عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ستایش بۆ یەزدان
- 1
- ئەی یەزدان، تۆ خودای منیت!
بە گەورەت دەزانم، ستایشی ناوت دەکەم،
چونکە تۆ کاری سەرسوڕهێنەرت کردووە،
پلانەکانت لە دێرزەمانەوەن،
بە دڵسۆزی چەسپاون. - 2
- شارت کاول کرد و
شارۆچکەی قەڵابەندت وێران کرد،
قەڵای بێگانەکان وەک شار نامێنێتەوە،
بۆ هەتاهەتایە بنیاد نانرێتەوە. - 3
- لەبەر ئەوە گەلی بەهێز ڕێزت لێ دەگرن،
شارۆچکەی نەتەوە بێ ویژدانەکان لێت دەترسن. - 4
- بوویت بە پەناگای هەژار،
پەناگای نەدار لە کاتی تەنگانە،
چەتر لە لێزمەی باران و
سێبەر لە گەرما،
چونکە هەڵچوونی بێ ویژدانەکان
لێزمەی بارانە بەسەر دیوارەوە، - 5
- وەک گەرمایە لە خاکی وشکدا.
هاتوهەرای بێگانەکان کپ دەکرێت
وەک گەرما بە سێبەری هەور
گۆرانی بێ ویژدانەکان زەلیل دەکرێت. - 6
- یەزدانی سوپاسالار بۆ هەموو گەلان
لەم کێوە خوانی دابەستەکان ساز دەکات،
خوانی شەرابی سادە و دابەستە پڕ لە مۆخەکان
مەی سادەی پاڵاوتە. - 7
- لەم کێوەدا لووشی دەدات
پەچەی سەر مردوو،
پەچە بەسەر هەموو گەلانەوە،
هەروەها ئەو سەرپۆشەی بەسەر هەموو نەتەوەکاندا پۆشراوە، - 8
- مردن لووشدەدات بۆ هەتاهەتایە.
یەزدانی باڵادەست فرمێسک
لەسەر هەموو ڕووەکان دەسڕێتەوە،
ڕیسوایی گەلەکەی دادەماڵێت
لە هەموو زەویدا،
چونکە یەزدان فەرمووی. - 9
- لەو ڕۆژەدا دەگوترێت:
«ئەوەتا ئەمە خودامانە،
چاوەڕێمان دەکرد، ڕزگاری کردین.
ئەمە یەزدانە، چاوەڕێمان دەکرد،
شاد دەبین و دڵشاد دەبین بە ڕزگارییەکەی.» - 10
- دەستی یەزدان ئەم کێوە دەپارێزێت،
بەڵام مۆئاب لە جێی خۆی پێپەست دەکرێت
وەک پێپەستکردنی کا بە ئاوی تەپاڵە. - 11
- جا مۆئاب لە ناوەڕاستیدا دەستی بڵاو دەکاتەوە
وەک چۆن مەلەوان بۆ مەلەکردن بڵاوی دەکاتەوە.
خودا لووتبەرزییەکەی دادەگرێت
لەگەڵ فرتوفێڵەکانی دەستی. - 12
- قەڵابەندی بەرزی شووراکانت دەچەمێنێتەوە،
دایدەگرێت دەینووسێنێت بە زەوییەوە، هەتا خۆڵ.