عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- یوسف و ژنی پۆتیفەر
- 1
- یوسف بەرەو خوار بردرا بۆ میسر. لەوێ پیاوێکی میسری بە ناوی پۆتیفەر کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکانی بوو، لە ئیسماعیلییەکانی کڕی کە هێنابوویان بۆ میسر.
- 2
- یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، بۆیە بووە پیاوێکی سەرکەوتوو. ئەو لە ماڵی گەورە میسرییەکەیدا دەژیا.
- 3
- کاتێک گەورەکەی بینی کە یەزدانی لەگەڵدایە و دەست بداتە هەر کارێکیش یەزدان سەرکەوتووی دەکات،
- 4
- یوسف لەبەرچاوی پەسەند بوو و خزمەتی کرد. پۆتیفەریش کردی بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچییەکی هەبوو دایە دەست ئەم.
- 5
- ئیتر لەو کاتەوە کە ئەمی کرد بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچی کە هەیبوو، یەزدان لەبەر یوسف ماڵی ئەو میسرییەی بەرەکەتدار کرد. بەرەکەتەکەی یەزدانیش بۆ هەموو ئەو شتانە بوو کە هی پۆتیفەر بوو، چ لەناو ماڵەکەی و چ لە دەشتودەر.
- 6
- ئیتر هەرچییەکی هەبوو بۆ یوسفی بەجێهێشت، ئاگاداری هیچی خۆشی نەبوو، تەنها ئەو نانە نەبێت کە دەیخوارد.
یوسفیش ڕوخسار جوان و بەژن ڕێک بوو. - 7
- دوای ماوەیەک ژنی گەورەکەی چاوی بڕییە یوسف و پێی گوت: «وەرە سەرجێییم لەگەڵ بکە.»
- 8
- بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە و بە ژنی گەورەکەی گوت: «تەماشا بکە، گەورەم ئاگای لە هیچ شتێکی ماڵەکەی نییە، هەرچییەکیشی هەیە بە منی سپاردووە.
- 9
- کەسیش لە ماڵەکەدا لە من گەورەتر نییە. هیچیشی لێ قەدەغە نەکردووم، تەنها تۆ نەبێت، چونکە تۆ ژنی ئەویت. ئیتر چۆن دەبێت بەدکارییەکی ئاوا گەورە بکەم و گوناه بەرامبەر بە خودا بکەم؟»
- 10
- هەرچەندە ڕۆژانە ئەم داوایەی لە یوسف دەکرد، بەڵام ئەو ڕەتی دەکردەوە کە لەگەڵی سەرجێیی بکات یان لەگەڵی بێت.
- 11
- ڕۆژێکیان یوسف بۆ ئەنجامدانی کارەکانی هاتە ناو ماڵەکە، لەکاتێکدا هیچ کام لە خزمەتکاران لە ماڵ نەبوون.
- 12
- ژنەکە کەواکەی یوسفی گرت و گوتی: «سەرجێییم لەگەڵ بکە!» بەڵام یوسف کەواکەی لە دەستی ئەو بەجێهێشت و هەڵات و چووە دەرەوە.
- 13
- کە بینی وا کەواکەی لە دەستی ئەم بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە،
- 14
- بانگی کەسانی ماڵەکەی کرد و پێی گوتن: «سەیر بکەن، پیاوێکی عیبرانی بۆ هێناوین دەستبازیمان لەگەڵ بکات. بۆم هاتووەتە ژوورەوە هەتا لاقەم بکات، بەڵام من بە دەنگی بەرز قیژاندم.
- 15
- ئیتر کە گوێی لێبوو دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵات و چووە دەرەوە.»
- 16
- کەواکەی ئەوی لەلای خۆی دانا هەتا گەورەکەی گەڕایەوە ماڵەوە.
- 17
- ئیتر هەمان قسەی بۆ ئەویش گێڕایەوە و پێی گوت: «ئەو خزمەتکارە عیبرانییەی کە تۆ بۆت هێناین، بۆم هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی دەستبازیم لەگەڵ بکات.
- 18
- بەڵام کە دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە.»
- 19
- کاتێک گەورەکەی ئەو قسەیەی لە ژنەکەی خۆی بیست کە پێی گوت: «خزمەتکارەکەت ئاوای پێکردم،» تووڕەیی جۆشا.
- 20
- ئینجا گەورەکەی یوسفی هێنا و خستییە زیندانەوە، ئەو شوێنەی زیندانییەکانی پاشای لێ بەند کرابوون.
ئیتر لەوێ لە زیندان مایەوە. - 21
- بەڵام یەزدان لەگەڵ یوسف بوو و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی بەسەردا کێشا و لەبەرچاو کارگێڕی زیندانەکە پەسەندی کرد.
- 22
- ئیتر کارگێڕی زیندانەکە هەموو ئەو زیندانییانەی خستە ژێر دەستی یوسف کە لە زیندانەکەدا بوون، کردیشی بە لێپرسراوی هەموو کارەکانی ئەوێ.
- 23
- کارگێڕی زیندانەکەش سەیری هیچ شتێکی نەدەکرد کە بە دەست یوسف بووایە، چونکە یەزدان لەگەڵ یوسف بوو و هەموو کارەکانیشی سەردەخست.