عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- قوربانی مەسیح جارێک و بۆ هەمووان
- 1
- تەورات تەنها سێبەری شتە باشەکانی داهاتووە، نەک وێنەی تەواوی ڕاستییەکان. لەبەر ئەوە بەردەوام بە هەمان قوربانییەکانی ساڵ لەدوای ساڵ پێشکەش دەکرێتەوە، هەرگیز ناتوانێ ئەوانە کامڵ و تەواو بکات کە بۆ پەرستن نزیک دەبنەوە.
- 2
- ئەگینا، ئایا لە پێشکەشکردن نەدەوەستان؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر خواپەرستان تەنها جارێک پاک بوونەتەوە، بۆیە چیتر لە ویژدانیاندا هەست بە گوناه ناکەن.
- 3
- بەڵام لەو قوربانییانەدا ساڵانە یادەوەری گوناه دەکرێتەوە،
- 4
- چونکە مەحاڵە خوێنی گا و بزن گوناه لاببات.
- 5
- لەبەر ئەوە کاتێک مەسیح هاتە ناو جیهان فەرمووی:
﴿بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،
بەڵکو جەستەیەکت بۆ دابین کردم. - 6
- بە قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه دڵخۆش نەبووی.
- 7
- ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم، هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە،
تاکو خواستی تۆ بەجێبهێنم، ئەی خودا.»﴾[a] - 8
- لە سەرەوە فەرمووی: ﴿تۆ قوربانی و پێشکەشکراو و قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەویست و پێی دڵخۆش نەبووی،﴾ ئەوەی بەگوێرەی تەورات دەکرێت،
- 9
- ئینجا مەسیح فەرمووی: ﴿ئەوەتا هاتم تاکو خواستی تۆ بەجێبهێنم.﴾ یەکەم لادەبات، تاکو دووەم دابنێ[b] .
- 10
- بەم خواستەی خودا بە یەک جار بەهۆی پێشکەشکردنی جەستەی عیسای مەسیحەوە پیرۆز بووین.
- 11
- هەر کاهینێک هەموو ڕۆژێک ڕادەوەستێت و خزمەت دەکات بەردەوام هەمان قوربانی دەکاتەوە، کە هەرگیز ناتوانێت گوناه لاببات.
- 12
- بەڵام کاتێک مەسیحی کاهین لە جیاتی گوناه یەک قوربانی بۆ هەموو کاتێک پێشکەش کرد، لە دەستەڕاستی خوداوە دانیشت،
- 13
- لەو کاتەوە چاوەڕوانە، تاکو خودا هەموو دوژمنانی بکاتە تەختەپێی،
- 14
- چونکە ئەو بە یەک قوربانی بۆ هەمیشە ئەوانەی تەواو کرد کە ئەو پیرۆزیان دەکات.
- 15
- ڕۆحی پیرۆزیش شایەتیمان بۆ دەدات، چونکە دوای ئەوەی فەرمووی:
- 16
- ﴿یەزدان دەفەرموێ، ئەمە ئەو پەیمانەیە کە
لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵیان دەیبەستم،
«فێرکردنەکانم[c] دەخەمە ناو دڵیان و
لەناو مێشکیان دەینووسم.»﴾[d] - 17
- پاشان دەفەرموێت:
﴿لەمەودوا گوناه و تاوانەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.﴾[e] - 18
- لەکوێ لێخۆشبوونی ئەم گوناهانە هەبێت، ئیتر پێویست ناکات قوربانی بۆ گوناه بکرێت.
- بانگەوازێک بۆ خۆڕاگریی لە باوەڕ
- 19
- بۆیە ئەی خوشک و برایانی باوەڕدار، لەبەر ئەوەی متمانەمان هەیە بۆ چوونە ناو شوێنی هەرەپیرۆز بەهۆی خوێنی عیساوە،
- 20
- بەو ڕێگا زیندوو و تازەیەی کە بەهۆی بەخشینی جەستەی خۆی بەناو پەردەدا بۆی کردینەوە،
- 21
- لەبەر ئەوەی کاهینێکی بەرزمان هەیە سەرپەرشتی ماڵی خودا[f] دەکات،
- 22
- هەروەها لەبەر ئەوەی خوێنی مەسیح بەسەر دڵماندا پرژێنرا[g] تاکو لە ویژدانی خراپ پاکمان بکاتەوە، جەستەشمان بە ئاوێکی پاک شوشتراوە، با بە دڵێکی ڕاست و بە متمانەی تەواوی باوەڕ بچینە بەردەم خودا.
