عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- پایەبەرزی عیسای مەسیح
- 1
- لە سەردەمانی کۆنەوە خودا زۆر جار و بە ڕێگای جۆراوجۆر بەهۆی پێغەمبەرانەوە لەگەڵ باوباپیراندا دواوە،
- 2
- بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا بەهۆی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا، ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە.
- 3
- کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی[a] ، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی، لەدوای ئەوەی هەموو گوناهەکانی پاک کردەوە، لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت.
- 4
- بەم شێوەیە کوڕەکە لە فریشتەکان پایەبەرزتر بوو، بەو ئەندازەیەی ناوێکی بە میرات بۆ مایەوە زۆر لەوان شکۆدارتر.
- 5
- ئیتر چ جارێک خودا بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە:
﴿تۆ کوڕی منی،
من ئەمڕۆ بوومە باوکت﴾[b] ؟
هەروەها:
﴿من دەبمە باوکی ئەو و
ئەویش دەبێتە کوڕی من﴾[c] ؟ - 6
- دیسان کاتێک خودا نۆبەرەکەی دەهێنێتە جیهانەوە، دەفەرموێت:
﴿با هەموو فریشتەی خودا کڕنۆشی بۆ ببەن.﴾[d] - 7
- لەبارەی فریشتەش دەفەرموێ:
﴿خودا وا لە فریشتەکانی دەکات وەک با بن،
خزمەتکارەکانیشی وەک بڵێسەی ئاگر.﴾[e] - 8
- بەڵام لەبارەی کوڕەکەوە دەفەرموێت:
﴿ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،
داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە. - 9
- تۆ حەزت لە ڕاستودروستی کردووە و ڕقت لە خراپە بووەوە،
بۆیە خودا، خودای خۆت لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،
بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی[f] کردیت.﴾[g] - 10
- هەروەها:
﴿تۆ یەزدان، لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا،
ئاسمانیش دەستکردی تۆیە. - 11
- ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت،
هەموو وەک کراس کۆن دەبن. - 12
- وەک کەوا دەیپێچیتەوە،
وەک بەرگی کۆن دەگۆڕدرێن،
بەڵام تۆ هەروەک خۆتی،
ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.﴾[h] - 13
- ئایا خودا چ جارێک بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە:
﴿لە دەستەڕاستم دابنیشە
هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ[i] بۆ پێیەکانت﴾[j] ؟ - 14
- ئایا هەموویان ڕۆحی خزمەتکارانە نین کە نێردراون بۆ خزمەتی ئەوانەی لە داهاتوو ڕزگاری بە میرات دەگرن؟
- a. 1:3 وێنەی کڕۆکیەتی: مەبەستی لەوەیە کە مەسیح دەربڕینێکی ڕاستەقینەی ناخی خودایە.
- b. 1:5 زەبوورەکان 2:7.
- c. 1:5 دووەم ساموئێل 7:14 و یەکەم پوختەی مێژوو 17:13.
- d. 1:6 لە وەرگێڕانی یۆنانی بۆ پەیمانی کۆن، دواوتار 32:43.
- e. 1:7 زەبوورەکان 104:4.
- f. 1:9 لە پەیمانی کۆن داود لەلایەن ساموئێلەوە چەورکرا کە هەڵبژاردەی خودایە، ئەم چەورکردنەش وەک نەریتێک بەردەوام بوو بۆ ڕزگاریی خودا.
- g. 1:9 زەبوورەکان 45:6،7.
- h. 1:12 زەبوورەکان 102:25-27.
- i. 1:13 بەهۆی ئەوەی پاشا کورسییەکەی بەرز بووە، تەختەیەک لەژێر پێی دانراوە کە وێنەی دوژمنەکانی لەسەر کێشراوە، وەک هێمایەک بۆ خستنە ژێر پێیان.
- j. 1:13 زەبوورەکان 110:1.