عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ئازادی بە مەسیح
- 1
- مەسیح ئازادی کردین تاکو بە ئازادی بژین. بۆیە چەسپاو بن و جارێکی دیکە ملکەچی نیری کۆیلایەتی مەبن.
- 2
- ئاگاداربن، من پۆڵسم پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕێبدەن خەتەنە بکرێن ئەوا مەسیح هیچ سوودێکی بۆتان نابێت!
- 3
- دیسان شایەتی دەدەم، هەر مرۆڤێک ڕێ بدات خەتەنە بکرێت، دەبێت کار بە هەموو شەریعەت بکات.
- 4
- ئەی ئەوانەی دەتانەوێت بە شەریعەت بێتاوان بکرێن، ئەوا لە مەسیح جیا بوونەوە و لە نیعمەتی خودا کەوتن.
- 5
- بەڵام ئێمە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە، بە باوەڕ، چاوەڕێی هیوای ڕاستودروستین.
- 6
- بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا خەتەنەکردن یان نەکردن هیچ سوودێکی نییە، بەڵکو ئەو باوەڕە گرنگە کە بە خۆشەویستی کار دەکات.
- 7
- باش ڕاتاندەکرد. کێ ڕێی لێ گرتن تاکو گوێڕایەڵی ڕاستی نەبن؟
- 8
- ئەم بیروباوەڕە لەلایەن ئەوەوە نییە کە بانگتان دەکات.
- 9
- «هەویرترشێکی بچووک، هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت.»
- 10
- لەبەر ئەوەی ئێمە لەگەڵ مەسیح یەکین، دڵنیام کە بە شێوەیەکی دیکە بیرناکەنەوە. ئەوەی بتانشێوێنێ سزای خۆی وەردەگرێت، جا هەرکەسێک بێت.
- 11
- بەڵام خوشکان، برایان، ئەگەر هەتا ئێستا من خەتەنەکردن ڕادەگەیەنم، ئیتر بۆچی هەتا ئێستا دەچەوسێمەوە؟ ئەگەر وا بێت، کۆسپی خاچ لادراوە.
- 12
- خۆزگە ئەو کەسانە دەخەسێنران کە دەتانشێوێنن.
- 13
- ئەی خوشک و برایانم، ئێوە بۆ ئازادی بانگکراون، بەڵام ئازادی مەقۆزنەوە بۆ ڕازیکردنی سروشتی دنیایی، بەڵکو بە خۆشەویستی خزمەتی یەکتری بکەن،
- 14
- چونکە تەورات هەمووی لە یەک ڕاسپاردەدا دێتە دی: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾[a]
- 15
- ئەگەر پەلاماری یەکتری بدەن و یەکتری بخۆن، ئاگاداربن یەکتری لەناونەبەن.
- ڕۆح و جەستە
- 16
- پێتان دەڵێم: بە ڕۆحی پیرۆز بژین، ئینجا ئارەزووی سروشتی دنیایی تێر ناکەن،
- 17
- چونکە ئارەزووی سروشتی دنیایی لە دژی ڕۆحەکەیە، ڕۆحەکەش لە دژی سروشتی دنیاییە. هەریەکەیان بەربەرەکانێی ئەوی دیکە دەکات، تاکو ئەوە نەکەن کە دەتانەوێت.
- 18
- بەڵام ئەگەر ئێوە بە ڕۆحەکە بەڕێوە بچن، ئەوا لەژێر سایەی شەریعەتدا نین.
- 19
- ئێستا کردەوەکانی سروشتی دنیایی مرۆڤ ڕوونن، ئەوانیش: داوێنپیسی، گڵاوی، بەڕەڵایی،
- 20
- بتپەرستی، جادووگەری، دوژمنایەتی، یاخیبوون، دڵپیسی، تووڕەبوون، خۆپەرستی، دووبەرەکی، ناکۆکی،
- 21
- چاوپیسی، سەرخۆشی، ڕابواردن، شتی دیکەی وەک ئەمانە، ئاگادارتان دەکەمەوە، وەک پێشتر ئاگادارم کردوونەتەوە: ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن نابنە میراتگری شانشینی خودا.
- 22
- بەڵام بەروبوومی ڕۆحی پیرۆز ئەمەیە: خۆشەویستی، خۆشی، ئاشتی، ئارامگرتن، نیانی، چاکە، دڵسۆزی،
- 23
- دڵنەرمی و بەسەرخۆدا زاڵبوون. شەریعەت نییە لە دژی ئەمانە بێت.
- 24
- بەڵام ئەوانەی هی عیسای مەسیحن سروشتی دنیاییان لەگەڵ حەز و ئارەزووەکانیان لە خاچ داوە.
- 25
- ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز بژین، با هەنگاوەکانی ڕۆحەکەش بپارێزین.
- 26
- با لەخۆبایی نەبین، یەکتری تووڕە نەکەین، ئیرەیی بە یەکتر نەبەین.
- a. 5:14 لێڤییەکان 19:18.