عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- براکانی یوسف بۆ میسر دەچن
- 1
- کاتێک یاقوب زانی کە لە میسر گەنم هەیە، بە کوڕەکانی خۆی گوت: «بۆ سەیری یەکتری دەکەن؟»
- 2
- گوتی: «بیستوومە لە میسر گەنم هەیە. بڕۆن و لەوێ بۆمان بکڕن، بۆ ئەوەی بژین و نەمرین.»
- 3
- ئیتر دە برای یوسف بەرەو خوار چوون بۆ کڕینی گەنم لە میسر.
- 4
- بەڵام یاقوب بنیامینی برای یوسفی لەگەڵ براکانی نەنارد، چونکە گوتی نەوەک تووشی بەڵایەک بێت.
- 5
- ئیتر کوڕانی ئیسرائیل هاتن بۆ کڕینی گەنم لەگەڵ ئەو خەڵکەی کە دەهاتن، چونکە لە خاکی کەنعان قاتوقڕی هەبوو.
- 6
- یوسف خۆی دەسەڵاتداری خاکی میسر بوو، هەر خۆشی گەنمی بە هەموو گەل دەفرۆشت. بۆیە کاتێک براکانی یوسف گەیشتنە میسر، کڕنۆشیان بۆ برد و سەریان خستە سەر زەوی.
- 7
- هەرکە یوسف تەماشای براکانی کرد، یەکسەر ئەوانی ناسییەوە، بەڵام خۆی لێ گۆڕین و بە ڕەقی قسەی لەگەڵ کردن و لێی پرسین: «لەکوێوە هاتوون؟»
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لە خاکی کەنعانەوە بۆ خۆراک کڕین.» - 8
- هەرچەندە یوسف براکانی خۆی ناسییەوە، بەڵام ئەوان ئەمیان نەناسییەوە.
- 9
- ئینجا یوسف ئەو خەونانەی هاتەوە یاد کە بە ئەوانییەوەی بینیبوو، پێی گوتن: «ئێوە سیخوڕن! بۆ ئەوە هاتوون تاکو خاڵی لاوازی خاکەکە ببینن.»
- 10
- ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «نەخێر گەورەم، بەڵکو خزمەتکارەکانت بۆ ئەوە هاتوون خۆراک بکڕن.
- 11
- ئێمە هەموومان کوڕی پیاوێکین، کەسانێکی سەرڕاستین، خزمەتکارەکانت سیخوڕ نین.»
- 12
- ئەویش پێی گوتن: «نەخێر، بەڵکو هاتوون تاکو خاڵی لاوازی خاکەکە ببینن.»
- 13
- بەڵام ئەوان گوتیان: «خزمەتکارەکانت دوازدە بران. ئێمە کوڕی پیاوێکین لە خاکی کەنعان. ئەمڕۆ بچووکەکەمان لەلای باوکمانە، یەکێکیشمان بێ سەروشوێنە.»
- 14
- یوسفیش پێی گوتن: «ئەوەیە کە پێم گوتن، ئێوە سیخوڕن.
- 15
- بەمە تاقی دەکرێنەوە: بە گیانی فیرعەون، لێرە ناچنە دەرەوە هەتا برا بچووکەکەتان نەیەت بۆ ئێرە.
- 16
- یەکێک لە خۆتان بنێرن تاکو براکەتان بهێنێت. ئێوەش لێرە بەند دەکرێن بۆ ئەوەی قسەکەتان تاقی بکرێتەوە و بزانرێت ئاخۆ ڕاستتان گوتووە. ئەگەر نا، ئەوا بە گیانی فیرعەون ئێوە سیخوڕن.»
- 17
- ئیتر هەموویانی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ زیندانی کرد.
- 18
- لە ڕۆژی سێیەم یوسف پێی گوتن: «ئەمە بکەن و بژین، من کەسێکی لەخواترسم.
- 19
- ئەگەر ئێوە سەرڕاستن، با یەکێک لە براکانتان لێرە زیندانی بکرێت و ئەوانی دیکەشتان بڕۆن و گەنم ببەنەوە بۆ ماڵ و خێزانە برسییەکانتان.
- 20
- بەڵام دەبێت برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن، ئینجا ڕاستی قسەکانتان دەردەکەوێت و نامرن.» ئەوانیش بەم جۆرەیان کرد.
- 21
- بە یەکتریشیان گوت: «بەڕاستی ئێمە بەهۆی براکەمانەوەیە وا ئێستا سزا دەدرێین. کاتێک لێمان پاڕایەوە بینیمان چەند پەرێشان بوو، بەڵام گوێمان لێی نەگرت، لەبەر ئەوەشە ئەم تەنگانەیەمان بەسەرهاتووە.»
