عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- زەڤەح و زەلموناعی پاشایانی میدیان
- 1
- ئینجا پیاوانی ئەفرایم بە گدعۆنیان گوت: «ئەو کارە چی بوو بە ئێمەت کرد، بۆچی کە چوویت بۆ شەڕکردن لەگەڵ میدیانییەکان ئێمەت بانگ نەکرد؟» هەروەها ڕەخنەی توندیان لێ گرت.
- 2
- ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەوەی من کردوومە چییە لەچاو ئەوەی ئێوە کردووتانە؟ ئایا چنینەوەی[a] ترێی ئەفرایم لە ترێ ڕنینەوەی ئەبیعەزەر باشتر نییە؟
- 3
- خودا عۆرێڤ و زئێڤی هەردوو سەرکردەی میدیانییەکانی خستە ژێر دەستتانەوە. من توانیومە چی بکەم لەچاو ئێوەدا؟» جا لەو کاتەدا کە ئەم قسەیەی کرد، تووڕەییان بەرامبەری خاو بووەوە.
- 4
- ئینجا گدعۆن هات بۆ ڕووباری ئوردون و خۆی و سێ سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون پەڕینەوە، ماندوو بوون بەڵام بەردەوام بوون لە ڕاونانیان.
- 5
- گدعۆن بە خەڵکی سوکۆتی گوت: «نان بدەن بەو جەنگاوەرانەی لەگەڵمدان، چونکە ماندوون و من بەردەوام بەدوای زەڤەح و زەلموناعی هەردوو پاشای میدیان کەوتووم.»
- 6
- بەڵام کاربەدەستەکانی سوکۆت گوتیان: «ئایا ئێستا دەستی زەڤەح و زەلموناع لە دەستتە تاوەکو نان بدەینە سەربازەکانت؟»
- 7
- گدعۆنیش گوتی: «بۆیە کاتێک یەزدان زەڤەح و زەلموناع دەخاتە ژێر دەستم، لەشتان بە دڕکوداڵی دەشتودەر زامدار دەکەم.»
- 8
- لەوێشەوە سەرکەوت بۆ پەنیێل و هەمان داواکاری لێکردن. خەڵکی پەنیێلیش وەکو خەڵکی سوکۆت وەڵامیان دایەوە.
- 9
- هەروەها بە خەڵکی پەنیێلی گوت: «کاتێک بە سەرکەوتوویی دەگەڕێمەوە ئەم قوللەیە دەڕووخێنم.»
- 10
- زەڤەح و زەلموناعیش لە قەرقۆر بوون و سوپاکانیان لەگەڵیان بوون، کە نزیکەی پازدە هەزار بوون، هەموو ئەوانەی مابوونەوە لە هەموو سوپاکەی کوڕانی ڕۆژهەڵات بوون، ئەوانەش کە کەوتن سەد و بیست هەزار پیاوی شمشێر بەدەست بوون.
- 11
- ئیتر گدعۆن لە ڕێگای چادرنشینەکانەوە سەرکەوت، لە ڕۆژهەڵاتی نۆڤەح و یۆگبەهایەوە و لە سوپاکەی دا و سوپاکەش لەو کاتەدا ئاگادار نەبوون.
- 12
- جا زەڤەح و زەلموناع هەڵاتن و ئەویش دوایان کەوت و هەردوو پاشای میدیان زەڤەح و زەلموناعی گرت و هەموو سوپاکەی تەفروتونا کرد.
- 13
- ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش بەلای ڕێگای هەورازی حەرەس لە جەنگ گەڕایەوە.
- 14
- گەنجێکی لە خەڵکی سوکۆت گرت و پرسیاری لێکرد، ئەویش ناوی کاربەدەستەکانی سوکۆت و پیرەکانی بۆ نووسی کە حەفتا و حەوت پیاو بوون.
- 15
- ئینجا گدعۆن هات بۆ لای خەڵکی سوکۆت و گوتی: «ئەوەتا زەڤەح و زەلموناع کە گاڵتەتان پێکردم و گوتتان: ”ئایا دەستی زەڤەح و زەلموناع ئێستا بە دەستتەوەیە هەتا نان بدەینە پیاوە ماندووەکانت؟“»
- 16
- جا پیرەکانی شارۆچکەکەی برد و بە دڕکوداڵی دەشتودەر سزای دان و کردنی بە پەند بۆ خەڵکی سوکۆت.
- 17
- هەروەها قوللەی پەنیێلی ڕووخاند و پیاوەکانی شارۆچکەکەی کوشت.
- 18
- بە زەڤەح و زەلموناعی گوت: «ئەو پیاوانەی کە لە تاڤۆر کوشتتان چۆن بوون؟»
ئەوانیش گوتیان: «لە تۆ دەچوون، هەریەکەیان وەک شازادەیەک بوو.» - 19
- گدعۆنیش گوتی: «ئەوان برای منن و کوڕی دایکمن. بە یەزدانی زیندوو، ئەگەر ئێوە بە زیندوویی بتانهێشبوونایەوە نەمدەکوشتن!»
