عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- پەیمانی خودا لەگەڵ ئەبرام
- 1
- لەدوای ئەم ڕووداوانە، لە بینینێکدا[a] فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەبرام هات و فەرمووی:
«مەترسە ئەی ئەبرام،
من قەڵغانم بۆت،
پاداشتت زۆر گەورەیە.» - 2
- بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چیم دەدەیتێ کە من هەروا وەجاخکوێر بم و میراتگری ماڵم ئەلیعەزەری دیمەشقییە؟»
- 3
- هەروەها ئەبرام گوتی: «هیچ وەجاخێکت نەداومەتێ، ئەوەی لە ماڵەکەم لەدایک بووە وا دەبێتە میراتگرم.»[b]
- 4
- لەو کاتەدا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات و فەرمووی: «ئەمە نابێتە میراتگرت، بەڵکو ئەوەی لە پشتی تۆوە دێت، ئەو دەبێتە میراتگرت.»
- 5
- ئینجا بردییە دەرەوە و فەرمووی: «سەیری ئاسمان بکە و ئەستێرەکان بژمێرە، ئەگەر دەتوانیت.» هەروەها پێی فەرموو: «نەوەکەت ئاوا دەبێت.»
- 6
- جا ئەبرام باوەڕی بە یەزدان هێنا و ئەویش ئەمەی بە ڕاستودروستی بۆ دانا.
- 7
- هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، ئەوەی لە ئووری کلدانییەکانەوە تۆی هێنایە دەرەوە، تاکو ئەم زەوییەت بە میرات پێ ببەخشێت.»
- 8
- بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چۆن بزانم کە من دەبمە میراتگری ئەم زەوییە؟»
- 9
- یەزدانیش پێی فەرموو: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە[c] و بزنێکی سێ ساڵە و بەرانێکی سێ ساڵە و قومرییەک و کۆترێکم بۆ بهێنە.»
- 10
- ئەمانەی هەموو بۆ هێنا و لە ناوەڕاستەوە لەتی کردن، لەتی هەریەکەشیانی بەرامبەر ئەوی دیکە دانا، بەڵام باڵندەکانی لەت نەکرد.
- 11
- ئینجا سیسارکە کەچەڵەکان بۆ سەر کەلاکەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام ئەبرام دووری خستنەوە.
- 12
- کە خۆر بەرەو ئاوابوون دەچوو، ئەبرام کەوتە خەوێکی قووڵەوە و لەناکاو تاریکییەکی ترسناک و سەختی بەسەردا هات.
- 13
- ئینجا یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «بە دڵنیاییەوە بزانە کە نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە.
- 14
- بەڵام سزای ئەو نەتەوەیەش دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن. لەدوای ئەوە بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دێنە دەرەوە.
- 15
- بەڵام تۆ بە سەلامەتی دەچیتە لای باوباپیرانت و لە تەمەنێکی باشی پیریدا دەنێژرێیت.
- 16
- لە نەوەی چوارەمیشدا، نەوەکانت دەگەڕێنەوە ئێرە، چونکە هێشتا تاوانی ئەمۆرییەکان نەگەیشتووەتە ڕادەی خۆی.»
- 17
- ئینجا کاتێک خۆر ئاوابوو و تاریکی داهات، لەناکاو تەنوورێکی پڕ دووکەڵ و مەشخەڵێکی داگیرساو دەرکەوت و بە نێوان ئاژەڵە دوولەتکراوەکاندا تێپەڕی.
- 18
- لەو ڕۆژەدا یەزدان پەیمانێکی لەگەڵ ئەبرامدا بەست و پێی فەرموو: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەکانی تۆ، لە ڕووباری میسرەوە هەتا ڕووبارە گەورەکە، ڕووباری فورات،
- 19
- خاکی قێنی و قەنیزی، قەدمۆنی،
- 20
- حیتی، پریزی، ڕفائی،
- 21
- ئەمۆری، کەنعانی، گرگاشی و یەبوسییەکان.»
- a. 15:1 بینین: خودا لە ڕێی پیشاندانی دیمەنێکەوە پەیامێک دەگەیەنێتە ئەو مرۆڤەی بییەوێت.
- b. 15:3 دەبێتە میراتگرم: بەپێی یاسایەک لەو سەردەمە هاوڕێیەک یان کۆیلەیەک کە خزمەتی پیاوێکی وەجاخکوێری دەکرد ئەوا دەیتوانی ببێتە میراتگری.
- c. 15:9 مەبەست لە (گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە)، پێش تەمەنی بە کەڵ هاتن.