- 23
- با بێ ڕاڕایی دەستبگرین بە دانپێدانانی هیوامان، چونکە ئەوەی بەڵێنی پێمان داوە جێی متمانەیە.
- 24
- هەروەها با ئاگاداری یەکتری بین بۆ هاندان لەسەر خۆشەویستی و کاری چاک.
- 25
- با واز لە کۆبوونەوەکانمان نەهێنین، وەک هەندێک لەسەری ڕاهاتوون، بەڵکو یەکتری هانبدەین، بە تایبەتی کە دەبینن ڕۆژی هاتنەوەی مەسیح نزیک دەبێتەوە.
- 26
- ئەگەر لەدوای ئەوەی کە ڕاستیمان ناسی، بەردەوام بین لەوەی بە ئەنقەست گوناه بکەین، ئەوا هیچ قوربانییەک نییە بۆ ئەوەی گوناهەکانمان پاک بکاتەوە،
- 27
- بەڵکو تەنها چاوەڕێکردنی حوکمدانی ترسناک و ئاگری بڵێسەدار کە خەریکە دوژمنەکانی خودا دەخوات.
- 28
- ئەوەی سەرپێچی تەوراتی موسای دەکرد، بێ بەزەییانە بە شایەتی دوو یان سێ شایەت حوکمی مردنی بەسەردا دەدرا.
- 29
- بە ڕای ئێوە شایانی سزای چەند خراپترە ئەوەی سووکایەتی بە کوڕی خودا کردووە و خوێنی پەیمان بە پیس دادەنێت کە پیرۆزی کردووە، سووکایەتیش بە ڕۆحی پیرۆز دەکات کە نیعمەتی لێ وەرگرتووە؟
- 30
- لەبەر ئەوەی ئەو خودایە دەناسین کە ئەمەی فەرمووە: ﴿تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.﴾[h] هەروەها: ﴿یەزدان حوکم بەسەر گەلی خۆیدا دەدات.﴾[i]
- 31
- کەوتنە ناو دەستی خودای زیندوو ترسناکە.
- 32
- ڕۆژانی ڕابردووتان بە یاد بێتەوە کە ڕووناک کرانەوە و بەرگەی ململانێیەکی سەختی پڕ لە ئازارتان گرت.
- 33
- هەندێک جار تووشی جنێو و چەوسانەوەی ئاشکرا هاتوون، هەندێک جار بەشداری ناخۆشی ئەوانەتان کردووە کە بە هەمان شێوەی ئێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە.
- 34
- هاوسۆزی بەندکراوانتان کرد، کاتێک سامانتان تاڵان کرا بە خۆشییەوە قبوڵتان کرد، چونکە دەزانن لە ئاسماندا سامانی باشترتان هەیە و دەمێنێتەوە.
- 35
- کەواتە متمانەتان فڕێمەدەن کە پاداشتی گەورەی هەیە،
- 36
- چونکە پێویستیتان بە دانبەخۆداگرتن هەیە، تاکو لەدوای ئەوەی بە خواستی خوداتان کرد، بەڵێنەکە بەدەستبهێنن،
- 37
- چونکە دوای ماوەیەکی زۆر کورت،
﴿ئەوەی دێت، بێگومان دێت و دواناکەوێت. - 38
- ئەوەی ڕاستودروستە و هی خۆمە بە باوەڕ دەژیێت،
هەروەها ئەگەر هەڵگەڕایەوە،
ئەوە جێی ڕەزامەندی من نابێت.﴾[j] - 39
- جا ئێمە سەر بەوانە نین کە هەڵدەگەڕێنەوە و لەناودەچن، بەڵکو سەر بە ئەوانەین کە باوەڕیان هەیە و ڕزگار دەکرێن.
- a. 10:7 زەبوورەکان 40:6-8.
- b. 10:9 مەبەست لە پەیمانەکانی یەکەم و دووەمە، بڕوانە 9:1.
- c. 10:16 تەورات.
- d. 10:16 یەرمیا 31:33.
- e. 10:17 یەرمیا 31:34.
- f. 10:21 ماڵی خودا: مەبەست لەو پیرۆزگایەیە کە لە ئاسماندا هەیە. بڕوانە زەبوورەکان 20:6.
- g. 10:22 مەبەست لە خوێنی مەسیحە بۆ لێخۆشبوونی گوناه، بڕوانە دەرچوون 24:8.
- h. 10:30 دواوتار 32:35.
- i. 10:30 دواوتار 32:36، زەبوورەکان 135:14
- j. 10:38 حەبەقوق 2:3، 4