
بۆ ئەوەی نەلەقن. - 5
- وەک داوەڵی[a] لە بێستانی خەیاردان،
بتەکانیان قسە ناکەن،
بە هەڵگرتن هەڵدەگیرێن،
چونکە هەنگاو نانێن،
لێیان مەترسن، چونکە زیانبەخش نین،
هەروەها ناتوانن هیچ سوودێک بگەیەنن.» - 6
- ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە،
تۆ مەزنیت،
لە پاڵەوانیێتی ناوت گەورەیە. - 7
- کێ لێت ناترسێت،
ئەی پاشای نەتەوەکان؟
چونکە لە تۆ دەوەشێتەوە.
لەناو هەموو دانایانی نەتەوەکان و
لە هەموو شانشینەکانیان،
کەس هاوتای تۆ نییە. - 8
- تێکڕا دەبەنگ و گێل بوون،
شتی پووچ لە بتی دارین فێر دەبن. - 9
- زیوی کوتراوە لە تەرشیشەوە دەهێنن و
زێڕ لە ئوفازەوە.
دەستکردی پیشەوەرە و دەستی زێڕنگەرە،
بەرگیان مۆر و ئەرخەوانییە،
هەمووی دەستکردی وەستایانن. - 10
- بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە،
ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە،
زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و
نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن. - 11
- «ئاوایان پێ دەڵێن: ”ئەو خوداوەندانەی ئاسمان و زەوییان دروستنەکردووە، لەسەر زەوی و لەژێر ئەم ئاسمانە لەناودەچن.“»
- 12
- بەڵام یەزدان بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە،
بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە،
بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە. - 13
- کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت،
هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە،
بروسکە بۆ باران دروستدەکات،
با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت. - 14
- هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە،
هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی[b] شەرمەزارە،
چونکە داڕێژراوی درۆن و
ڕۆحیان تێدا نییە. - 15
- ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین،
لە کاتی سزادانیان لەناودەچن. - 16
- بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە،
چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە،
ئیسرائیل هۆزی میراتی ئەویشی داناوە،
یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە. - هاتنی وێرانی
- 17
- لەم خاکە بوخچەکەت بپێچەوە،
ئەی دانیشتووی ژێر ئابڵوقە! - 18
- لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەم جارە دانیشتووانی ئەم خاکە
دەردەکەمە دەرەوە،
تەنگیان پێ هەڵدەچنم هەتا ئەوەی هەستی پێدەکەن.» - 19
- وەی لە حاڵم لەبەر وردوخاشبوونم!
برینەکەم بێ چارەیە!
بەڵام بە خۆمم گوت: «بێگومان ئەمە دەردی منە و
دەبێ بەرگەی بگرم.» - 20
- چادرەکەم تێکدراوە،
هەموو گوریسەکانی پساون.
کوڕەکانم بەجێیان هێشتووم و نەماون،
ئیتر کەس نییە بۆ ئەوەی چادرەکەم هەڵبدات و
پڵاسەکانی چادرەکەم ڕابگرێت. - 21
- شوانەکان دەبەنگ بوون و
داوای یەزدانیان نەکرد،
لەبەر ئەوە سەرنەکەوتن و
هەموو مێگەلەکەیان پەرتەوازە بوو. - 22
- گوێ بگرن! دەنگی هەواڵ دێت،
هەراوهۆریای گەورە لە خاکی باکوورەوە،
تاوەکو شارۆچکەکانی یەهودا وێران بکرێن،
بکرێنە داڵدەی چەقەڵ. - نزاکردنی یەرمیا
- 23
- ئەی یەزدان، زانیم کە مرۆڤ خاوەنی ڕێگای خۆی نییە،
کەس ناتوانێت ڕێڕەوەکانی خۆی ئاراستە بکات. - 24
- ئەی یەزدان، تەمبێم بکە،
بەڵام بە دادپەروەری، نەک بە تووڕەییت،
نەوەک لەناوم ببەیت. - 25
- تووڕەییت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە
کە دانت پێدا نانێن و
بەسەر ئەو گەلانەی کە بە ناوی تۆوە نزا ناکەن،
چونکە یاقوبیان خوارد،
بە تەواوی خواردیان و
نشینگەکەیان وێران کرد.
- a. 10:5 لە دار و پەڕۆ لە شێوەی مرۆڤ دروستدەکرێت بۆ ڕەوینەوەی پەلەوەر، بۆ ئەوەی زیان بە کێڵگە نەگەیەنن.
- b. 10:14 تاشینی پەیکەر، بە مەبەستی پەرستن وەک بت.