عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- بەرخ وەک سەرانە بنێرن
بۆ فەرمانڕەوای خاکەکە،
لە سەلەعەوە بە چۆڵەوانیدا
بەرەو چیاکەی شاری سییۆن. - 2
- وەک باڵندەی هەڵاتوون
وەک لە هێلانە دەرپەڕێنراویان لێدێت،
کچانی مۆئاب
لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئەرنۆن. - 3
- «ڕاوێژ بکە،
دادوەری ئەنجام بدە،
لە قرچەی نیوەڕۆدا
سێبەرت وەک شەوی لێ بکە.
دەرکراوەکان بشارەوە،
هەڵاتووەکان ئاشکرا مەکە. - 4
- با ئاوارەکانی مۆئاب لەلات بمێننەوە،
لە ڕووی کاولکەر بۆیان ببە پەناگا.»
کاتێک چەوسێنەر کۆتایی پێ دێت،
کاولبوون نامێنێت،
پێشێلکاران لە خاکەکەدا لەناودەچن. - 5
- بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەخت جێگیر دەبێت،
یەکێک لە بنەماڵەی داود
دادپەروەر و داواکاری دادپەروەری،
دەستپێشخەر بۆ ڕاستودروستی،
بە دڵسۆزییەوە لەسەری دادەنیشێت. - 6
- لووتبەرزی مۆئابمان بیست،
لووتبەرزییەکی زۆر،
خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و بەفیزی،
بەڵام قسە پووچەکانی ناچەسپێن. - 7
- لەبەر ئەوە با خەڵکی مۆئاب واوەیلا بکەن،
سەراپا بۆ مۆئاب واوەیلا بکەن.
ئەی مۆئابییە بەزێنراوەکان،
بۆ نانی کشمیشی[a] قییر حەراسەت شیوەن بگێڕن. - 8
- کێڵگەکانی حەشبۆن سیس بوون،
هەروەها ڕەزەکەی سیڤما.
گەورەکانی نەتەوەکان
شا مێوەکانییان شکاند،
کە گەیشتبووە یەعزێر و
پەلی هاویشت هەتا چۆڵەوانی.
لقەکانی درێژ ببوونەوە و
لە دەریا پەڕیبوونەوە. - 9
- لەبەر ئەوە گریانی یەعزێر دەگریێم
بۆ ڕەزەکەی سیڤما،
بە فرمێسکەکانم ئاوتان دەدەم
ئەی حەشبۆن و ئەلعالێ!
لە کاتی میوە گەییوەکانت و دروێنەکانت
هەراوزەنای جەنگ هات. - 10
- خۆشی و شادی لە باخ بڕایەوە،
لەناو ڕەزان گۆرانی ناگوترێت و هاوار ناکرێت،
شەراب لەناو گوشەر ناگوشرێت،
هوتاف کپ بوو. - 11
- لەبەر ئەوە هەناوم وەک قیسارە بۆ مۆئاب دەناڵێنێت،
ناخیشم بۆ قییر حەراسەت. - 12
- جا کە مۆئاب لە نزرگەی سەر بەرزاییەکە دەردەکەوێت،
ماندوو دەبێت.
کە دەچێتە ناو نزرگەکەوە نوێژ بکات،
قبوڵ نابێت. - 13
- ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان پێشتر بە مۆئابی فەرموو.
- 14
- ئێستاش یەزدان دەدوێت و دەفەرموێت: «لە ماوەی سێ ساڵدا وەک ساڵەکانی کرێگرتە، سەنگینی مۆئاب سووک دەبێت، بەو هەموو خەڵکە زۆرەوە، پاشماوەکەی زۆر کەم و لاواز دەبێت.»
- a. 16:7 نانی کشمیش بۆ بەعل پێشکەش دەکرا وەک سوپاسگوزاری بۆ دروێنە و خەرمان.