عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ئیشایا و منداڵان وەک نیشانە و هێما
- 1
- یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە: ”مەهێر شالال حاش بەز.[a] “»
- 2
- هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا.
- 3
- لە پێغەمبەرە ژن[b] نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز،
- 4
- چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“ سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.»
- 5
- ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی:
- 6
- «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە
ئاوی هێمنی شیلۆوەحی[c] ڕەتکردەوە،
دڵخۆش بوو بە ڕەچین و
کوڕەکەی ڕەمەلیاهو، - 7
- لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە
ئاوی ڕووبارە[d] بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت،
مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی.
جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و
بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات، - 8
- بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و
تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن،
لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە،
ئەی ئیمانوێل!» - 9
- ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە!
ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن:
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە! - 10
- ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت،
قسە بکەن، سەرناگرێت،
چونکە خودا لەگەڵمانە.[e] - 11
- یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم:
- 12
- «مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“
بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی،
مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن،
مەتۆقە. - 13
- تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و
دەبێ لەو بترسی،
لەو بتۆقی. - 14
- ئەو دەبێتە پیرۆزگا،
بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل
دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.
بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم
دەبێت بە تەڵە و داو. - 15
- زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون،
دەکەون و تێکدەشکێن،
بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.» - 16
- ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە،
فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە. - 17
- چاوەڕێی یەزدان دەکەم،
ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە،
من پشت بەو دەبەستم. - 18
- ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە یەزدان پێیداوم، لەناو ئیسرائیلدا وەک نیشانە و هێمای یەزدانی سوپاسالارین کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە.
- تاریکی دەبێتە ڕووناکی
- 19
- کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان[f] و ڕۆح ئامادەکاران[g] بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“ پێیان بڵێ: ”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“
- 20
- بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت.
- 21
- بە سەختی و برسیێتییەوە پێیدا تێدەپەڕن، کاتێک برسی دەبن و قینیان هەڵدەستێت نەفرەت لە پاشای خۆیان و خودای خۆیان دەکەن و سەر هەڵدەبڕن.
- 22
- ئینجا تەماشای زەوی دەکەن، ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن، فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.»
- a. 8:1 مەهێر شالال حاش بەز: واتا خێرا بۆ تاڵانکردن.
- b. 8:3 مەبەست لە ژنەکەی خۆیەتی کە ئەویش پێغەمبەر بووە.
- c. 8:6 شیلۆوەح: هەمان ئاوی سیلوامە. بڕوانە نەحەمیا 3:15 و یۆحەنا 9:7.
- d. 8:7 واتا ڕووباری فورات.
- e. 8:10 عیبری: \+tl ئیمانوێل\+tl*. بڕوانە 7:14 و مەتا 1:23.
- f. 8:19 نێوانگرەکان: لێرە بەو واتایە دێت، ئەو کەسانە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرن لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوودا.
- g. 8:19 ڕۆح ئامادەکاران: بەو کەسانە دەگوترێت کە ڕۆح ئامادە دەکەن. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28:3؛ 8–9.