عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ڕووبارێک لە پەرستگاوە دەچێتە دەرەوە
- 1
- پاشان پیاوەکە منی هێنایەوە شوێنی هاتنە ژوورەوە بۆ پەرستگاکە و بینیم ئاو لەژێر سەکۆی دەروازەی پەرستگاکەوە هەڵدەقوڵێت و بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوات، چونکە پەرستگاکە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو. ئاوەکان لەژێر لای ڕاستی پەرستگاکە لە باشووری قوربانگاکە بەرەو خوار دەڕۆیشتن.
- 2
- ئینجا لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە منی بردە دەرەوە، لە دەرەوە منی بە ڕێگاکەدا سووڕاندەوە هەتا دەروازەکەی دەرەوە لەو ڕێگایەی ڕووی بەرەو ڕۆژهەڵاتە و ئەوەتا ئاو بەلای باشووردا دەڕوات.
- 3
- کاتێک پیاوەکە بەرەو ڕۆژهەڵات چووە دەرەوە گوریسێکی پێوانەشی بە دەستەوە بوو و هەزار باڵی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکەش هەتا هەردوو قولەپێ بوو.
- 4
- دووبارە هەزار باڵی دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە تاکو هەردوو ئەژنۆ بوو. پاشان هەزاری دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە هەتا ناوقەد بوو.
- 5
- بە هەمان شێوە هەزاری دیکەی پێوا و بینیم ڕووبارێکە کە نەمتوانی بپەڕمەوە، چونکە ئاوەکە هەستابوو. ئاوی مەلەکردن بوو، ڕووبارێک بوو کە بواری پەڕینەوەی لێ نەبوو.
- 6
- لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟»
ئینجا بردمی و منی هێنایەوە کەناری ڕووبارەکە. - 7
- کە گەڕامەوە ئەوەتا لە کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ داری زۆری لێ بوون.
- 8
- پێی فەرمووم: «ئەم ئاوە دەردەچێت بەرەو هەرێمی ڕۆژهەڵات و دادەبەزێت بۆ عەراڤا[a] و ئینجا دەچێت بۆ دەریای مردوو. کە دێتە ناو دەریاکە، ئاوی دەریای مردوو سازگار دەکات.
- 9
- بۆ هەرکوێ ڕووبارەکە بچێت، کۆمەڵی زیندەوەران لەوێ دەژین و ماسیش زۆر زۆر دەبێت، چونکە ئەم ئاوە دەڕژێتە ناو ئاوە سوێرەکان و سازگاریان دەکات و هەموو ئەوەی ڕووبارەکەی بۆ بێت دەژیێت.
- 10
- لە کانی گەدی هەتا کانی عەگلەیم ماسیگرەکان لەسەر کەنارەکانی ڕادەوەستن و چەند شوێنێک دەبێت بۆ تۆڕ هەڵدان، ماسییەکانی جۆراوجۆر دەبن وەک ماسییەکانی دەریای سپی ناوەڕاست[b] جۆرەکانی زۆر زۆر دەبێت.
- 11
- بەڵام گۆم و زۆنگاوەکانی سازگار نابن، بە سوێری دەمێننەوە بۆ خوێگرتن.
- 12
- لەسەر کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ هەموو دارێکی میوە دەڕوێت کە بەرەکانیان دەخورێت و گەڵاکانی وشک نابن و بەری لێ نابڕێت، بەڵکو هەموو مانگێک بەری تازە دەگرێت، چونکە ئاوەکەی لە پیرۆزگاوە دەردەچێت و بەرەکەی بۆ خواردن و گەڵاکانی بۆ دەرمان دەبن.»
- سنوورەکانی خاکەکە
- 13
- یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «بەپێی ئەم سنوورە خاکەکە وەک میرات دابەش دەکەن بەسەر دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل، یوسفیش دوو بەشی بەردەکەوێت،
- 14
- بۆتان دەبێت بە میرات، هەریەکە بەقەد براکەی، سوێندم خوارد بیدەمە باوباپیرانی ئێوە و ئەم خاکە دەبێتە میراتتان.
- 15
- «ئەمە سنووری خاکەکەیە:
«لەلای باکوور لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە، لە ڕێگای حەتلۆن دەروازەی حەمات تێ دەپەڕێت هەتا دەگاتە چەداد - 16
- و بێرۆتا و سیڤرەیم کە لەنێوان سنووری دیمەشق و سنووری حەماتە و حەچەر هەتیخۆن کە لەسەر سنووری حەورانە.
- 17
- سنووریش لە دەریاوە هەتا حەچەر عێینان درێژ دەبێتەوە، بە باکووری شاری دیمەشقدا دەڕوات هەتا باشووری هەرێمی حەمات. ئەمە شێوەی سنووری باکوور دەبێت.
- 18
- لای ڕۆژهەڵاتیش لە دیمەشقەوە هەتا حەوران دەپێون، پاشان کەناری ڕووباری ئوردون کە لەنێوان گلعاد و خاکی ئیسرائیلە، هەروەها دەریای مردوو هەتا تامار. ئەمە لای ڕۆژهەڵاتە.
- 19
- لای باشووریش، سنوورەکە لە تامارەوە هەتا مێرگی مەریبای قادێش دەڕوات، پاشان بە درێژایی دۆڵی میسر هەتا دەریای سپی ناوەڕاست، ئەمەش لای باشوورە.
- 20
- لای ڕۆژئاواش، دەریای سپی ناوەڕاست لە سنوورەکەوە هەتا بەرامبەر دەروازەی حەمات، ئەمەش لای ڕۆژئاوایە.
- 21
- «ئەم زەویانە بەپێی هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ خۆتان بەش دەکەن.
- 22
- بە تیروپشک میراتەکە دابەش دەکەن بۆ خۆتان و بۆ ئەو نامۆیانەشی لەنێوتان نیشتەجێ بوون کە لەنێوتان منداڵیان دەبێت، لەناو نەوەی ئیسرائیل وەک هاوڵاتی هەژمارد دەکرێن، لەناو هۆزەکانی ئیسرائیل میراتتان لەگەڵ بەش دەکەن.
- 23
- نامۆکە لە سنووری هەر هۆزێک نیشتەجێ دەبێت، لەوێش میراتی دەدەنێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- a. 47:8 شیوێک بوو لە دەریاچەی جەلیلەوە هەتا دەریای مردوو.
- b. 47:10 دەریای سپی ناوەڕاست: عیبری دەریای مەزن، لێرە و لە ئایەتی 15و 19و 20.