عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- شکۆمەندی سییۆن
- 1
- «ئەی ئۆرشەلیم هەستە! پڕشنگ بدەوە، چونکە ڕووناکییت هات،
شکۆمەندی یەزدانیش بەسەرتدا گزنگی داوە. - 2
- ئەوەتا تاریکی زەوی داپۆشیوە و
هەوری تاریش نەتەوەکان.
بەڵام یەزدان بەسەر تۆدا گزنگ دەدات،
شکۆمەندییەکەشی بەسەرتەوە دەبینرێت. - 3
- نەتەوەکان بەرەو ڕووناکی تۆ دێن،
پاشاکانیش بەرەو گزنگی ڕووناکییت. - 4
- «چاو هەڵبڕە بۆ دەوروبەری خۆت و تەماشا بکە!
هەموو کۆبوونەوە و بۆ لای تۆ هاتن،
کوڕەکانت لە دوورەوە دێن و
کچەکانیشت لە ئامێز دەگرن. - 5
- ئینجا تەماشا دەکەیت و ڕووناکییت لێ دەبارێت،
لە خۆشیدا دڵت دادەخورپێت،
چونکە سامانی دەریا بۆ تۆ دەگوازرێتەوە،
دەوڵەمەندی نەتەوەکان بۆ لای تۆ دێت. - 6
- ڕەوە وشتر زەویت دادەپۆشێت،
وشترەکانی میدیان و عێفا.
هەموو لە شەباوە دێن،
زێڕ و بخووریان بارکردووە،
ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنن. - 7
- هەموو مەڕی قێدار بۆ تۆ کۆدەکرێتەوە،
بەرانەکانی نەبایۆت لەژێر دەستتدان،
بە پەسەندییەوە سەردەخرێنە سەر قوربانگاکەم و
پەرستگای شکۆمەندیم شکۆمەند دەکەم. - 8
- «ئەوانە کێن وەک هەور دەفڕن و
وەک کۆتر بەرەو ماڵەکانیان؟ - 9
- بێگومان دوورگەکان چاوەڕوانی منن،
هەروەها کەشتییەکانی تەرشیش لەپێشەوەن
بۆ هێنانی کوڕەکانت لە دوورەوە،
زێڕ و زیوەکانیشیان لەگەڵیاندایە
بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارت،
خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل
کە شکۆداری کردیت. - 10
- «نەوەی بێگانە شووراکانت بنیاد دەنێنەوە،
پاشاکانیان خزمەتت دەکەن.
هەرچەندە لە کاتی تووڕەییمدا لێم دایت،
بەڵام لە کاتی ڕەزامەندیمدا بەزەییم پێتدا دێتەوە. - 11
- دەروازەکانت هەمیشە واڵا دەبن،
شەو و ڕۆژ داناخرێن
بۆ هێنانی سامانی نەتەوەکان بۆت و
پاشاکانیشیان بە پێش دەدرێن، - 12
- چونکە ئەو نەتەوە و شانشینەی خزمەتت نەکات لەناودەچێت و
بە تەواوی وێران دەبێت. - 13
- «شانازی لوبنان بۆ تۆ دێت،
داری سنەوبەر، کاژ و سەروو پێکەوە،
بۆ ڕازاندنەوەی جێی پیرۆزگاکەم و
شوێنی پێیەکانم شکۆدار دەکەم. - 14
- کوڕی ئەوانەی تۆیان زەلیل کرد بە کڕنۆشەوە دێن بۆ لات،
هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکردیت کڕنۆش بۆ بنی پێت دەبەن و
پێت دەڵێن: شاری یەزدان،
سییۆنی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل. - 15
- «لە جێی ئەوەی بەجێماو و ڕق لێبوو و
بێ ڕێبوار بیت،
دەتکەمە شانازی هەتاهەتایی،
شادی نەوە دوای نەوە. - 16
- لە شیری نەتەوەکان دەخۆیت،
لە مەمکی شاهانە شیر دەخۆیت.
جا دەزانیت کە منی یەزدان، ڕزگارکەری تۆم،
ئەوەی تۆ دەکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە. - 17
- لە جیاتی بڕۆنز زێڕ و
لە جیاتی ئاسنیش زیو دەهێنم،
لە جیاتی داریش بڕۆنز و
لە جیاتی بەردیش ئاسن دەهێنم.
سەلامەتی دەکەمە سەرپەرشتیارت و
ڕاستودروستی دەکەمە سەرکارت. - 18
- ئیتر نە ستەم لە خاکەکەتدا دەبیسترێت
نە وێرانی و شکانیش لە سنوورەکانت،
بەڵکو شووراکانت ناو لێ دەنێیت: ”ڕزگاری“ و
دەروازەکانیشت ”ستایش“. - 19
- ئیتر خۆر بۆت نابێتە ڕووناکی ڕۆژ،
درەوشانەوەی مانگیش نابێتە سەرچاوەی ڕووناکی تۆ،
بەڵکو یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی،
خوداشت دەبێتە شکۆمەندیت. - 20
- لەمەودوا خۆری تۆ ئاوا نابێت،
مانگی تۆ کەم ناکات،
چونکە یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی،
ڕۆژانی ماتەمینیت تەواو دەبێت. - 21
- لەو کاتەدا گەلەکەت هەمووی ڕاستودروست دەبن،
زەویش بۆ هەتاهەتایە موڵکی خۆیان دەبێت.
ئەوەی من ناشتوومن نەمامن،
دەستکردی منن بۆ شکۆمەندبوونم. - 22
- بچووک دەبێت بە هەزار و
بچووکترین بە نەتەوەیەکی مەزن.
من یەزدانم،
لە کاتی خۆیدا پەلەی لێ دەکەم.»