عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- لەدایکبوونی ئیسحاق
- 1
- یەزدان بەو شێوەیەی فەرمووی سارای بەسەرکردەوە و یەزدان چۆنی فەرموو ئاوای بۆ سارا کرد.
- 2
- ئینجا سارا سکی پڕ بوو؛ لە تەمەنی پیریی ئیبراهیمدا و لە هەمان ئەو کاتەی کە خودا پێی فەرمووبوو، منداڵێکی بوو.
- 3
- ئیبراهیم ئەو کوڕەی ناو نا ئیسحاق، کە سارا بۆی ببوو.
- 4
- کاتێک ئیسحاقی کوڕی بووە هەشت ڕۆژ، ئیبراهیم خەتەنەی کرد، هەروەک چۆن خودا ڕایسپاردبوو.
- 5
- تەمەنی ئیبراهیم سەد ساڵ بوو کاتێک ئیسحاقی کوڕی لەدایک بوو.
- 6
- سارا گوتی: «خودا منی خستووەتە پێکەنین، هەرکەسێکیش ئەمە ببیستێت لەگەڵ من پێدەکەنێت.»
- 7
- هەروەها گوتی: «کێ بە ئیبراهیمی دەگوت سارا شیر دەداتە منداڵان؟ لەگەڵ ئەوەشدا لە پیریی ئەودا کوڕێکم بوو.»
- بەڕێکردنی هاجەر و ئیسماعیل
- 8
- کوڕە گەورە بوو و لە شیر بڕایەوە. لەو ڕۆژەی ئیسحاق لە شیر بڕایەوە، ئیبراهیم خوانێکی گەورەی ساز کرد.
- 9
- بەڵام سارا کوڕەکەی هاجەری میسری بینی کە لە ئیبراهیم بوو، گاڵتەی دەکرد.
- 10
- جا بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم کەنیزەیە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی ئەم کەنیزەیە لەگەڵ ئیسحاقی کوڕی من نابێتە میراتگر.»
- 11
- ئەم بابەتە ئیبراهیمی زۆر ناڕەحەت کرد، چونکە پەیوەندی بە کوڕەکەی ئەوەوە هەبوو.
- 12
- بەڵام خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «ناڕەحەتی کوڕەکە و کەنیزەکەت مەبە. هەرچی سارا پێت دەڵێت بە قسەی بکە، چونکە نەوەی تۆ لە ڕێگەی ئیسحاقەوە ناودەبردرێت.
- 13
- هەروەها لە کوڕی کەنیزەکەشەوە نەتەوەیەک دروست دەکەم، چونکە وەچەی تۆیە.»
- 14
- ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و نان و مەشکەیەک ئاوی هێنا و خستییە سەر شانی هاجەر و لەگەڵ کوڕەکە بەڕێی کرد. ئەویش ڕۆیشت و لە چۆڵەوانی بیری شابەع سەرگەردان بوو.
- 15
- کە مەشکەکە ئاوی تێدا نەما، کوڕەکەی لەژێر دەوەنێک دانا.
- 16
- ئینجا ڕۆیشت و لە دوورەوە لە دووری تیرهاوێژێک بەرامبەری دانیشت، چونکە گوتی: «ناتوانم بە چاوی خۆم مەرگی کوڕەکەم ببینم.» ئیتر بەرامبەری دانیشت و بە دەنگی بەرز دەستی کرد بە گریان.
- 17
- خودا دەنگی کوڕەکەی بیست و فریشتەی خودا لە ئاسمانەوە هاجەری بانگکرد و پێی فەرموو: «چیتە هاجەر؟ مەترسە، خودا دەنگی کوڕەکەی بیست لەو شوێنەی لێی دانراوە.
- 18
- هەستە، کوڕەکە هەڵبگرە و دەستی بگرە، چونکە دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.»
- 19
- ئینجا خودا هەردوو چاوی هاجەری کردەوە، ئەویش بیرێکی ئاوی بەدی کرد. ئیتر چوو مەشکەکەی پڕکرد لە ئاو و ئاوی دایە کوڕەکە.
- 20
- خودا لە کاتی گەورەبوونی کوڕەکەدا، لەگەڵی بوو. لە چۆڵەوانیدا ژیا و بووە تیرهاوێژ.
- 21
- کاتێک کە ئیسماعیل لە چۆڵەوانی پاران دەژیا، دایکی ژنێکی میسریی بۆ هێنا.
- پەیمانی بیری شابەع
- 22
- لەو سەردەمەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ فیکۆل کە فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو، بە ئیبراهیمیان گوت: «لە هەموو ئەوەی دەیکەیت خودات لەگەڵدایە.
- 23
- ئێستاش لێرەدا سوێندم بۆ بخۆ بە خودا کە ناپاکی لە خۆم و منداڵ و نەوەکانم ناکەیت. من چ چاکەیەکم لەگەڵ تۆدا کرد، تۆش هەمان چاکە لەگەڵ من و لەگەڵ ئەو خاکەدا دەکەیت کە تێیدا ئاوارە بوویت.»
- 24
- ئیبراهیمیش گوتی: «سوێند دەخۆم.»
- 25
- ئینجا ئیبراهیم گلەیی لە ئەبیمەلەخ کرد سەبارەت بەو بیرە ئاوەی کە خزمەتکارەکانی ئەبیمەلەخ داگیریان کردبوو.
- 26
- بەڵام ئەبیمەلەخ گوتی: «ئاگادار نیم کێ ئەم شتەی کردووە. هەروەها تۆ پێت ڕانەگەیاندووم، منیش ئەمڕۆ نەبێت نەمبیستووە.»
- 27
- ئیتر ئیبراهیم مەڕ و مانگای هێنا و دایە ئەبیمەلەخ، ئیتر هەردووکیان پەیمانیان بەست.
- 28
- ئیبراهیم لە مێگەلەکە حەوت کاوڕەمێی بە تەنها ڕاگرت.
- 29
- ئەبیمەلەخیش بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە چییە کە بە تەنها ڕاتگرتوون؟»
- 30
- ئەویش گوتی: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە لە دەستی من وەردەگریت بۆ ئەوەی ببێتە شایەتییەک بۆم کە من ئەم بیرەم هەڵکەندووە.»
- 31
- لەبەر ئەوە ئەو شوێنەی ناو نا بە بیری شابەع[a] ، چونکە هەردووکیان لەوێ سوێندیان خوارد.
- 32
- لەدوای ئەوەی لە بیری شابەع پەیمانیان بەست، ئەبیمەلەخ و فیکۆلی فەرماندەی گشتی سوپاکەی هەستان و گەڕانەوە خاکی فەلەستییەکان.
- 33
- ئینجا ئیبراهیم داری گەزی لە بیری شابەع چاند، لەوێش بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری هەتاهەتاییەوە نزای کرد.
- 34
- ئیتر ئیبراهیم لە خاکی فەلەستییەکان ماوەیەکی زۆری بە ئاوارەیی بەسەربرد.
- a. 21:31 بیری شابەع: واتا (بیری حەوت) یان (بیری سوێندخواردنەکە).