عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- ئیسحاق یاقوبی بانگکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد. ئینجا فەرمانی پێدا و پێی گوت: «لەگەڵ کچی کەنعانییەکان هاوسەرگیری مەکە.
- 2
- هەستە بڕۆ بۆ پەدان ئارام[a] بۆ ماڵی بتوئێلی باوکی دایکت، لەوێ لە کچەکانی لابانی برای دایکت ژنێک بۆ خۆت بخوازە.
- 3
- با خودای هەرە بەتوانا بەرەکەتدار و بەردار و زۆرت بکات، هەتا دەبیتە کۆمەڵێک گەل.
- 4
- با خودا بەرەکەتی ئیبراهیم بە خۆت و نەوەکانت بدات، تاکو ببیتە میراتگری ئەو خاکەی کە خودا دابوویە ئیبراهیم و ئێستا تۆ وەکو بێگانە لەسەری دەژیت.»
- 5
- ئیتر ئیسحاق یاقوبی نارد، ئەویش چوو بۆ پەدان ئارام بۆ لای لابانی کوڕی بتوئێلی ئارامی، برای ڕڤقەی دایکی یاقوب و عیسۆ.
- 6
- عیسۆ بۆی دەرکەوت کە ئیسحاق داوای بەرەکەتی بۆ یاقوب کردووە و ناردوویەتی بۆ پەدان ئارام تاکو لەوێ ژن بهێنێت، ئینجا کاتێک داوای بەرەکەتی بۆ کردووە، فەرمانی پێداوە و گوتوویەتی: «لە کچانی کەنعان ژن نەخوازیت،»
- 7
- ئیتر یاقوبیش گوێڕایەڵی دایک و باوکی بووە و چووە بۆ پەدان ئارام.
- 8
- کاتێک کە عیسۆ زانی کچە کەنعانییەکان جێی پەسەندی ئیسحاقی باوکی نین و لەلای ئەو خراپن،
- 9
- چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحەلەتی خوشکی نەبایۆت و کچی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمی بەسەر ژنەکانی دیکەیدا خواست.
- خەونی یاقوب لە بێتئێل
- 10
- یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت.
- 11
- ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەبەر خۆرئاوابوون لەوێ مایەوە. ئینجا بەردێکی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری و ڕاکشا.
- 12
- یاقوب خەونێکی بینی کە تێیدا پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە کە سەری لە ئاسمان دەدات و فریشتەکانی خودا پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە.
- 13
- وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت: «من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق. ئەو خاکەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکانت.
- 14
- نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە. هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.
- 15
- من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.»
- 16
- کاتێک یاقوب خەبەری بووەوە، گوتی: «بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی!»
- 17
- ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئێرەش دەروازەی ئاسمانە.»
- 18
- یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد.
- 19
- ئەو شوێنەشی ناو نا بێتئێل[b] ، هەرچەندە پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو.
- 20
- یاقوب نەزرێکی[c] کرد و گوتی: «ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت کە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بیپۆشم،
- 21
- بە سەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوکم، ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من.
- 22
- ئەم بەردەش کە بە ستوونی ڕاگیرم کردووە، دەبێتە ماڵی خودا[d] و هەرچییەکیشم پێ ببەخشیت ئەوا دەیەکی لێ دەبەخشم.»
- a. 28:2 واتا باکووری ڕۆژئاوایی میسۆپۆتامیا.
- b. 28:19 واتا ماڵی خودا. بڕوانە 12:8.
- c. 28:20 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21:2.
- d. 28:22 شوێنی خواپەرستی.