عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- یاقوب داوای بەرەکەت بۆ کوڕەکانی دەکات
- 1
- ئینجا یاقوب کوڕەکانی خۆی بانگکرد و گوتی: «کۆببنەوە تاکو پێتان بڵێم کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چیتان بەسەردێت.
- 2
- «ئەی کوڕانی یاقوب، کۆببنەوە و گوێ بگرن،
گوێ لە ئیسرائیلی باوکتان بگرن. - 3
- «ڕەئوبێن، تۆ نۆبەرەکەی منیت،
هێزی منیت و یەکەم توانامیت،
سەری شانازی و سەری هێزی. - 4
- هەڵچوو وەک ئاو، باڵادەست نابیت،
چونکە چوویتە سەر پێخەفەکەی باوکت،
گڵاوت کرد، سەرکەوتیتە سەر نوێنەکەم. - 5
- «شیمۆن و لێڤی بران،
بە چەکی توندوتیژی چەکدارن.[a] - 6
- من ناچمە ناو کۆڕی ڕاوێژیان،
سەنگینی من یەک ناگرێتەوە لەگەڵ کۆمەڵەکەیان،
چونکە لە کاتی تووڕەبوونیاندا مرۆڤیان کوشت و
لە خۆشیشیاندا گایان لە پێ خست. - 7
- نەفرەت لە تووڕەییان کەوا توندە،
لە هەڵچوونیان کەوا سەختە.
لەناو یاقوب بەشیان دەکەم و
لەناو ئیسرائیل بڵاوەیان پێ دەکەم. - 8
- «یەهودا[b] ، براکانت ستایشی تۆ دەکەن،
دەستت لەسەر پشتەملی دوژمنانت دەبێت،
کوڕانی باوکیشت کڕنۆشت بۆ دەبەن. - 9
- بەچکە شێرە یەهودا،
لەسەر نێچیر گەڕایتەوە، کوڕی خۆم.
خۆی نوشتاندەوە، خۆی مات دا، وەک شێر،
وەک شێرە مێ، کێ هەڵیدەستێنێت؟ - 10
- داردەستەکە لە یەهودا دانابڕێت،
گۆچانی فەرمانکردنیش لەنێوان قاچەکانی،
هەتا ئەو کەسە دێت کە خاوەنیەتی،[c]
گەلان هەر بۆ ئەو ملکەچ دەبن. - 11
- نێرەکەرەکەی بە دار مێو دەبەستێتەوە و
ماکەرەکەی بە باشترین لقە مێوەوە.
جلەکانی لەناو شەراب دەشوات و
پۆشاکەکەی لەناو خوێنی ترێ. - 12
- چاوەکانی لە شەراب تۆخترن و
ددانەکانی لە شیر سپیترن. - 13
- «زەبولون لە کەناری دەریا نیشتەجێ دەبێت،
دەبێتە بەندەری کەشتییەکان،
سنووریشی هەتا سەیدا دەبێت. - 14
- «یەساخار نێرەکەرێکی زەبەلاحە و
لەنێوان دوو هەگبە مات بووە. - 15
- بینی شوێنێکی باشە بۆ پشوودان و
زەوییەکەی دڵگیرە،
شانی دەچەمێتەوە بۆ بار و
دەبێتە کۆیلەی کاری زۆرەملێ. - 16
- «دان دادوەری گەلەکەی خۆی دەکات،
وەک یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل. - 17
- دان مارێک دەبێت لەسەر ڕێگا،
مارێکی ژەهراوی لەسەر ڕێڕەو،
بە پاژنەی ئەسپەوە دەدات و
سوارەکەی بەرەو دواوە بەردەبێتەوە. - 18
- «ئەی یەزدان، چاوەڕێی ڕزگاریی تۆم.
- 19
- «چەتە پەلاماری گاد دەدەن،
بەڵام ئەو دەگاتە پاژنەی پێیان و پەلاماریان دەدات. - 20
- «لە ئاشێر نانی چەور دەبێت،
ئەو خواردنی چەور و بەتام دەداتە پاشایان. - 21
- «نەفتالی ئاسکێکی دەرپەڕیوە و
بەچکەی جوانی دەبێت. - 22
- «یوسف مێوێکی بەردارە،
مێوێکی بەردارە لەسەر کانیاو،
چڵەکانی بەسەر دیوارێکدا هەڵگەڕاون. - 23
- تیرئەندازان دڕندانە پەلاماریان دا و
ڕمیان تێگرت و هەراسانیان کرد. - 24
- بەڵام کەوانەکەی بە توندوتۆڵی مایەوە،
بازووەکانی دەستی لێزان بوون،
بە دەستی توانادارەکەی یاقوب،
بە ناوی شوانەکە، تاشەبەردەکەی ئیسرائیل[d] ، - 25
- بەهۆی خوداکەی باوکتەوە کە یارمەتیت دەدات،
بەهۆی هەرە بەتواناوە کە بەرەکەتدارت دەکات،
بە بەرەکەتەکانی ئاسمان لە سەرەوە و
بەرەکەتەکانی ئەو قووڵاییەی ماتە لە ژێرەوە،
بەرەکەتەکانی هەردوو مەمک و منداڵدان. - 26
- بەرەکەتەکانی باوکت مەزنترن
لە بەرەکەتەکانی چیای هەتاهەتایی،
لە بەخشندەیی گردە دێرینەکان.
با بەسەر سەری یوسفەوە بن،
بەسەر ناوچەوانی جیاکراوە لە براکانی. - 27
- «بنیامین گورگێکی دڕندەیە،
بەیانییان نێچیر دەخوات و
ئێوارانیش دەستکەوت دابەش دەکات.» - 28
- هەموو ئەمانە دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیلن. ئەمەش ئەوە بوو کە باوکیان پێی گوتن و داوای بەرەکەتی بۆ کردن، هەریەکەیان بەپێی بەرەکەتەکەی خۆی داوای بەرەکەتی بۆ کردن.
- مردنی یاقوب
- 29
- ئینجا فەرمانی پێدان و پێی گوتن: «من دەچمە پاڵ گەلەکەی خۆم. لەلای باوباپیرانم بمنێژن، لەو ئەشکەوتەی لەناو کێڵگەکەی عەفرۆنی حیتییە،
- 30
- کە لە کێڵگەکەی مەخپێلەیە و ڕووەو مەمرێیە لە خاکی کەنعان، ئەوەی ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکەدا لە عەفرۆنی حیتی کڕی تاکو بیکات بە گۆڕستان.
- 31
- ئیبراهیم و سارای ژنی لەوێ نێژراون، ئیسحاق و ڕڤقەی ژنیشی لەوێ نێژراون، هەر لەوێش لێئەم ناشت.
- 32
- کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناوی لە حیتییەکان کڕدرابوون.»
- 33
- کاتێک یاقوب لە ڕاسپاردنی کوڕەکانی تەواو بوو، هەردوو پێی خۆی خستەوە سەر قەرەوێڵەکە و دواهەناسەی دا و چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
- a. 49:5 مەبەست لە توندوتیژی شیمۆن و لێڤییە بەرامبەر بە خەڵکی شەخەم. بڕوانە 34:25.
- b. 49:8 وشەی (یەهودا) لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (ستایش)ی عیبری نزیکە.
- c. 49:10 پێشبینییەکە بۆ هاتنی مەسیح.
- d. 49:24 ڕەوانبێژی لێکچواندنە، مەبەستی یەزدانە.