عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- وێرانکردنی سەدۆم و عەمۆرا
- 1
- هەردوو فریشتەکە کاتی ئێوارە گەیشتنە سەدۆم، لوتیش لە دەروازەکەی سەدۆم دانیشتبوو. کاتێک لوت ئەوانی بینی، هەستا بۆ پێشوازییان و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.
- 2
- ئینجا گوتی: «گەورەکانم، تکایە لابدەنە ماڵی خزمەتکاری خۆتان. شەو بەسەربەرن و پێتان بشۆن، سەر لە بەیانیش بە ڕێی خۆتاندا بڕۆن.»
فەرموویان: «نا، بەڵکو لە گۆڕەپانەکە شەو دەبەینەسەر.» - 3
- بەڵام ئەم زۆری لێکردن. ئیتر لایاندایە لای و چوونە ماڵەکەی. ئەویش خوان و نانی فەتیرەی بۆ ئامادە کردن و خواردیان.
- 4
- پێش ئەوەی بخەون، هەموو پیاوانی شاری سەدۆم لە هەموو لایەکەوە، لە گەنجیانەوە هەتا پیرییان، دەوری ماڵەکەیان دا.
- 5
- ئینجا لوتیان بانگکرد و لێیان پرسی: «کوا ئەو دوو پیاوەی ئەمشەو هاتنە لات؟ بیانهێنە دەرەوە بۆمان تاکو لاقەیان بکەین.»
- 6
- لوت هاتە دەرەوە بۆ لایان و دەرگاکەی لە پشت خۆیەوە داخست.
- 7
- گوتی: «نا، براکانم. خراپەی وا مەکەن.
- 8
- من دوو کچم هەیە کە دەستی پیاویان بەرنەکەوتووە. بۆتان دەهێنمە دەرەوە، ئەوەی پێتان باشە پێیانی بکەن. بەڵام هیچ لەم دوو پیاوە مەکەن، چونکە ئەوان هاتوونەتە ماڵی من.»
- 9
- ئەوانیش گوتیان: «وەرە ئەم لاوە!» ئینجا گوتیان: «ئەم پیاوە خۆی وەک بێگانەیەک هاتووەتە نێومانەوە، کەچی دەیەوێت ببێتە دادوەر بەسەرمانەوە. ئێستاش لەوان خراپترت بەسەردەهێنین.» ئیتر فشاریان بۆ لوت هێنا و هاتنە پێشەوە تاکو دەرگاکە بشکێنن.
- 10
- بەڵام دوو پیاوەکە دەستیان درێژکرد و لوتیان ڕاکێشایە لای خۆیان بۆ ناو ماڵەکە و دەرگاکەشیان داخست.
- 11
- ئەو پیاوانەشیان کوێر کرد کە لە بەردەرگای ماڵەکەدا بوون، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، ئیتر پەکیان کەوت و نەیانتوانی دەرگاکە بدۆزنەوە.
- 12
- ئینجا دوو پیاوەکە بە لوتیان فەرموو: «کێی دیکەت لێرە هەیە؟ زاواکانت و کوڕەکانت و کچەکانت و هەرکەسێکی دیکەت لەم شارەدا هەیە، بیانبە دەرەوە،
- 13
- چونکە ئێمە ئەم شوێنە وێران دەکەین. لەبەر ئەوەی لەبەردەم یەزدان هاوار لە دژی خەڵکەکەی گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی، بۆیە ئێمەی ناردووە تاکو وێرانی بکەین.»
- 14
- ئیتر لوت چووە دەرەوە و قسەی لەگەڵ دەستگیرانی کچەکانی کرد و گوتی: «هەستن و لەم شوێنە بڕۆنە دەرەوە، چونکە هێندەی نەماوە یەزدان شارەکە وێران بکات.» بەڵام وەک گاڵتەچی هاتە بەرچاوی دەستگیرانی کچەکانی.
- 15
- لە بەرەبەیان، هەردوو فریشتەکە پەلەیان لە لوت کرد و پێیان فەرموو: «خێرا بکە! ژنەکەت و هەردوو کچەکەت کە لێرەن بیانبە، نەوەک تۆش بە گوناهی شارەکە لەناوبچیت.»
- 16
- بەڵام ئەو خەم ساردی لێکرد، جا هەردوو پیاوەکە لەبەر بەزەیی یەزدان لەسەریان، دەستی خۆی و ژنەکەی و هەردوو کچەکەی ئەویان گرت و لە دەرەوەی شارەکە دایاننان.
- 17
- هەرکە هێنایاننە دەرەوەی شارەکە، یەکێکیان فەرمووی: «فریای خۆت بکەوە! ئاوڕ لە دواوەت مەدەوە و لەم دەوروبەرە ڕانەوەستیت. ڕابکە بۆ چیاکە بۆ ئەوەی لەناونەچیت!»