- 20
- ئینجا بە یەتەری نۆبەرەی کوڕی گوت: «هەستە بیانکوژە!» بەڵام یەتەر شمشێرەکەی ڕانەکێشا، چونکە ترسا، لەبەر ئەوەی هێشتا مێردمنداڵ بوو.
- 21
- زەڤەح و زەلموناعیش گوتیان: «تۆ هەستە و بمانکوژە، چونکە ”پیاو چۆن بێت هێزیشی وایە.“» گدعۆنیش هەستا و زەڤەح و زەلموناعی کوشت و ئەو هیزارەی[b] بە ملی وشترەکانیانەوە بوو بردی.
- ئێفۆدی گدعۆن
- 22
- ئیتر پیاوانی ئیسرائیل بە گدعۆنیان گوت: «فەرمانڕەوایەتیمان بکە، خۆت و کوڕەکەت و کوڕی کوڕەکەشت، چونکە ڕزگارت کردین لە دەستی میدیان.»
- 23
- بەڵام گدعۆن پێی گوتن: «من فەرمانڕەوایەتیتان ناکەم و کوڕەکەشم فەرمانڕەوایەتیتان ناکات. یەزدان فەرمانڕەوایەتیتان دەکات.»
- 24
- ئینجا گدعۆن پێی گوتن: «داوای شتێکتان لێ دەکەم، هەریەکەتان ئەو گوارانەی دەستیکەوتووە بمداتێ.» بەگوێرەی نەریتی ئیسماعیلییەکان، گوارەی زێڕیان لە گوێ کردبوو.
- 25
- ئەوانیش گوتیان: «بە خۆشحاڵییەوە.» ئینجا جبەیەکیان ڕاخست و هەریەکە و ئەو گوارانەی دەستی کەوتبوو فڕێیدایە سەری.
- 26
- کێشی ئەو گوارە زێڕانەی کە داوای کرد هەزار و حەوت سەد شاقل[c] بوو، ئەمە بێجگە لە هیزارەکان کە لەسەر شێوەی مانگی نوێ بوون، هەروەها بازن و جبە و عەبای ئەرخەوانی کە لەبەر پاشایانی میدیان بوو، هەروەها بێجگە لەو ملوانکانەی کە لە ملی وشترەکانیان بوو.
- 27
- جا گدعۆن ئێفۆدێکی لێ دروستکردن و لە عۆفرا داینا کە شارۆچکەکەی خۆی بوو. هەموو ئیسرائیلیش بەدوایەوە لەوێ لەشفرۆشییان کرد، ئیتر ئەوە تەڵەیەک بوو بۆ گدعۆن و ماڵەکەی.
- مردنی گدعۆن
- 28
- میدیانیش لەبەردەم کوڕانی ئیسرائیلدا زەلیل بوون و ئیتر سەریان بەرز نەکردەوە. خاکەکەش لە سەردەمی گدعۆندا چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
- 29
- جا یەروبەعلی[d] کوڕی یۆئاش ڕۆیشت و لە ماڵی خۆی دانیشت.
- 30
- گدعۆن حەفتا کوڕی لە پشتی خۆی هەبوو، چونکە ژنی زۆربوو.
- 31
- هەروەها کەنیزەکەشی کە لە شەخەم بوو، ئەویش کوڕێکی بۆی بوو، ناوی لێنا ئەبیمەلەخ.
- 32
- ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە گۆڕی یۆئاشی باوکی لە عۆفرای ئەبیعەزەرییەکاندا نێژرا.
- 33
- هەر لەدوای مردنی گدعۆن نەوەی ئیسرائیل دیسان بەدوای بەعلەکانەوە لەشفرۆشییان کرد و بەعلبەریتیان[e] بە خودای خۆیان دانا.
- 34
- نەوەی ئیسرائیل یەزدانی پەروەردگاری خۆیان بیر نەکەوتەوە، ئەوەی دەربازی کردن لە دەستی هەموو دوژمنەکانی دەوروبەریان.
- 35
- هەروەها لەگەڵ ماڵی یەروبەعل، واتا گدعۆن، دڵسۆز نەبوون بەرامبەر بە هەموو ئەو چاکانەی کە لەگەڵ ئیسرائیل کردی.
- a. 8:2 کۆکردنەوەی پاشماوەی ڕنراوەکان.
- b. 8:21 هیزار: ئەو ملوانکە و جوانکاریانەیە بە گەردنی ئاژەڵەوە هەڵدەواسرێت، بریتی بووە لە ملوانکە و زەنگوڵی شێوە مانگی کراوە.
- c. 8:26 هەزار و حەوت سەد شاقل: نزیکەی 19,5 کیلۆگرام.
- d. 8:29 یەروبەعل: مەبەست لە گدعۆن، لێرە و لە ئایەتی 35.
- e. 8:33 واتا خوداوەندی پەیمان یان مێردی پەیمان.