عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- ئینجا یەزدان بە نوحی فەرموو: «خۆت و خاووخێزانەکەت بڕۆنە ناو کەشتییەکەوە، چونکە لەم نەوەیەدا تەنها تۆم بە ڕاستودروست بینیوە لەبەردەمم.
- 2
- لە هەموو جۆرێکی ئاژەڵە پاکەکان، نێر و مێ، حەوت جووت لەگەڵ خۆت دەبەیت، لەو ئاژەڵانەی پاک نین، نێر و مێ، جووتێک دەبەیت.
- 3
- لە باڵندەکانی ئاسمانیش حەوت جووت، لە نێر و مێیان، بۆ هێشتنەوەی ڕەگەزەکانیان لەسەرتاسەری ڕووی زەوی.
- 4
- دوای حەوت ڕۆژی دیکە، چل شەو و چل ڕۆژ باران بەسەر زەویدا دەبارێنم. هەموو ئەو بوونەوەرە زیندووانە لەسەر ڕووی زەوی دەسڕمەوە کە دروستم کردوون.»
- 5
- نوح هەموو شتێکی بەپێی فەرمانی یەزدان ئەنجام دا.
- 6
- نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو کە لافاو لەسەر زەوی هەستا.
- 7
- نوح خۆی و کوڕەکانی و ژنەکەی و بووکەکانی پێش ئاوی لافاوەکە چوونە ناو کەشتییەکە.
- 8
- لە ئاژەڵە پاک و ئاژەڵە ناپاکەکان، لە باڵندە و هەموو ئەو بوونەوەرانەی لەسەر زەوی دەخشێن،
- 9
- جووت جووت لە نێر و مێ، هاتنە لای نوح و چوونە ناو کەشتییەکە، هەروەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو.
- 10
- دوای حەوت ڕۆژەکە ئاوی لافاوەکە هاتە سەر زەوی.
- 11
- کاتێک نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو، لە حەڤدەمین ڕۆژی مانگی دووەم، لەو ڕۆژەدا هەموو سەرچاوەکانی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی[a] تەقینەوە و دەروازەکانی ئاسمانیش کرانەوە.
- 12
- چل شەو و چل ڕۆژیش لەسەر زەوی باران باری.
- 13
- هەر لە هەمان ڕۆژدا نوح و کوڕەکانی، سام و حام و یافەت، پێکەوە لەگەڵ ژنەکەی و هەر سێ بووکەکەی چوونە ناو کەشتییەکەوە.
- 14
- لەگەڵیان هەموو ئاژەڵە کێوییەکان بەپێی جۆریان، هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان بەپێی جۆریان، هەموو بوونەوەرە خشۆکەکان بەپێی جۆریان، هەموو باڵندەیەک بەپێی جۆریان و هەموو باڵدارێک.
- 15
- جووت جووت لە هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانیان تێدابوو، چوونە ناو کەشتییەکە بۆ لای نوح.
- 16
- ئەوانەی دەهاتنە ناوەوە لە نێر و مێی هەموو گیاندارێکی زیندوو بوون، وەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. ئینجا یەزدان لەدوایەوە دەرگای کەشتییەکەی داخست.
- 17
- لافاوەکە بۆ ماوەی چل ڕۆژ لەسەر زەوی بەردەوام بوو. کاتێک ئاو زۆر بوو کەشتییەکەی هەڵگرت، ئیتر کەشتییەکە لە زەوی بەرزبووەوە.
- 18
- ئاو لەسەر زەوی بەرزبووەوە و گەلێک زۆر بوو، کەشتییەکەش لەسەر ڕووی ئاوەکە دەڕۆیشت.
- 19
- ئاو لەسەر زەوی زۆر بەرزبووەوە هەتا هەموو شاخە بەرزەکانی ژێر هەموو ئاسمان داپۆشران.
- 20
- بە بەرزی پازدە باڵ[b] ئاو لەسەر شاخەکان بەرزبووەوە، شاخەکانیش داپۆشران.
- 21
- ئیتر هەموو شتێکی زیندوو کە لەسەر زەوی دەجوڵایەوە لەناوچوو، لە باڵندە و ئاژەڵی ماڵی و ئاژەڵی کێوی و هەموو ئەو کۆمەڵە زیندەوەرانەی لەسەر زەوی دەجوڵانەوە، هەموو ئادەمیزادیش.
- 22
- هەر شتێک لەسەر وشکانی کە هەناسەی ژیان لە لووتیدا بوو، مرد.
- 23
- هەموو شتێکی زیندوو لەسەر ڕووی زەوی سڕایەوە، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەرە خشۆکەکان و هەموو باڵندەکانی ئاسمانیش، لەسەر زەوی سڕانەوە. تەنها نوح و ئەوانە مانەوە کە لە کەشتییەکە لەگەڵی بوون.
- 24
- ئاوی لافاویش سەد و پەنجا ڕۆژ لەسەر زەوی بوو.
- a. 7:11 بەپێی بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کۆن، لەژێر زەویدا دەریایەک هەبووە کە سەرچاوەی کانیاو و ڕووبارەکان بووە.
- b. 7:20 پازدە باڵ: نزیکەی 7 مەترە.