عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- خوداوەندەکانی بابل
- 1
- بێل[a] چۆکی دادا و نەبۆ چەمایەوە،
بتەکانیان بارن بۆ ڕەشەوڵاخ.
ئەوەی باری دەکەن باری هەڵگیراون،
بارن بەسەر ئاژەڵە ماندووەکانەوە. - 2
- هەموو چەمانەوە، پێکەوە چۆکیان دادا،
نەیانتوانی بارەکە دەرباز بکەن و
ئەوان خۆشیان ڕاپێچ کران. - 3
- «ئەی بنەماڵەی یاقوب، گوێم لێ بگرن،
ئەی هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئیسرائیل،
ئەی ئەوانەی هەڵمگرتوون لەو کاتەوەی لەناو ڕەحم بوونە،
لەو ڕۆژەوەی کە لەدایک بوونە گرنگیم پێداون. - 4
- هەتا پیریش بن هەر من ئەوم،
هەتا ڕیش سپیێتیش هەر من هەڵتاندەگرم.
من دروستم کردوون و ئێوە باری منن،
هەر من هەڵدەگرم و دەرباز دەکەم. - 5
- «بە کێ هاوشێوەم دەکەن و یەکسانم دەکەن و
هاووێنەم دەکەن بۆ ئەوەی لە یەک بچین؟ - 6
- ئەوانە زێڕ لە کیسەوە بەتاڵ دەکەن و
زیویش بە تەرازوو دەکێشن،
زێڕنگەرێک بەکرێ دەگرن و دەیکاتە خوداوەندێک،
ڕوو لە زەوی دەکەن بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبەن. - 7
- دەیخەنە سەر شان، هەڵیدەگرن،
لە جێی خۆی دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕاوەستێت،
لە جێی خۆی ناجوڵێتەوە.
هاواری بۆ دەکات و وەڵام ناداتەوە،
لە تەنگانەکەی ڕزگاری ناکات. - 8
- «ئەمەتان لەبیر بێت و وردبنەوە!
ئەی یاخیبووان، بیخەنە مێشکتانەوە. - 9
- سەرەتاکانتان لەبیر بێت کە لە کۆنەوەیە،
بە ڕاستی من خودام و یەکێکی دیکە نییە،
خودام و هیچی دیکە نییە وەک من. - 10
- لە سەرەتاوە کۆتاییم ڕاگەیاندووە،
لە کۆنەوەش ئەوەی هێشتا نەکراوە.
فەرمووم: ”ڕاوێژی من سەر دەگرێت،
هەموو ئەوەی پێم خۆشە دەیکەم.“ - 11
- داڵ لە ڕۆژهەڵاتەوە بانگ دەکەم،
لە خاکێکی دووریشەوە ئەوەی ئامانجی من بەجێدەگەیەنێت.
فەرمووم و ئەنجامی دەدەم،
دامڕشتووە و دەیکەم. - 12
- ئەی کەللەڕەقەکان، گوێم لێ بگرن،
ئەی دوورەکان لە ڕاستودروستی. - 13
- ڕاستودروستی خۆمم نزیک خستووەتەوە،
دوور ناکەوێتەوە و
ڕزگاربوونم دوا ناکەوێت.
ڕزگاری بە سییۆن دەبەخشم،
بە ئیسرائیلی شکۆمەندیم.
- a. 46:1 بێل، هەروەها ناسراوە بە ناوی مەردوخ، یەکێک بووە لە خوداوەندە سەرەکییەکانی بابل. هەروەها نەبۆ خوداوەندێکی دیکە بووە و کوڕی مەردوخ بووە. ناوی ئەم دوو خوداوەندە لەسەر ئەو تەختە گڵینانە دۆزراوەتەوە کەوا زانایانی شوێنەوارناس لە پاشماوەی بابل دۆزیویانەتەوە.