عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- پەیمانی خودا لەگەڵ نوح
- 1
- ئیتر خودا نوح و کوڕەکانی بەرەکەتدار کرد و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن.
- 2
- با ترس و سامتان هەبێت لەسەر هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو ئەو بوونەوەرانەی کە لەسەر زەوی دەجوڵێنەوە، هەروەها لەسەر هەموو ماسییەکانی دەریاش؛ ئەوان خراونەتە بەردەستی ئێوە.
- 3
- هەموو ئەوانەی گیاندارن و دەبزوێن دەبنە خۆراک بۆتان. هەروەک چۆن ڕووەکی سەوزم پێداون، ئێستا هەموو شتێکتان دەدەمێ.
- 4
- «بەڵام نابێت گۆشتێک بخۆن کە هێشتا خوێنەکەی[a] گەرمە.
- 5
- بێگومان داوای خوێنی ئەو کەسە دەکەم کە خوێنی کەسێکی دیکەی ڕشتووە. ئەگەر گیاندارێک کەسێک بکوژێت، دەبێت بکوژرێتەوە. هەروەها ئەگەر کەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا ئەویش دەکوژرێتەوە.
- 6
- «هەرکەسێک خوێنی مرۆڤ بڕێژێت،
بە دەستی مرۆڤ خوێنی دەڕێژرێتەوە،
چونکە خودا لەسەر وێنەی خۆی
مرۆڤی دروستکردووە. - 7
- ئێوەش بەردار بن و زۆر بن، زەوی پڕ بکەن و تێیدا زۆر بن.»
- 8
- خودا بە نوح و کوڕەکانی فەرموو کە لەگەڵیدا بوون:
- 9
- «من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە و نەوەی دوای ئێوەدا دەچەسپێنم،
- 10
- لەگەڵ هەموو ئەو گیاندارانەی کە لەگەڵ ئێوەن، باڵندە و ئاژەڵە ماڵییەکان و هەموو ئاژەڵە کێوییەکان، هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان و لە کەشتییەکە هاتوونەتە دەرەوە، هەروەها هەرچی گیانداری سەر زەویش هەیە.
- 11
- من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە دەچەسپێنم: هەرگیز جارێکی دیکە، هەموو گیانلەبەران بە ئاوی لافاو لەناو ناچن، هەرگیز جارێکی دیکە لافاو وا نابێت زەوی بە تەواوی وێران بکات.»
- 12
- ئینجا خودا فەرمووی: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان دەیبەستم، پەیمانێکە بۆ هەموو نەوەکانی داهاتوو.
- 13
- وا پەلکەزێڕینەی خۆمم لەناو هەورەکاندا داناوە، کە دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و زەوی.
- 14
- ئینجا هەرکاتێک هەورم بەسەر زەویدا هێنا و پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا دەرکەوت،
- 15
- من پەیوەست دەبم بە پەیمانەکەم لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو گیانێکی زیندوو لە هەموو جۆرێک. هەرگیز جارێکی دیکە ئاو لافاوێکی وا دروستناکات کە هەموو ژیانێک لەناو ببات.
- 16
- هەرکاتێک پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا بێت، دەیبینم و پەیوەست دەبم بە پەیمانە هەتاهەتاییەکەوە، کە لەنێوان خودا و هەموو جۆرە گیانێکی زیندووی سەر زەوییە.»
- 17
- ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە کە لەنێوان خۆم و هەموو ژیانێکی لەسەر زەویدا بەستوومە.»
- کوڕانی نوح
- 18
- جا کوڕانی نوح کە سام و حام و یافەت بوون، لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە. حام باوکی کەنعان بوو.
- 19
- ئەمانە سێ کوڕەکەی نوح بوون کە لەمانەوە خەڵکی لە سەرتاسەری زەویدا بڵاو بوونەوە.
- 20
- نوح دەستی بە ئیشی جوتیاری کرد و ڕەزە مێوێکی چاند.
- 21
- ئینجا کە لە شەرابی مێوەکەی خواردەوە، سەرخۆش بوو و لەناو چادرەکەیدا بە ڕووتی ڕاکشا.
- 22
- حامی باوکی کەنعان، باوکی بە ڕووتی بینی و لە دەرەوە بە هەردوو براکەی ڕاگەیاند.
- 23
- بەڵام سام و یافەت پۆشاکێکیان هێنا و خستیانە سەر شانیان، ئینجا پشتاوپشت چوون و ڕووتییەکەی باوکیان داپۆشی، ڕووشیان بەرەو دواوە بوو، ئیتر ڕووتییەکەی باوکیان نەبینی.
- 24
- کاتێک نوح لە سەرخۆشییەکەی بەئاگا هاتەوە، زانی کوڕە بچووکەکەی چی پێکردووە.
- 25
- ئینجا گوتی:
«نەفرەت لێکراو بێت کەنعان!
دەبێتە کۆیلەی کۆیلەکان،
بۆ براکانی.» - 26
- هەروەها گوتی:
«ستایش بۆ یەزدان، پەروەردگاری سام!
با کەنعان ببێتە کۆیلەی سام. - 27
- با خودا دەرگا بۆ یافەت بکاتەوە و
لە چادرەکانی سام جێنشین بێت.
با کەنعان ببێتە کۆیلەی ئەو.» - 28
- دوای لافاوەکە نوح سێ سەد و پەنجا ساڵ ژیا.
- 29
- هەموو تەمەنی نوح نۆ سەد و پەنجا ساڵ بوو، ئیتر مرد.
- a. 9:4 خوێن: لە زمان و کەلتوری عیبری خوێن هێمای ژیانە، ژیانیش لەلایەن یەزدانەوە بەخشراوە، لەبەر ئەو هۆکارە جولەکەکان ڕێگەیان بە خواردنی گۆشتێک نەدەدا کە خوێنی تێدابێت، چونکە هێمای ژیان بوو.