عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- باری یەکتری هەڵبگرن
- 1
- خوشکان، برایان، ئەگەر کەسێک تووشی گوناهێک بوو، با ئێوەی ڕۆحانی کەسی ئاوا بە ڕۆح نەرمی ڕاست بکەنەوە. سەیری خۆشت بکە، نەوەک تۆش تاقی بکرێیتەوە.
- 2
- باری یەکتری هەڵبگرن و بەم شێوەیە شەریعەتی مەسیح بهێننە دی.
- 3
- ئەگەر یەکێک خۆی بە شتێک زانی، بەڵام لەڕاستیدا هیچ نەبوو، ئەوا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت.
- 4
- بەڵام با هەریەکە کرداری خۆی تاقی بکاتەوە، ئەوسا با تەنها شانازی بە خۆیەوە بکات، نەک بە کەسێکی دیکەوە،
- 5
- چونکە هەرکەسێک باری خۆی هەڵدەگرێت.
- 6
- ئەو کەسەی فێری وشەی خودا[a] دەکرێت، دەبێت فێرکارەکەی لە هەموو شتێکی باشدا بەشدار بکات.
- 7
- خۆتان هەڵمەخەڵەتێنن، خودا گاڵتەی پێ ناکرێت. مرۆڤ چی بچێنێت، ئەوە دەدروێتەوە.
- 8
- ئەوەی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گەندەڵی لە سروشتی دنیایی دەدروێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت لە ڕۆحەکەوە ژیانی هەتاهەتایی دەدروێتەوە.
- 9
- کەواتە با لە چاکەکاری نەکەوین، چونکە ئەگەر ورە بەرنەدەین لە کاتی خۆیدا دروێنەی دەکەین.
- 10
- ئینجا هەتا دەرفەتمان هەیە، با چاکە لەگەڵ هەمووان بکەین، بە تایبەتی لەگەڵ خێزانی باوەڕداران.
- بەدیهێنراوی نوێ
- 11
- سەیر بکەن، ئەو پیتانە کە بە دەستی خۆم نووسیومە چەندە گەورەن.[b]
- 12
- ئەوانەی دەیانەوێت لە جەستەدا ڕواڵەتێکی چاک دروستبکەن، ئەوانە ناچارتان دەکەن خەتەنە بکرێن، تەنها تاکو لەبەر خاچی مەسیح نەچەوسێنرێنەوە.
- 13
- ئەوانەی خەتەنەکراون، شەریعەتی تەورات پەیڕەو ناکەن، تەنها دەیانەوێت ئێوە خەتەنە بکرێن، تاکو شانازی بە جەستەی ئێوەوە بکەن.
- 14
- لە من بەدوور بێت شانازی بە هیچ شتێکەوە بکەم، جگە لە خاچی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، کە بەهۆیەوە جیهان بۆ من لە خاچ دراوە، منیش بۆ جیهان،
- 15
- چونکە نە خەتەنەکردن سوودی هەیە و نە خەتەنەنەکردنیش، بەڵکو بەدیهێنراوی نوێ.
- 16
- با ئاشتی و بەزەیی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە ئەم یاسایە پەیڕەو دەکەن، بۆ گەلی ئیسرائیلی خوداش.
- 17
- ئیتر با کەس گرفتم بۆ دروستنەکات، چونکە نیشانەکانی عیسام لە لەشدا هەڵگرتووە.
- 18
- خوشکان و برایان، با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ ڕۆحتان بێت. ئامین.
- a. 6:6 مەبەست لە کتێبی پیرۆزە.
- b. 6:11 نامەکە دەستنووسی یارمەتیدەرە و بەشی کۆتایی دەستنووسی پۆڵس خۆیەتی، بۆ سەلماندنی سەرچاوەی نامەکە.