عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ڕاکردنی یاقوب لەلای لابان
- 1
- یاقوب گوێی لە کوڕەکانی لابان بوو کە دەیانگوت: «هەموو ئەوەی هی باوکمان بوو یاقوب بردی و لە ڕێگەی ماڵ و سامانی باوکمانەوە ئەم هەموو سامانەی پێکەوە نا.»
- 2
- هەروەها یاقوب بینی کە هەڵسوکەوتی لابان بەرامبەری گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە.
- 3
- یەزدان بە یاقوبی فەرموو: «بگەڕێوە بۆ خاکی باوکانت و بۆ لای کەسوکارەکەت، منیش لەگەڵت دەبم.»
- 4
- یاقوبیش بەدوای ڕاحێل و لێئەدا ناردی کە بێن بۆ لای بۆ ئەو لەوەڕگایەی مەڕوماڵاتەکەی لێیە.
- 5
- پێی گوتن: «دەبینم باوکتان بەرامبەر بە من گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە، بەڵام خودای باوکم لەگەڵ من بووە.
- 6
- خۆتان دەزانن کە من بە هەموو توانامەوە خزمەتی باوکتانم کردووە،
- 7
- کەچی باوکتان هەڵیخەڵەتاندم و دە جار کرێیەکەی منی گۆڕی. بەڵام خودا ڕێی پێنەدا کە خراپەم لەگەڵ بکات.
- 8
- کاتێک دەیگوت: ”بزنە خاڵدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خاڵداریان دەبوو. بەڵام کاتێک ڕای خۆی دەگۆڕی و دەیگوت: ”بزنە خەتدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خەتداریان دەبوو.
- 9
- خودا مەڕوماڵاتی باوکتانی برد و دایە من.
- 10
- «لە کاتی پەڕینی ئاژەڵەکاندا خەونێکم دیت کە تێیدا چاوم هەڵبڕی و بینیم کە ئەو تەگانەی کە لە بزنەکان دەپەڕن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن.
- 11
- فریشتەی خوداش لە خەونەکە پێی فەرمووم: ”یاقوب.“ منیش گوتم: ”ئەوەتام.“
- 12
- ئەویش فەرمووی: ”چاو هەڵبڕە و بڕوانە، وا هەموو ئەو تەگانەی لەگەڵ بزنەکان جووت دەبن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. هەموو ئەوەم بینیوە کە لابان بە تۆی کردووە.
- 13
- من خودای بێتئێلم، ئەو شوێنەی تێیدا بەردێکت بە ستوونی ڕاگیر کرد و زەیتت بەسەریدا کرد، لەوێ نەزرت بۆ کردم. ئێستاش هەستە و لەم خاکە بڕۆ دەرەوە و بگەڕێوە بۆ خاکی لەدایکبوونەکەت.“»
- 14
- ئینجا ڕاحێل و لێئە وەڵامیان دایەوە و پێیان گوت: «ئایا لە ماڵی باوکمان بەش و میراتمان هەیە؟
- 15
- مەگەر لای ئەو بە بێگانە دانەنراوین؟ نە تەنها ئێمەی فرۆشت، بەڵکو ئەو پارەیەشی خوارد کە پێمان درابوو.
- 16
- هەموو ئەو سامانەی خودا لە باوکمانی برد بۆ ئێمە و منداڵەکانمانە. ئێستاش هەرچی خودا پێی فەرموویت بیکە.»
- 17
- ئیتر یاقوب هەستا و منداڵەکانی و ژنەکانی سواری وشترەکان کرد.
- 18
- هەموو مەڕوماڵات و ئەو شتانەی لە پەدان ئارام دەستی کەوتبوو دایە پێش خۆی و بەرەو خاکی کەنعان بۆ لای ئیسحاقی باوکی کەوتە ڕێ.
- 19
- کاتێک لابان بۆ بڕینەوەی مەڕەکانی چووبوو، ڕاحێل بتەکانی[a] باوکی دزی.
- 20
- هەروەها یاقوبیش لابانی ئارامی هەڵخەڵەتاند، چونکە پێی ڕانەگەیاند کە ڕادەکات.
- 21
- ئیتر بە هەموو ئەو شتانەوە کە هەیبوو هەڵات، لە ڕووباری فورات پەڕییەوە و ڕووی کردە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد.
