عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- مردنی سارا
- 1
- هەموو تەمەنی سارا سەد و بیست و حەوت ساڵ بوو.
- 2
- ئینجا سارا لە قیریەت ئەربەع مرد، کە حەبرۆنە لە خاکی کەنعان. ئیبراهیمیش هات بۆ ئەوەی بۆ سارا بلاوێتەوە و بەسەریدا بگریێت.
- 3
- ئیبراهیم لەبەردەم مردووەکەی هەستا و لەگەڵ حیتییەکان قسەی کرد و گوتی:
- 4
- «من لەنێو ئێوە نامۆ و میوانم. لەلای خۆتان گۆڕێکم بە موڵک بدەنێ، تاکو بتوانم مردووەکەم بنێژم.»
- 5
- حیتییەکان وەڵامی ئیبراهیمیان دایەوە و پێیان گوت:
- 6
- «گەورەم، گوێمان لێ بگرە، تۆ لەنێوانمان میرێکی بە توانایت. مردووەکەی خۆت لە باشترین گۆڕی ئێمە بنێژە. هیچ پیاوێکیش لە ئێمە دەست بەو گۆڕەوە ناگرێت کە تۆ مردووەکەتی تێدا دەنێژیت.»
- 7
- ئیبراهیمیش هەستا و کڕنۆشی بۆ حیتییەکان برد کە خەڵکی خاکەکە بوون.
- 8
- ئینجا قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «ئەگەر ڕازین بەوەی مردووەکەم بنێژم، ئەوا گوێم لێ بگرن و داوا لە عەفرۆنی کوڕی چۆحەر بکەن کە
- 9
- ئەشکەوتەکەی مەخپێلەم پێ بفرۆشێت کە هی ئەوە و دەکەوێتە کەنار کێڵگەکەی. با بە نرخی تەواوی خۆشی بمداتێ، بۆ ئەوەی لەنێو ئێوەدا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکم.»
- 10
- عەفرۆنی حیتی لەنێو حیتییەکان دانیشتبوو، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکەی، وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە:
- 11
- «نا گەورەم، گوێت لێم بێت، کێڵگەکەت پێ دەبەخشم بە ئەشکەوتەکەی ناویشییەوە. لەبەرچاوی گەلەکەم پێم بەخشیت. مردووەکەی خۆت بنێژە.»
- 12
- ئیبراهیمیش لەبەردەم خەڵکی خاکەکە کڕنۆشی برد و
- 13
- لەبەرچاوی خەڵکی خاکەکە بە عەفرۆنی گوت: «بەڵام ئەگەر تۆ ڕازیت، ئەوا حەز دەکەم گوێشم لێ بگریت: نرخی کێڵگەکەت دەدەمێ. لە منی وەربگرە، ئینجا مردووەکەی خۆم لەوێ دەنێژم.»
- 14
- عەفرۆنیش وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە:
- 15
- «گوێم لێ بگرە گەورەم، زەوییەکە بایی چوار سەد شاقل[a] زیوە، بەڵام ئەوە لەنێوان من و تۆ چییە! مردووەکەی خۆت بنێژە.»
- 16
- ئیبراهیمیش گوێی لە عەفرۆن گرت و لەبەرچاوی حیتییەکان ئەو بڕە زیوەی بۆ عەفرۆن کێشا. چوار سەد شاقل زیو، بەو کێشانەی لەلای بازرگانەکان باوبوو.
- 17
- ئیتر کێڵگەکەی عەفرۆن، ئەوەی لە مەخپێلەیە، ئەوەی لەبەردەم مەمرێیە، کێڵگەکە و ئەشکەوتەکە کە لەناوییەتی، هەروەها هەموو ئەو دارانەی لەناو کێڵگەکەیە و لە سنووری دەوروبەریەتی، بووە
- 18
- موڵکی ئیبراهیم، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکە.
- 19
- دوای ئەوە ئیبراهیم سارای ژنی لەناو ئەشکەوتەکەی کێڵگەی مەخپێلە ناشت کە لەبەردەم مەمرێیە، ئەوەش حەبرۆنە لە خاکی کەنعان.
- 20
- ئیتر حیتییەکان کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناویان بە موڵک دا بە ئیبراهیم، بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕستان.
- a. 23:15 نزیکەی 800 مسقاڵ، 4,5 کیلۆگرام.