عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- بەندەی یەزدان
- 1
- «ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی پشتیوانی دەکەم،
هەڵبژاردەکەم کە پێی دڵشادم،
ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،
دادپەروەری بۆ نەتەوەکان بەرپا دەکات. - 2
- هاوار ناکات و بانگ ناکات و
دەنگی لە شەقامەکان نابیسترێت. - 3
- قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت،
پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە.
بە ڕاستییەوە دادپەروەری دەردەخات. - 4
- نە ماندوو دەبێت و نە وردوخاش دەبێت
هەتا ئەوەی لەسەر زەوی دادپەروەری بەرقەرار دەکات.
دوورگەکان هیوایان بە فێرکردنەکانی ئەو دەبێت.» - 5
- خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی،
ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت،
هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی،
ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن،
ئەمە دەفەرموێت: - 6
- «من یەزدانم، بە ڕاستودروستی بانگم کردیت،
جا دەستت دەگرم و دەتپارێزم،
دەتکەمە پەیمان بۆ گەل و ڕووناکی بۆ نەتەوەکان. - 7
- بۆ ئەوەی چاوی نابیناکان بکەیتەوە،
بۆ ئەوەی دیلەکان لە زیندان دەربهێنیت،
لە بەندیخانەش دانیشتووان لە تاریکی. - 8
- «من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و
شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و
ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان. - 9
- ببینن، ئەوەی لە ڕابردوو گوترا هاتە دی،
ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕادەگەیەنم،
پێش ئەوەی سەر دەربێنێت
من پێتانی دەڵێم.» - گۆرانی ستایش بۆ یەزدان
- 10
- ئەی ئەوانەی دادەبەزنە ناو دەریا و هەموو ئەوانەی تێیدان،
دوورگەکان و دانیشتووانەکانیان،
گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،
ستایشیشی لەوپەڕی زەوییەوە. - 11
- با چۆڵەوانی و شارۆچکەکانی دەنگ بەرز بکەنەوە،
گوندەکانی نشینگەی قێدار.
با دانیشتووانی سەلەع هاواری خۆشی بکەن،
لە ترۆپکی چیاکانەوە هاوار بکەن. - 12
- با شکۆمەندی بە یەزدان بدەن،
لە دوورگەکان ستایشی ڕابگەیەنن. - 13
- یەزدان وەک پاڵەوان دێتە دەرەوە،
وەک جەنگاوەر دڵگەرمی دەهەژێت،
هاوار دەکات و نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت،
بەسەر دوژمنانیدا سەردەکەوێت. - 14
- «زۆر دەمێکە کپ بووم،
بێدەنگ بووم و دانم بە خۆمدا گرت.
بەڵام ئێستا وەک ژنێک کە منداڵی ببێت دەقیژێنم،
هەناسە دەدەم و هەناسە هەڵدەکێشم پێکەوە. - 15
- چیا و گردەکان تێکدەدەم،
هەموو گیاوگوڵیان وشک دەکەم.
ڕووبار دەکەمە دوورگە و
گۆلاوەکان وشک دەکەم. - 16
- نابیناکان بە ڕێگایەکدا دەبەم شارەزای نەبن،
بە ڕێچکەیەکدا هاتوچۆیان پێ دەکەم کە نایزانن،
تاریکی لەبەردەمیاندا دەکەم بە ڕووناکی،
ڕێگا خوارەکانیش بە ڕاستە ڕێ.
ئەم شتانە دەکەم و
بەجێیان ناهێڵم. - 17
- بەڵام ئەوانەی پشت بە بتی داڕێژراو دەبەستن،
ئەوانەی بە پەیکەری داتاشراو دەڵێن، ”ئێوە خوداوەندی ئێمەن،“
بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و بە تەواوی شەرمەزار دەبن. - ئیسرائیلی کوێر و کەڕ
- 18
- «ئەی کەڕەکان گوێ بگرن!
ئەی کوێرەکان سەیر بکەن بۆ ئەوەی ببینن! - 19
- کێ کوێرە تەنها بەندەکەم[a] نەبێت،
یان کەڕە وەک نێردراوەکەم کە دەینێرم؟
کێ کوێرە وەک ئەوەی تەواوە و
کوێرە وەک بەندەی یەزدان؟ - 20
- زۆرت بینیوە و سەرنجت نەداوە،
گوێیەکانت کراونەتەوە و نەتبیستووە.» - 21
- یەزدان دڵخۆشە لە پێناوی ڕاستودروستی خۆی،
فێرکردنەکانی خۆی بە گەورە دادەنێت و ڕێزی لێ دەگرێت. - 22
- بەڵام ئەو گەلێکی تاڵانکراو و ڕووتکراوەیە
هەموو کەوتوونەتە چاڵەوە،
لە بەندیخانەکان خۆیان شاردووەتەوە،
بوون بە تاڵانی و کەس فریایان نەکەوت،
ڕووتکرانەوە و کەس نەبوو بڵێت، «دەست بگێڕەوە!» - 23
- کێ لە ئێوە گوێ لەمە دەگرێت،
گوێ شل دەکات و هەتا کۆتایی دەبیستێت؟ - 24
- کێ یاقوبی دایە دەست ڕووتکردنەوە و
ئیسرائیلیش بۆ تاڵانکاران؟
ئایا یەزدان نییە
کە گوناهمان دەرهەقی کرد و
نەیانویست ڕێگاکانی بگرنەبەر و
گوێیان لە فێرکردنەکانی نەگرت؟ - 25
- ئیتر گڕی تووڕەیی خۆی بەسەردا ڕشتن،
بە جەنگێکی سەخت،
لە هەموو لایەکەوە گڕی تێبەردان، بەڵام پێیان نەزانی،
سووتاندنی، بەڵام نەچووە مێشکیانەوە.
- a. 42:19 مەبەست لە گەلی ئیسرائیل و پێغەمبەرەکانە.