عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ڕۆژی خودا بۆ تۆڵەسەندن و ڕزگاری
- 1
- ئەوە کێیە لە ئەدۆمەوە دێت
بە بەرگی سوور لە بۆزراوە،
ئەو شکۆمەندەی بە جلوبەرگەکەیەوە
بە زۆری هێزەکەیەوە نمایش دەکات؟
«منم، بە ڕاستودروستی دەدوێم
مەزنم بۆ ڕزگاری.» - 2
- بۆچی بەرگت سوورە و
بەرگت وەک پەستێنەری گوشەری ترێیە؟ - 3
- «کەس لە گەلان لەگەڵمدا نەبوو
بە تەنها گوشەرم پەستەوە.
لە تووڕەییدا ئەوانم پڵیشاندەوە،
بە هەڵچوونی خۆم پێم لێنان.
جا خوێنیان بەسەر بەرگمدا پرژا و
هەموو جلەکەم لەکەدار بوو. - 4
- ڕۆژی تۆڵەسەندنەوە لە دڵمدا بوو و
ساڵی کڕینەوەی گەلم هات. - 5
- تەماشام کرد بەڵام یارمەتیدەر نەبوو،
سەرسام بووم کە پشتگیری نەبوو،
بەڵام بە هێزی بازووی خۆم ڕزگاریم دەستەبەر کرد،
هەڵچوونم پشتگیری کردم. - 6
- بە تووڕەیی خۆم گەلانم پەستەوە،
بە هەڵچوونی خۆم سەرخۆشم کردن،
خوێنی ئەوانم بەسەر زەویدا ڕشت.» - نوێژ و ستایش
- 7
- باسی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان دەکەم،
کارەکانی کە شایستەی ستایشن،
بۆ هەموو ئەوەی کە لە پێناوی ئێمەدا کردی.
باسی چاکە مەزنەکەی دەکەم بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل،
ئەوەی پاداشتی پێدانەوە بەپێی بەزەییەکەی و
بەپێی زۆری خۆشەویستییە بێ سنوورەکەی. - 8
- فەرمووی: «بە ڕاستی گەلی منن،
کوڕن، ناپاکیم لەگەڵ ناکەن،»
جا بۆیان بوو بە ڕزگارکەر. - 9
- لە هەموو تەنگانەکانیان ئەویش تەنگاو بوو و
فریشتەی ئامادەبوونەکەی[a] ڕزگاری کردن.
ئەو بە خۆشەویستییەکەی و بە میهرەبانی ئەوانی کڕییەوە،
بەرزی کردنەوە و هەڵیگرتن
هەموو ڕۆژانی کۆن. - 10
- بەڵام ئەوان یاخی بوون و
ڕۆحی پیرۆزی ئەویان خەمبار کرد،
جا لێیان بوو بە دوژمن و
لەگەڵیان کەوتە جەنگەوە. - 11
- ئینجا گەل ڕۆژانی کۆنیان بەبیر هاتەوە،
ڕۆژانی موسا و گەلەکەی.
کوا ئەوەی لە دەریاوە سەری خستن
لەگەڵ شوانی مێگەلەکەی؟
کوا ئەوەی ڕۆحی پیرۆزی خۆی
لەنێویان دانا؟ - 12
- کوا ئەوەی لەلای دەستی ڕاستی موسا
هێزە شکۆدارەکەی بازووی خۆی نارد،
ئەوەی ئاوی لەبەردەمیان دوو لەت کرد،
بۆ ئەوەی ناوێکی هەتاهەتایی بۆ خۆی دروستبکات، - 13
- ئەوەی بەناو دەریا قووڵەکاندا بردنی؟
وەک ئەسپ بە چۆڵەوانیدا سەرسمیان نەدا، - 14
- وەک دابەزینی ڕەشەوڵاخ بەرەو دەشتایی،
ڕۆحی یەزدان پشووی پێدان.
ئاوا ڕێنمایی گەلەکەتت کرد
بۆ ئەوەی ناوێکی شکۆمەند بۆ خۆت دروستبکەیت. - 15
- لە ئاسمانەوە تەماشا بکە،
لە نشینگەی پیرۆز و شکۆمەندیتەوە ببینە،
کوا دڵگەرمی و پاڵەوانیێتییەکەت؟
ئاخ هەڵکێشانی هەناوت و بەزەییت لە ئێمە بڕی. - 16
- بەڵام تۆ باوکی ئێمەی،
ئەگەر ئیبراهیم نەمانناسێت و
ئیسرائیلیش دانمان پێدا نەنێت.
ئەی یەزدان تۆ باوکی ئێمەیت،
لە ئەزەلەوە ناوت دەمانکڕێتەوە. - 17
- ئەی یەزدان، بۆچی لە ڕێگاکانی خۆت وێڵت کردین،
بۆچی دڵت ڕەق کردین هەتا لێت نەترسین؟
بگەڕێوە لە پێناو خزمەتکارەکانت،
هۆزەکانی میراتەکەت. - 18
- بۆ ماوەیەکی کەم گەلی پیرۆزت خاوەنی پیرۆزگای تۆ بوون،
بەڵام ئێستا دوژمنانمان پێشێلیان کرد. - 19
- ئێمە لە کۆنەوە گەلی تۆین،
ئێستا وامان لێ هاتووە کە تۆ فەرمانڕەوایی ئێمەت نەکردووە،
وەک چۆن هەرگیز بە ناوی تۆوە ناو نەنرابین.
- a. 63:9 مەبەستی لە ئەو فریشتەیە کە هەمیشە ئامادەیە لەبەردەمی یەزدان بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی.