عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- کەوتنی بابل
- 1
- «دابەزە و لەسەر خۆڵ دابنیشە،
ئەی بابلی کچە پاکیزە[a] .
بەبێ تەخت لەسەر زەوی دابنیشە،
کچی بابلییەکان،
چونکە چیتر پێت ناگوترێت
ناسک و نازدار. - 2
- دەستاڕ ببە و باراش بهاڕە،
عەبات فڕێبدە،
دامێن هەڵبکە و قاچ بەدەرخە،
لە ڕووبارەکان بپەڕەوە. - 3
- ڕووتیت دەردەکەوێت،
هەروەها ڕیسواییت دەبینرێت.
تۆڵەی خۆم دەکەمەوە و
لە کەس نابوورم.» - 4
- ئەوەی دەمانکڕێتەوە ناوی یەزدانی سوپاسالارە،
پیرۆزەکەی ئیسرائیلە. - 5
- «بێدەنگ دابنیشە و وەرە ناو تاریکییەوە،
شاری شاهانەی بابلییەکان،
چونکە چیتر پێت ناگوترێت
شاژنی شانشینەکان. - 6
- تووڕە بووم لە گەلی خۆم و
میراتی خۆمم گڵاوکرد.
ئەوانم دا بە دەست تۆوە،
تۆش لەگەڵیاندا بە بەزەیی نەبوویت.
تەنانەت لەسەر پیرەکانیش
نیری[b] خۆتت زۆر قورس کرد. - 7
- گوتت: ”بۆ هەتاهەتایە
دەبمە شاژن!“
بەڵام لەم ڕووداوانە وردنەبوویتەوە،
بیرت لە کۆتاییەکەی نەکردەوە. - 8
- «ئێستا گوێ لەمە بگرە، ئەی سۆزانی،
ئەی دانیشتوو بە ئاسوودەیی،
ئەی ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
”هەر خۆم و بەس!
نە بێوەژن دەبم و
نە سک سووتاوی دەزانم.“ - 9
- لەپڕ لە یەک ڕۆژدا
ئەم دووانەت بەسەردێت،
سک سووتان و بێوەژنیێتی.
بە تەواوی بەسەرت دێت،
سەرەڕای زۆری جادووگەری و
سەرەڕای لە ڕادەبەدەر نوشتەکردنت. - 10
- پشتت بە خراپەکارییەکانت بەست و
گوتت: ”کەس نامبینێت.“
داناییەکەت و زانینەکەت تۆیان لەڕێ لادا،
لە دڵی خۆتدا گوتت:
”هەر خۆم و بەس.“ - 11
- خراپەیەکت بەسەردێت،
سەرهەڵدانەکەی نازانیت،
بەڵایەکت بەسەردێت.
ناتوانیت ڕەتی بکەیتەوە،
لەپڕ کاولبوونێکت بەسەردێت
پێی نازانیت. - 12
- «جا بەردەوام بە، بە نوشتەکانت و
بە زۆری جادووگەریت،
ئەوەی لە مێردمنداڵیتەوە تێیدا ماندوو بوویت،
بەڵکو سوودی هەبێ بۆت،
بۆ ئەوەی بیانترسێنیت! - 13
- هێزت لەبەر بڕا لە زۆری ڕاوێژەکانت!
با ئەستێرەناسەکانت بێنە پێشەوە،
ئەوانەی ئاسمان دابەش دەکەن و
چاو لە ئەستێرەکان دەبڕن و
مانگ لەدوای مانگ پێشبینی دەکەن،
با ئەوانە ڕزگارت بکەن
لەوەی بەسەرت دێت. - 14
- ئەوەتا وەک پووشیان لێدێت،
ئاگر دەیانسووتێنێت.
لە دەست بڵێسە
فریای گیانی خۆیان ناکەون.
ئەو پشکۆ خەڵووزە بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە،
ئەو ئاگرەش بۆ دانیشتن لەبەردەمی نییە. - 15
- ئەو جادووگەرانەی لە مێردمنداڵیتەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکردن و
پێیانەوە ماندوو بوویت،
بەو دەردە دەچن.
هەرکەسە و ملی ڕێی خۆی دەگرێت،
کەس نییە ڕزگارت بکات.
- a. 47:1 پاکیزە: مەبەست لەپێش داگیرکردنیەتی، کە بەراوردی دەکات بە کچی پاکیزە.
- b. 47:6 مەبەستی لە بارگرانییە.