- لابان دوای یاقوب دەکەوێت
- 22
- ڕۆژی سێیەم بە لابان ڕاگەیەنرا کە یاقوب هەڵاتووە.
- 23
- ئەویش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دوای کەوت، هەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد پێی گەیشتەوە.
- 24
- خودا لە شەودا هاتە خەونی لابانی ئارامی و پێی گوت: «وریا بە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.»
- 25
- کاتێک لابان گەیشتە یاقوب، یاقوب لە چیاکە چادرەکەی هەڵدابوو، لابانیش لەگەڵ پیاوەکانی لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد چادریان هەڵدا.
- 26
- لابان بە یاقوبی گوت: «ئەمە چییە کردووتە؟ هەڵتخەڵەتاندووم و کچەکانی منیشت وەک ڕاپێچکراو داوەتە پێش خۆت.
- 27
- بۆچی بەدزییەوە ڕاتکرد و هەڵتخەڵەتاندم؟ بۆچی ئاگادارت نەکردمەوە بۆ ئەوەی بە شادی و گۆرانییەوە، بە دەف و بە قیسارەوە بەڕێت بکەم؟
- 28
- تەنانەت ڕێگات پێنەدام کە نەوە و کچەکانم ماچ بکەم. تۆ ڕەفتارێکی گێلانەت کرد.
- 29
- لە دەسەڵاتمدایە خراپتان پێ بکەم، بەڵام خودای باوکتان دوێنێ پێی گوتم: ”وریابە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.“
- 30
- ئێستاش وا ڕۆیشتی، چونکە تامەزرۆی ماڵی باوکتی، بەڵام بۆچی بتەکانی منت دزی؟»
- 31
- یاقوبیش وەڵامی دایەوە و بە لابانی گوت: «ترسام نەوەک بە زۆرەملێ کچەکانتم لێ بستێنیتەوە.
- 32
- بەڵام ئەوەی کە بتەکانتی لەلا دەبینیتەوە، نابێت بژیێت. لەبەردەم کەسوکاریشماندا ببینە چی تۆم لەلایە، بیبە بۆ خۆت.» بەڵام یاقوب نەیدەزانی کە ڕاحێل بتەکانی دزیوە.
- 33
- ئیتر لابان چووە ناو هەر یەک لە چادرەکانی یاقوب و لێئە و هەردوو کەنیزەکەوە، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە. ئینجا لە چادرەکەی لێئە هاتە دەرەوە و چووە ناو چادرەکەی ڕاحێل.
- 34
- ڕاحێل بتەکانی بردبوو و خستبوویە ناو کورتانی وشترەکەوە و لەسەریان دانیشتبوو. لابان بە تەواوی ناو چادرەکەی پشکنی، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە.
- 35
- ڕاحێل بە باوکی گوت: «گەورەم، تووڕە مەبە کە ناتوانم لەبەردەمت هەستم، چونکە خوێنلێچوونی ژنان و سووڕی مانگانەم هەیە.» ئەویش پشکنینی خۆی کرد، بەڵام بتەکانی نەدۆزییەوە.
- 36
- یاقوب تووڕە بوو، بۆیە بەگژ لاباندا چوو و پێی گوت: «تاوانم چییە؟ چ گوناهێکم کردووە کە ئاوا گڕت گرت و بەدوامدا هاتیت؟
- 37
- ئەوا هەموو شتەکانم گەڕایت، چ شتێکی ماڵەکەی خۆتت تێدا دۆزییەوە؟ ئا لێرە بیخەرە بەردەم پیاوەکانم و پیاوەکانت، با ئەوان دادوەری نێوان هەردووکمان بکەن.
- 38
- «ئەوە بیست ساڵە من لەگەڵ تۆم، نە مەڕەکانت بەریان خست، نە بزنەکانیشت، نە منیش لە بەرانی مێگەلەکەی تۆم خوارد.
- 39
- ئەوانەی دەبوونە نێچیری ئاژەڵ بۆم نەدەهێنایتەوە، بەڵکو لەسەر من دەکەوتن. لە منت داوا دەکردەوە، ئەگەر بە ڕۆژ بدزرابوونایە یان بە شەو.
- 40
- بە ڕۆژ گەرما دەیخواردم و بە شەویش سەرما. خەویش لە چاوم بڕابوو.