- 22
- ڕەئوبێنیش وەڵامی دانەوە: «ئەی پێم نەگوتن گوناه بەرامبەر بەو کوڕە مەکەن؟ بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت! ئێستا داوای خوێنەکەی دەکرێت.»
- 23
- ئەوان نەیاندەزانی کە یوسف لە قسەکانیان تێدەگات، چونکە لە ڕێگەی وەرگێڕەوە قسەی لەگەڵ دەکردن.
- 24
- ئیتر لێیان جیا بووەوە و دەستی بە گریان کرد، بەڵام دوای ئەوە گەڕایەوە لایان و کەوتەوە قسەکردن لەگەڵیان. ئینجا شیمۆنی لێسەندن و لەپێش چاویان بەستییەوە.
- 25
- دوای ئەوە یوسف فەرمانی دا جەواڵەکانیان پڕ بکرێت لە گەنم و زیوی هەریەکەشیان بخرێتەوە هەگبەکەی خۆی و ئازووقەشیان پێبدرێت بۆ ڕێگا. ئیتر وایان بۆ کرا.
- 26
- گەنمەکەیان لە گوێدرێژەکانیان بارکرد و لەوێ ڕۆیشتن.
- 27
- لەو شوێنەی بۆ مانەوەی شەو لێی ڕاوەستان، یەکێکیان هەگبەکەی خۆی کردەوە بۆ ئەوەی ئالیک بداتە گوێدرێژەکەی، بینی زیوەکەی وا لە دەمی هەگبەکەیەتی.
- 28
- بە براکانی خۆی گوت: «زیوەکەم بۆ گەڕێنراوەتەوە، وا لە هەگبەکەمدایە.»
ئەوانیش دڵەکوتێیان تێکەوت و بە ترس و لەرزەوە بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە خودا بە ئێمەی کردووە؟» - 29
- ئینجا هاتنە لای یاقوبی باوکیان لە خاکی کەنعان، هەرچییەکیان بەسەرهاتبوو بۆیان گێڕایەوە و گوتیان:
- 30
- «ئەو پیاوەی گەورەی خاکەکەیە بە ڕەقییەوە قسەی لەگەڵ کردین و وای دەزانی ئێمە سیخوڕیی بەسەر خاکەکەوە دەکەین.
- 31
- بەڵام ئێمە پێمان گوت: ”ئێمە سەرڕاستین و سیخوڕ نین.
- 32
- ئێمە دوازدە برای کوڕی باوکێکین. یەکێکمان نەماوە و بچووکەکەشمان ئەمڕۆ لەلای باوکمانە لە خاکی کەنعان.“
- 33
- «ئەو پیاوەش کە گەورەی خاکەکەیە پێی گوتین: ”بەمەدا دەزانم ئێوە سەرڕاستن: با یەکێک لە براکانتان لەلای من بمێنێتەوە و ئەوەی بۆ ماڵ و خێزانە برسییەکانتان پێویستە بیبەن و بڕۆن.
- 34
- ئینجا برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن. ئیتر بەوەدا دەزانم کە ئێوە سیخوڕ نین و کەسانێکی سەرڕاستن. ئەو کات براکەتان پێدەدەمەوە و دەشتوانن لە خاکەکەدا بازرگانی بکەن.“»
- 35
- کاتێک هەگبەکانیان بەتاڵ دەکرد، کیسەی زیوی هەریەکەیان لە هەگبەکەی خۆیدا بوو! ئیتر خۆیان و باوکیان کە کیسەی زیوەکانیان بینی، ترسیان لێ نیشت.
- 36
- یاقوبی باوکیشیان پێی گوتن: «منتان لە منداڵەکانم بێبەش کرد. یوسف نەما و شیمۆنیش نەما، ئێستاش بنیامین دەبەن. هەمووی بەسەر مندا شکاوەتەوە.»
- 37
- ڕەئوبێن بە باوکی گوت: «ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە هەردوو کوڕەکەم بکوژە. بیدە دەستی من، خۆم بۆتی دەهێنمەوە.»
- 38
- بەڵام یاقوب گوتی: «کوڕی من لەگەڵ ئێوە نایەت، چونکە براکەی مردووە و ئەویش بە تەنها ماوەتەوە. ئەگەر لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن تووشی شتێک بێت، ئەوا سەری سپیم بە خەمەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.»