عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- گدعۆن
- 1
- نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد، یەزدانیش حەوت ساڵ ژێر دەستەی میدیانییەکانی کردن.
- 2
- جا دەسەڵاتی مییدیانییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوو، لەبەر میدیانییەکان نەوەی ئیسرائیل بۆ خۆیان پەناگایان لەناو کونە شاخ و ئەشکەوت و قەڵای چیاکان دروستکرد.
- 3
- هەر جارێک ئیسرائیلییەکان تۆویان دەچاند میدیانییەکان بۆیان سەردەکەوتن و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات دەهاتنە سەریان.
- 4
- لە دژیان چادریان هەڵدەدا و بەروبوومی زەوی و زاریان لەناو دەبرد تاکو دەگەیشتنە غەزە، هیچ شتێکی زیندوویان بۆ نەوەی ئیسرائیل نەدەهێشت[a] ، نە لە مەڕ و نە لە مانگا و نە لە گوێدرێژ.
- 5
- لەبەر ئەوەی کە سەردەکەوتن بە ئاژەڵی ماڵی و چادرەکانیانەوە دەهاتن و وەک کۆمەڵە کوللە لە زۆریدا، خۆیان و وشترەکانیان بێشومار بوون، دەچوونە ناو خاکەکەوە بۆ ئەوەی وێرانی بکەن.
- 6
- ئیتر ئیسرائیلییەکان بەدەست میدیانییەکانەوە زۆر هەژار بوون و نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد.
- 7
- کاتێک نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد بەهۆی میدیانییەکانەوە،
- 8
- یەزدان پێغەمبەرێکی بۆ نەوەی ئیسرائیل نارد، ئەوەی پێ گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لە میسرەوە سەرم خستن و لە خاکی کۆیلایەتی دەرمهێنان و
- 9
- لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەوانەی دەیانچەوساندنەوە دەربازم کردن، لەبەردەمتاندا دەرمکردن و خاکەکەیانم پێدان.
- 10
- پێم فەرموون: ”من یەزدانی پەروەردگاری ئێوەم. خوداوەندەکانی ئەمۆرییەکان مەپەرستن، ئەوانەی ئێوە لە خاکیاندا نیشتەجێن،“ بەڵام گوێتان لێ نەگرتم.»
- 11
- ئینجا فریشتەی یەزدان هات و لەژێر دار بەڕووەکەی عۆفرا کە هی یۆئاشی ئەبیعەزەری بوو دانیشت. گدعۆنی کوڕی یۆئاشیش لە گوشەرەکە گەنمی دەکوتا بۆ ئەوەی لە میدیانییەکانی بشارێتەوە.
- 12
- جا فریشتەی یەزدان بۆ گدعۆن دەرکەوت و پێی فەرموو: «ئەی جەنگاوەری بەهێز، یەزدانت لەگەڵە.»
- 13
- گدعۆنیش پێی گوت: «گەورەم لێت دەپرسم، ئەگەر یەزدان لەگەڵماندایە، ئەی بۆچی ئەم هەموو کارەساتەمان بەسەرهات؟ کوا هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە باوکانمان پێیان ڕاگەیاندین و گوتیان: ”ئایا یەزدان نەبوو لە میسرەوە دەریهێناین؟“ ئێستاش یەزدان وازی لێ هێناوین و ژێردەستەی میدیانی کردووین.»
- 14
- ئینجا یەزدان ئاوڕی لێدایەوە و گوتی: «بەم توانایەتەوە بڕۆ و ئیسرائیل لە دەستی میدیان ڕزگار بکە. من تۆ دەنێرم.»
- 15
- گدعۆنیش لێی پرسی: «ئای گەورەم! ئیسرائیل بە چی ڕزگار بکەم؟ ئەوەتا خێڵەکەم بێهێزترین خێڵی مەنەشەیە و منیش لە ماڵی باوکم لە هەموویان بچووکترم.»
- 16
- یەزدانیش وەڵامی دایەوە: «من لەگەڵت دەبم و لە هەموو میدیانییەکان دەدەی وەک ئەوەی لە تەنها پیاوێک بدەی.»
- 17
- گدعۆنیش پێی گوت: «ئەگەر جێی ڕەزامەندی تۆم، نیشانەیەکم بدەرێ کە تۆ خۆتی قسەم لەگەڵ دەکەیت.
- 18
- تکایە ئێرە بەجێمەهێڵە هەتا دێمەوە بۆ لات و پێشکەشکراوەکەم دەردەهێنم و لەبەردەمتدا دای دەنێم.»
یەزدانیش فەرمووی: «دەمێنمەوە هەتا دەگەڕێیتەوە.» - 19
- گدعۆنیش چووە ژوورەوە و کارەبزنێکی سەربڕی و ئامادەی کرد لەگەڵ ئێفەیەک ئارد[b] کە نانی فەتیرەی لێ دروستکرد. گۆشتەکەی لەناو سەبەتەیەک دانا و گۆشتاوەکەشی[c] کردە مەنجەڵێکەوە و بردیە دەرەوە بۆی بۆ ژێر دار بەڕووەکە و پێشکەشی کرد.
- 20
- فریشتەی خوداش پێی فەرموو: «گۆشت و نانە فەتیرەکە ببە و لەسەر ئەو تاتەبەردە دایانبنێ و گۆشتاوەکە بڕێژە.» گدعۆنیش بەم جۆرەی کرد.
- 21
- ئینجا فریشتەکەی یەزدان سەری گۆچانەکەی کە بە دەستیەوە بوو درێژی کرد و لە گۆشت و نانە فەتیرەکەی دا و ئاگرێک لە بەردەکەوە بەرزبووەوە و گۆشت و نانە فەتیرەکەی خوارد. ئینجا فریشتەکەی یەزدان لەبەرچاوی نەما.