- 18
- بەڵام لوت پێی گوتن: «نا، گەورەم!
- 19
- خزمەتکارەکەت وا ڕەزامەندی لە چاوەکانت بەدی کردووە، خۆشەویستییەکەت گەورەیە کە بەرامبەرم کردووتە، بە هێشتنەوەی گیانم بە زیندووێتی. بەڵام من ناتوانم ڕابکەم بۆ چیاکە. نەوەک ئەم بەڵایە پێم بگات و بمرم.
- 20
- تەماشای ئەو شارۆچکە نزیکە بکە، بچووکە، با بۆ ئەوێ هەڵبێم. مەگەر بچووک نییە؟ ئیتر گیانم بە زیندووێتی دەمێنێتەوە.»
- 21
- ئەویش پێی فەرموو: «باشە، لەم شتەش نائومێدت ناکەم، ئەو شارۆچکەیەی باست کرد سەرەوژێری ناکەم.
- 22
- بەڵام بە پەلە بەرەو ئەوێ ڕابکە، چونکە هەتا تۆ نەگەیتە ئەوێ، من ناتوانم هیچ شتێک بکەم.» لەبەر ئەوەشە کە شارۆچکەکە ناونرا بە زۆعەر[a] .
- 23
- کاتێک خۆر بەسەر زەویدا هەڵهات، لوت گەیشتە ناو زۆعەر.
- 24
- ئینجا یەزدان لە ئاسمانەوە گۆگرد و ئاگری بەسەر سەدۆم و عەمۆرادا باراند.
- 25
- هەموو ئەو شارانە، دەوروبەرەکەیان و هەموو دانیشتووانی شارۆچکەکان و ڕووەکی زەوییەکەشی لەگەڵدا سەرەوژێر کرد.
- 26
- بەڵام ژنی لوت سەیری دواوەی کرد، جا بووە ستوونێکی خوێ.
- 27
- بۆ سبەی ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تێیدا لەبەردەم یەزدان وەستابوو[b] .
- 28
- تەماشای سەدۆم و عەمۆرا و هەموو دەشتەکەی دەوروبەری کرد و بینی وا دووکەڵی زەوییەکە وەک دووکەڵی کوورە بەرز دەبێتەوە.
- 29
- کاتێک خودا شارۆچکەکانی دەشتەکەی وێران کرد، ئیبراهیمی هاتەوە یاد[c] و لوتی لەو کارەساتە هێنایە دەرەوە کە بەسەر ئەو شارانەدا هێنای کە ئەوی تێدا دەژیا.
- لوت و کچەکانی
- 30
- ئینجا لوت و هەردوو کچەکەی زۆعەریان بەجێهێشت و لە چیا نیشتەجێ بوون، چونکە ترسا لە زۆعەر دانیشێت. خۆی و هەردوو کچەکەی لە ئەشکەوت نیشتەجێ بوون.
- 31
- کچە گەورەکەی لوت بە بچووکەکەی گوت: «باوکمان پیر بووە و هیچ پیاوێکیش لەم ناوەدا نییە کە لەگەڵیدا هاوسەرگیری بکەین و منداڵمان ببێت، وەک چۆن دابونەریتی هەموو زەوییە،
- 32
- بۆیە وەرە با شەراب دەرخواردی باوکمان بدەین و سەرجێیی لەگەڵ بکەین، لە باوکمانەوە وەچە بخەینەوە.»
- 33
- ئەو شەوە شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە گەورەکە چووە ژوورەوە و لەگەڵ باوکی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
- 34
- بۆ ڕۆژی دواتر کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «دوێنێ من شەو لەگەڵ باوکم سەرجێییم کرد. ئەمشەویش شەرابی دەرخوارد دەدەین، ئینجا تۆ بڕۆ ژوورەوە و سەرجێیی لەگەڵ بکە. جا لە باوکی خۆمانەوە وەچە دەخەینەوە.»
- 35
- ئەو شەوەش شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە بچووکەکە هەستا و سەرجێیی لەگەڵ کرد. ئەویش نە بە سەرجێییەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
- 36
- ئیتر هەردوو کچەکەی لوت سکیان لە باوکیان پڕ بوو.
- 37
- گەورەکەیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا مۆئاب[d] . ئەو باوکی هەموو مۆئابییەکانە هەتا ئەمڕۆ.
- 38
- هەروەها بچووکەکەشیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا بەنعەمی[e] . ئەویش باوکی نەوەی عەمۆنە هەتا ئەمڕۆ.
- a. 19:22 زۆعەر واتا بچووک.
- b. 19:27 هۆکاری وەستانەکەی بۆ پاڕانەوە بووە لە خودا.
- c. 19:29 بڕوانە 8:1.
- d. 19:37 مۆئاب واتا لە باوکەوە.
- e. 19:38 بەنعەمی واتا کوڕی گەلی باوکم.