- 41
- ئەوا بیست ساڵە لە ماڵەکەی تۆم، چواردە ساڵ لەبری دوو کچەکەت خزمەتم بۆ کردیت و شەش ساڵیش لەبری مەڕەکانت، دە جاریش کرێیەکەی منت گۆڕی.
- 42
- ئەگەر خوداکەی باوکم، خودای ئیبراهیم و ئەوەی ئیسحاق لێی دەترسا لەگەڵ من نەبووایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە بە دەستی بەتاڵ بەڕێت دەکردم. بەڵام خودا ڕوانییە ڕەنجکێشیم و ماندووبوونی دەستم، دوێنێ شەو سەرزەنشتی کردیت.»
- 43
- لابانیش وەڵامی یاقوبی دایەوە و گوتی: «کچەکان کچی خۆمن و منداڵەکانیشیان منداڵی خۆمن، مەڕەکانیش مەڕی خۆمن، هەرچییەکیش تۆ دەیبینیت هی منە. بەڵام ئەمڕۆ چی بکەم لە کچەکانم و لەو منداڵانەی بوویانە؟
- 44
- ئێستاش وەرە با من و تۆ پەیمانێک ببەستین تاکو ببێتە شایەتییەک لەنێوانماندا.»
- 45
- یاقوبیش بەردێکی هێنا و بە ستوونی داینا.
- 46
- ئینجا یاقوب بە پیاوەکانی خۆی گوت: «بەرد کۆبکەنەوە.» ئەوانیش بەردیان هێنا و کەڵەکەیان کرد و لە تەنیشت کەڵەکە بەردەکە نانیان خوارد.
- 47
- لابان ئەوێی ناو نا «یەگەر ساهەدوتا»، یاقوبیش ناوی لێنا گەلعید[b] .
- 48
- لابان گوتی: «ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵە بەردە شایەتی نێوان من و تۆن.» بۆیە ناونرا گەلعید.
- 49
- هەروەها ناویش نرا میچپا[c] ، چونکە لابان گوتی: «با یەزدان چاودێری نێوان من و تۆ بکات، کاتێک لەبەرچاوی یەکتر ون دەبین.
- 50
- ئەگەر بەدڕەفتاری لەگەڵ کچەکانم بکەیت یان ژنیان بەسەربهێنیت، هەرچەندە کەسمان لەگەڵ نییە، بەڵام خودا شایەتی نێوان من و تۆیە.»
- 51
- هەروەها لابان بە یاقوبی گوت: «تەماشای ئەم کۆمەڵە بەرد و ستوونە بکە کە لەنێوان خۆم و خۆت دامنا.
- 52
- ئەم کەڵەکە بەرد و ستوونە شایەتن کە من لەم کەڵەکە بەردە تێناپەڕم بۆ ئەوەی خراپەت لەگەڵ بکەم، تۆش لەم کەڵەکە بەرد و ستوونە تێناپەڕیت بۆ ئەوەی خراپەم لەگەڵ بکەیت.
- 53
- با خودای ئیبراهیم و ناحۆر و باوکیان دادوەری لەنێوانمان بکات.»
ئیتر یاقوب بە ناوی ئەو خودایە سوێندی خوارد کە ئیسحاقی باوکی لێی دەترسا. - 54
- ئینجا یاقوب لەو ناوچە شاخاوییەدا قوربانی سەربڕی و کەسوکاری بانگهێشتی نانخواردن کرد. ئەوانیش نانیان خوارد و لە کێوەکە شەویان بەسەربرد.
- 55
- لابان بەرەبەیان لە خەو هەستا و کچەزاکانی و کچەکانی ماچکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کردن. ئیتر لابان بەرەو شوێنی خۆی گەڕایەوە.
- a. 31:19 عیبری: \+tl تەرافیم\+tl* جۆرێک بت بووە لەناو ماڵ، لە شێوەی مرۆڤدا بووە.
- b. 31:47 وشەی ئارامی (یەگەر ساهەدوتا) و وشەی عیبری (گەلعید) بە واتای کەڵەکەبەردی شایەتیی. لە کەلتوری ئەو سەردەم وا باو بووە لە کاتی بەستی پەیمان و ڕێککەوتندا بەردیان لە جێگایەکدا کەڵەکە کردووە وەک هێمایەک بۆ یادەوەری و بە زیندوو هێشتنەوەی پەیمان و بەڵێنەکەیان.
- c. 31:49 میچپا بە واتای قوللەی چاودێری دێت.