- 22
- ئیتر گدعۆن زانی کە فریشتەی یەزدان بوو، بۆیە گوتی: «ئای ئەی یەزدانی باڵادەست! من فریشتەی یەزدانم ڕووبەڕوو بینی.»
- 23
- یەزدانیش پێی فەرموو: «ئاشتی بۆ تۆ، مەترسە، نامریت.»
- 24
- ئیتر گدعۆن لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاشتییە.» هەتا ئەمڕۆ لە عۆفرای ئەبیعەزەرییەکانە.
- 25
- ئینجا لەو شەوەدا یەزدان پێی فەرموو: «دووەمین گای باوکت کە حەوت ساڵانە، بیبە بۆ قوربانگاکەی بەعل کە هی باوکتە، قوربانگاکە تێکبدە و ئەو ستوونە ئەشێرایەی[d] لەتەنیشتییەتی بیبڕەوە.
- 26
- ئینجا قوربانگایەک بۆ یەزدانی پەروەردگارت لەسەر ئەو قەڵا بەرزە بە ڕێکوپێکی دروستبکە و دووەمین گا سەربخە و بیکە قوربانی سووتاندن لەسەر تەختە دارەکانی ئەو ستوونە ئەشێرایەی کە دەیبڕیتەوە.»
- 27
- گدعۆنیش دە پیاوی لە خزمەتکارەکانی برد و ئەوەی کرد کە یەزدان پێی گوت. لەبەر ئەوەی لە ماڵی باوکی و خەڵکی شارۆچکەکە دەترسا ئەو کارە بە ڕۆژ ئەنجام بدات، بۆیە بە شەو کردی.
- 28
- بۆ سبەینێ خەڵکی شارۆچکەکە هەستان و بینییان قوربانگاکەی بەعل ڕووخێنراوە و ستوونە ئەشێراکەی تەنیشتی بڕاوەتەوە، دووەمین گا کراوە بە قوربانی لەسەر قوربانگاکەی کە تازە دروستکرابوو.
- 29
- ئیتر بە یەکتریان دەگوت: «کێ ئەمەی کردووە؟»
دوای پرسیارکردن و گەڕان، گوتیان «گدعۆنی کوڕی یۆئاش ئەمەی کردووە.» - 30
- جا خەڵکی شارۆچکەکە بە یۆئاشیان گوت: «کوڕەکەت بهێنە دەرەوە، دەبێت بکوژرێت، چونکە قوربانگاکەی بەعلی ڕووخاندووە و ستوونە ئەشێراکەی تەنیشتی بڕیوەتەوە.»
- 31
- بەڵام یۆئاش بە هەموو ئەوانەی گوت کە لێی هەستابوون: «ئایا ئێوە داکۆکی لە بەعل دەکەن، یان ڕزگاری دەکەن؟ ئەوەی داکۆکی لە بەعل بکات لەم بەیانییەدا دەکوژرێت! ئەگەر بەڕاستی خودایە با خۆی داکۆکی لە خۆی بکات، چونکە قوربانگاکەی ڕووخێنراوە.»
- 32
- ئیتر لەو ڕۆژەدا گدعۆنیان ناو نا یەروبەعل[e] و گوتیان: «با بەعل لە دژی شەڕ بکات،» چونکە قوربانگاکەی ڕووخاندووە.
- 33
- ئینجا هەموو میدیانییەکان و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات پێکەوە کۆبوونەوە و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و لە دۆڵی یەزرەعیل چادریان هەڵدا.
- 34
- ڕۆحی یەزدان هاتە سەر گدعۆن و کەڕەنای لێدا و ئەبیعەزەرییەکان شوێنی کەوتن.
- 35
- ئینجا نێردراوی نارد بۆ هەموو مەنەشە و ئەوانیش بە دەنگییەوە هاتن، هەروەها نێردراوی نارد بۆ ئاشێر و زەبولون و نەفتالی، ئەوانیش سەرکەوتن بۆ ئەوەی پێیان بگەن.
- 36
- ئینجا گدعۆن بە خودای گوت: «ئەگەر بە دەستی من ئیسرائیل ڕزگار دەکەیت وەک فەرمووت،
- 37
- ئەوەتا من کەوڵی مەڕ لەسەر جۆخینەکە[f] دادەنێم، جا ئەگەر تەنها کەوڵەکە شەونمی لەسەر بوو و زەوی هەمووی وشک بوو، ئەوا دەزانم کە تۆ بە دەستی من ئیسرائیل ڕزگار دەکەیت وەک گوتت.»
- 38
- ئیتر ئاوا بوو. بەیانی گدعۆن زوو هەستا و کەوڵەکەی گوشی و پڕ تەشتێک شەونمی لە کەوڵەکە گوشی.
- 39
- ئینجا گدعۆن بە خودای گوت: «لێم تووڕە مەبە هەر ئەم جارە داوا دەکەم. تەنها ئەم جارە بە کەوڵەکە تاقی دەکەمەوە. با بەس کەوڵەکە وشک بێت و لەسەر هەموو زەوی شەونمی لێ بێت.»
- 40
- خوداش لەو شەوەدا بەم جۆرەی کرد. بە تەنها کەوڵەکە وشک بوو و لەسەر هەموو زەوییەکە شەونم هەبوو.
- a. 6:4 هیچ شتێکی زیندوو: بڕوانە دواوتار 28:31.
- b. 6:19 نزیکەی شازدە کیلۆ.
- c. 6:19 گۆشتاو: چەلاو.
- d. 6:25 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11:5.
- e. 6:32
q یەروبەعل بە واتای (با بەعل بجەنگێت) دێت. - f. 6:37 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.