عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- بتەکانی میخا
- 1
- پیاوێک هەبوو لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بە ناوی میخا،
- 2
- بە دایکی گوت: «ئەو هەزار و سەد شاقل[a] زیوەی لە تۆ دزرا و منیش گوێم لێبوو نەفرەتت لە دزەکەی کرد، ئەوەتا زیوەکە لەلای منە و من بردم.»
دایکیشی گوتی: «یەزدان بەرەکەتدارت بکات کوڕم!» - 3
- کاتێک هەزار و سەد شاقل زیوەکەی بۆ دایکی گەڕاندەوە، دایکی گوتی: «بە دەستی خودی خۆم زیوەکەم بۆ یەزدان تەرخان کردووە لە پێناوی کوڕەکەم، بۆ دروستکردنی پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراو. ئێستاش دەیگەڕێنمەوە بۆت.»
- 4
- جا کاتێک زیوەکەی گەڕاندەوە بۆ دایکی، دایکیشی دوو سەد شاقل زیوی[b] برد و دای بە زیوگەرێک، ئەویش پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراوی لێ دروستکردن و هەردووکیان لە ماڵی میخادا بوون.
- 5
- جا میخا بتخانەی هەبوو، ئێفۆد[c] و بتی[d] دروستکرد و ئەرکی بە یەکێک لە کوڕەکانی سپارد و کردی بە کاهین بۆ خۆی.
- 6
- لەو سەردەمەشدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو، هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.
- 7
- گەنجێک لە بێتلەحمی یەهودا هەبوو لەناو هۆزی یەهودا، خۆی لێڤی بوو و لەوێ نیشتەجێ بوو.
- 8
- لە شارۆچکەکەوە لە بێتلەحمی یەهوداوە ڕۆیشت هەتا لە هەرکوێیەک بۆی ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بێت. کاتێک بەڕێوە بوو، هات بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا.
- 9
- میخاش پێی گوت: «لەکوێوە هاتوویت؟»
ئەویش گوتی: «من لێڤیم و خەڵکی بێتلەحمی یەهودام و دەڕۆم بۆ ئەوەی لە هەرکوێیەک بۆم ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بم.» - 10
- میخاش پێی گوت: «لەلای من بمێنەوە و ببە بە باوک و کاهینم، لە ساڵێکدا دە شاقل[e] زیو و دەستێک جل و خواردنت دەدەمێ.» جا لێڤییەکەش لەگەڵی چوو و
- 11
- ڕازی بوو لەگەڵ پیاوەکە بمێنێتەوە، گەنجەکە بۆی بووە یەکێکی وەک کوڕەکانی.
- 12
- ئینجا میخا لێڤییەکەی دامەزراند و گەنجەکە بووە کاهینی و لەناو ماڵەکەی ژیا.
- 13
- جا میخا گوتی: «ئێستا زانیم یەزدان چاکەم لەگەڵدا دەکات، چونکە لێڤییەکە بووە بە کاهینم.»
- a. 17:2 نزیکەی 13 کیلۆگرام.
- b. 17:4 نزیکەی 2,3 کیلۆگرام.
- c. 17:5 ئێفۆد: جلوبەرگێک بووە کە هێمای نوێنەرایەتی کاهین بوو بۆ گەلی خودا. بڕوانە دەرچوون 28:12.
- d. 17:5 لە زمانی عیبری ئەم وشەیە مەبەستی لە جۆرێک بت بووە لەناو ماڵەوە، لە شێوەی مرۆڤ بووە.
- e. 17:10 نزیکەی 110 گرام.