عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- ئینجا خودا نوحی بەسەرکردەوە، لەگەڵ هەموو ئاژەڵە کێوییەکان و هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان کە لە کەشتییەکەدا لەگەڵی بوون. ئیتر خودا بایەکی بەسەر زەویدا هەڵکرد و ئاو کەم بووەوە.
- 2
- سەرچاوەکانی قووڵایی و دەروازەکانی ئاسمان داخران. بارانیش لە ئاسمانەوە وەستا.
- 3
- ئاو بەرەبەرە لە زەوی بەرەو دواوە گەڕایەوە. دوای سەد و پەنجا ڕۆژ ئاو کەم بووەوە.
- 4
- لە حەڤدەمین ڕۆژی مانگی حەوتەم کەشتییەکە لەسەر چیاکانی ئارارات گیرسایەوە.
- 5
- هەتا مانگی دەیەم هەتا دەهات ئاو کەمی دەکرد. لە یەکەم ڕۆژی مانگی دەیەم لووتکەی شاخەکان دەرکەوتن.
- 6
- دوای چل ڕۆژ، نوح ئەو پەنجەرە بچووکەی کردەوە کە لە کەشتییەکەدا دروستی کردبوو.
- 7
- ئینجا قەلەڕەشێکی نارد. ئەویش دەهات و دەچوو هەتا ئاو لەسەر ڕووی زەوی وشک بووەوە.
- 8
- پاشان کۆترێکی نارد بۆ ئەوەی ببینێت ئایا ئاوەکە لەسەر ڕووی زەوی کەمی کردووە.
- 9
- بەڵام کۆترەکە شوێن پێیەکی بۆ خۆی نەدۆزییەوە، چونکە ئاو لەسەر هەموو ڕووی زەوی بوو، ئیتر گەڕایەوە لای نوح بۆ ناو کەشتییەکە. ئەویش دەستی بۆ ڕاگرت و گرتی، بردییەوە لای خۆی، بۆ ناو کەشتییەکە.
- 10
- حەوت ڕۆژی دیکە چاوەڕێی کرد و دیسان کۆترەکەی لە کەشتییەکەوە ڕەوانە کرد.
- 11
- کۆترەکە ئێوارە گەڕایەوە بۆ لای، ئەم جارە گەڵایەکی تەڕ و تازەی زەیتوونی بە دەنووکەوە بوو. نوح زانی کە ئاو لەسەر ڕووی زەوی کەمی کردووە.
- 12
- حەوت ڕۆژی دیکە چاوەڕێی کرد و جارێکی دیکە کۆترەکەی ناردەوە، بەڵام ئەم جارەیان کۆترەکە نەگەڕایەوە لای.
- 13
- نوح لە یەکی مانگی یەکەمی شەش سەد و یەکەمین ساڵیدا بوو، کە ئاو لە زەوی وشک بووەوە. نوح پۆشەری سەر کەشتییەکەی لابرد و بینی وا ڕووی زەوی وشک بووەتەوە.
- 14
- لە بیست و حەوتی مانگی دووەم، زەوی بە تەواوی وشک بووەوە.
- 15
- ئینجا خودا بە نوحی فەرموو:
- 16
- «خۆت و ژنەکەت و کوڕ و بووکەکانت، لە کەشتییەکە وەرنە دەرەوە.
- 17
- هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتن، لە باڵندە و ئاژەڵ و هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی لەسەر زەوی دەخشێن، لەگەڵ خۆت بهێنە دەرەوە، تاکو زەوی پڕ بکەنەوە و بەردار ببن و لەسەر زەوی زۆر ببن.»
- 18
- جا نوح خۆی و کوڕەکانی و ژنەکەی و بووکەکانی لەگەڵی هاتنە دەرەوە.
- 19
- هەموو گیاندارەکانیش بە هەموو بوونەوەرە خشۆکەکان و هەموو باڵندەکان و هەموو ئەوانەی لەسەر زەوی دەبزوێن، بەپێی جۆرەکانیان لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە.
- 20
- نوح قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد، لە هەموو ئاژەڵە پاکەکان و لە هەموو باڵندە پاکەکانی هێنا و لەسەر قوربانگاکە کردنی بە قوربانی سووتاندن.
- 21
- جا یەزدان کە بۆنەکەی بەلاوە خۆش بوو، لە دڵی خۆیدا فەرمووی: «جارێکی دیکە بەهۆی مرۆڤەوە نەفرەت لە زەوی ناکەم، چونکە مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە دڵی مەیلی خراپەکاری هەیە. جارێکی دیکە نایەم هەرچی بوونەوەری زیندوو هەیە لەناوی ببەم، وەک چۆن کردم.
- 22
- «هەتا زەوی بمێنێت،
چاندن و دروێنە،
ساردی و گەرمی،
هاوین و زستان،
شەو و ڕۆژ،
هەرگیز ناوەستێت.»