عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- شکۆی داهاتوو بۆ سییۆن
- 1
- «ئەی نەزۆک، گۆرانی بڵێ،
ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە،
ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە،
لە خۆشیدا هاوار بکە و گۆرانی بڵێ،
چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو
زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی،»
یەزدان دەفەرموێت. - 2
- «شوێنی ڕەشماڵەکانت فراوان بکە،
پەردەی نشینگەکانت لێک بکەرەوە،
دەست مەگێڕەوە،
گوریسەکانت درێژ بکە و
سنگەکانت توند بچەقێنە، - 3
- چونکە بەلای ڕاست و چەپدا پەل دەهاوێیت،
نەوەی تۆ نەتەوەکان دەردەکەن و
شارە وێرانەکان ئاوەدان دەکەنەوە. - 4
- «مەترسە، چونکە ڕیسوا نابیت.
گاڵتەت پێ ناکرێت، چونکە شەرمەزار نابیت.
ڕیسوایی سەردەمی گەنجیێتیت لەبیر دەکەیت،
ئیتر شورەیی بێوەژنیێتیت بەبیر نایەتەوە، - 5
- چونکە مێردی[a] تۆ دروستکەرەکەی تۆیە،
ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
ئەوەی دەتکڕێتەوە پیرۆزەکەی ئیسرائیلە،
پێی دەگوترێت خودای هەموو زەوی. - 6
- وەک ژنێکی بەجێماو و ڕۆح پڕ لە ژان
یەزدان بانگت دەکاتەوە،
وەک ژنێک کە لە گەنجیدا شووی کردبێت و ڕەتکرابێتەوە،»
خودات دەفەرموێت. - 7
- «بۆ ساتێکی کەم بەجێم هێشتیت،
بەڵام بە بەزەییەکی زۆرەوە کۆت دەکەمەوە. - 8
- بە زریانی تووڕەییەوە
بۆ ساتێک ڕووی خۆمم لێت داپۆشی،
بەڵام بە خۆشەویستی نەگۆڕی هەتاهەتایی
بەزەییم پێتدا هاتەوە،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە. - 9
- «ئەمە وەک لافاوی نوحە بۆ من
ئەوەی سوێندم خوارد، کە لافاوەکەی نوح جارێکی دیکە بەسەر زەویدا تێنەپەڕێت.
ئاوا سوێندم خوارد، کە لێت تووڕە نەبم و
لێت ڕانەخوڕم. - 10
- هەرچەندە چیاکان نامێنن و
گردەکان دەهەژێن،
بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی من بۆ تۆ دەمێنێت و
پەیمانی ئاشتیم ناهەژێت،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی بەزەیی پێتدا دێتەوە. - 11
- «ئەی شارە زەلیلەکە، زریان لێدراوەکە، دڵنەوایی نەکراوەکە،
ئەوەتا من بەردەکانت بە بەردە پیرۆزە[b] لەسەر ڕیز دەکەم،
بە یاقووتی شین[c] داتدەمەزرێنم. - 12
- قوللەکانت دەکەم بە یاقووت[d] و
دەروازەکانیشت بە بەردی پڕشنگدار،
هەموو سنوورەکانیشت بە بەردی گرانبەها. - 13
- هەموو منداڵەکانت لە یەزدانەوە فێر دەبن و
ئاشتی منداڵەکانت زۆر دەبێت. - 14
- بە ڕاستودروستی دەچەسپێیت
دوور لە جەوروستەم،
چونکە هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی بترسیت،
هەروەها دووریت لە تۆقینیش،
چونکە لێت نزیک ناکەوێتەوە. - 15
- ئەگەر پەلامار درایت، ئەوە لەلایەن منەوە نابێت،
ئەوەی هێرش دەکاتە سەرت، دەبێتە ژێر دەستت. - 16
- «ئەوەتا من ئاسنگەرم بەدیهێنا
کە کوورەی ئاگری خەڵووز دەم دەدات،
چەکی گونجاو دروستدەکات،
هەروەها من لەناوبەرم بەدیهێنا بۆ ئەوەی بفەوتێنێت. - 17
- هەر چەکێک لە دژی تۆ شێوەی بکێشرێت سەرناکەوێت و
هەر زمانێک لە دادگا لە دژی تۆ ڕادەوەستێت بەرپەرچی دەدەیتەوە.
ئەمە میراتی خزمەتکارانی یەزدانە،
بێتاوانیتان لەلایەن منەوەیە،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- a. 54:5 پەیوەندی نێوان خودا و گەلەکەی بە پەیوەندی نێوان ژن و مێرد دەچووێنرێت، لە ڕووی ئەرک و وەفا و گوێڕایەڵییەوە.
- b. 54:11 بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباو.
- c. 54:11 یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.
- d. 54:12 یاقووت: گەوهەری سووری تێر.