عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- کەوتنی مرۆڤ
- 1
- مار لە هەموو ئاژەڵی کێوی سەر زەوی، ئەوانەی یەزدانی پەروەردگار دروستی کردبوون زۆرزانتر و تەڵەکەبازتر بوو. بە ئافرەتەکەی گوت: «ئایا ڕاستە خودا فەرموویەتی: ”بۆتان نییە لە هیچ درەختێکی باخچەکە بخۆن؟“»
- 2
- ئافرەتەکەش بە مارەکەی گوت: «بۆمان هەیە لە بەری درەختەکانی باخچەکە بخۆین،
- 3
- بەڵام خودا فەرمووی: ”بۆتان نییە لە بەری ئەو درەختە بخۆن، کە لە ناوەڕاستی باخچەکەیە، هەروەها بۆتان نییە دەستی لێ بدەن، ئەگینا دەمرن.“»
- 4
- مارەکە بە ئافرەتەکەی گوت: «نا بەڕاستی نامرن،
- 5
- چونکە خودا دەزانێت ئەو ڕۆژەی کە دەیخۆن چاوتان دەکرێتەوە و ئیتر وەک خوداتان لێدێت و چاکە و خراپە دەزانن.»
- 6
- کاتێک ئافرەتەکە بینی بەری درەختەکە بۆ خواردن باشە، چاو ئارەزووی دەکات و وای لێ دەکات دانا بێت، لە بەرەکەی کردەوە و خواردی، دایە مێردەکەشی کە لەگەڵی بوو، ئەویش خواردی.
- 7
- پاشان هەردووکیان چاویان کرایەوە و زانییان کە ڕووتن، ئیتر گەڵای هەنجیریان لێک دووری و پۆشاکیان بۆ خۆیان دروستکرد.
- 8
- ئینجا پیاوەکە و ژنەکەی گوێیان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگار بوو کە لە کاتی هەڵکردنی شنەبای ڕۆژدا لە باخچەکەدا هاتوچۆی دەکرد، ئەوانیش لەنێو درەختەکانی باخچەکە خۆیان لە یەزدانی پەروەردگاریان شاردەوە.
- 9
- بەڵام یەزدانی پەروەردگاریش پیاوەکەی بانگ کرد و فەرمووی: «لەکوێیت؟»
- 10
- ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە باخچەکە گوێم لە دەنگت بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕووت بووم، ترسام؛ ئیتر خۆمم شاردەوە.»
- 11
- ئەویش فەرمووی: «کێ بە تۆی گوت کە ڕووتیت؟ لەو درەختەت نەخواردبێت کە فەرمانم پێ کردبوویت لێی نەخۆیت؟»
- 12
- پیاوەکەش گوتی: «ئەو ئافرەتەی پێت دام لەگەڵم بێت، ئەو لە بەری ئەو درەختەی پێدام، منیش خواردم.»
- 13
- ئینجا یەزدانی پەروەردگار بە ئافرەتەکەی فەرموو: «ئەمە چییە تۆ کردووتە؟»
ئافرەتەکەش گوتی: «مارەکە فریوی دام و منیش خواردم.» - 14
- یەزدانی پەروەردگار بە مارەکەی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمەت کرد،
«تۆ لە هەموو ئاژەڵێکی ماڵی و کێوی
نەفرەتلێکراوتر دەبیت.
هەموو تەمەنیشت
لەسەر سکت دەخشێیت و
خۆڵ دەخۆیت. - 15
- دوژمنایەتیش دەخەمە
نێوان تۆ و ئافرەتەکە،
نێوان نەوەی تۆ و نەوەی ئەوەوە.
نەوەی ئەو سەرت پان دەکاتەوە[a] و
تۆش پاژنەی پێی دەکوتیت.» - 16
- بە ئافرەتەکەشی فەرموو:
«ئازاری سکپڕیت زۆر زیاتر دەکەم،
بە ژانەوە منداڵت دەبێت.
ئارەزووت بۆ پیاوەکەت دەبێت و
ئەویش بەسەرتدا زاڵ دەبێت.» - 17
- ئینجا بە پیاوەکەشی فەرموو: «لەبەر ئەوەی تۆش گوێت لە ژنەکەت گرت و لەو درەختەت خوارد کە فەرمانم پێ کردبوویت، ”نابێت لێی بخۆیت،“
«ئەوا زەویش بەهۆی تۆوە نەفرەت لێکراوە.
بە ڕەنجکێشانیش
هەموو ڕۆژانی ژیانت لێی دەخۆیت. - 18
- دڕکوداڵت بۆ بەرهەم دێنێت و
ڕووەکی کێڵگە دەخۆیت. - 19
- بە ئارەقەی ناوچەوانت
نان دەخۆیت،
هەتا دەگەڕێیتەوە بۆ زەوی،
کە لێیەوە وەرگیراویت،
لەبەر ئەوەی تۆ خۆڵیت و
بۆ خۆڵیش دەگەڕێیتەوە.» - 20
- ئادەم[b] ناوی ژنەکەی نا حەوا[c] ، چونکە دەبێتە دایکی هەموو زیندووان.
- 21
- یەزدانی پەروەردگار بۆ ئادەم و ژنەکەی جلی لە پێست دروستکرد و لەبەری کردن.
- 22
- ئینجا یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «ئێستا مرۆڤ بووە بە یەکێکی وەک خۆمان، چاکە و خراپە دەزانێت، ئێستاش ڕێگەی پێ نادرێت دەستی درێژ بکات و لە درەختی ژیانیش بکاتەوە و بیخوات و بۆ هەتاهەتایە بژیێت.»
- 23
- ئیتر یەزدانی پەروەردگار لە باخچەی عەدەن دەریکرد، بۆ ئەوەی لەو زەوییە ئیش بکات کە لێوەی وەرگیراوە.
- 24
- دوای ئەوەی مرۆڤی دەرکرد، بۆ پاسەوانی ڕێگای درەختی ژیان لە دیوی ڕۆژهەڵاتی باخچەی عەدەن کەڕوبەکانی[d] دانا، لەگەڵ شمشێری گڕدار کە بە هەموو لایەکدا دەسووڕایەوە.
- a. 3:15 ئاماژەیەکە بۆ خاچی مەسیح کە دواتر هات دەسەڵاتی شەیتانی تێکدا.
- b. 3:20 ئادەم: لە عیبریدا بە وشەی \+tl ها ئادام\+tl* هاتووە، واتا پیاوەکە.
- c. 3:20 لە زمانی عیبری دەنگی وشەکە نزیکە لە وشەی زیندووی عیبری.
- d. 3:24 کەڕوبەکان: بە واتای فریشتەکان هاتووە.