عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ژووری کاهینان
- 1
- ئینجا بە ڕێگای لای باکوور منی هێنایە خانەکانی دەرەوە، بردمییە ئەو ژوورانەی کە بەرامبەر شوێنە جیاکراوەکەن، ژوورەکانی بەرامبەر بیناکە لەلای باکوور.
- 2
- درێژی ئەو تەلارە کە دەرگاکەی ڕووی لە باکوور بوو سەد باڵ، پانییەکەشی پەنجا باڵ بوو.
- 3
- لەو بەشەی کە دووری لە حەوشەکەی ناوەوە بیست باڵ بوو، هەروەها لەو بەشەی کە بەرامبەر شۆستەی خانەکانی دەرەوە بوو، هۆڵ بەرامبەر هۆڵ بوو لە هەر سێ نهۆمەکە.
- 4
- بەرامبەر بە ژوورەکانیش ڕێڕەوێک هەبوو، پانییەکەی دە باڵ و درێژییەکەی سەد باڵ بوو، بەرەو حەوشەکەی ناوەوە و دەرگای ژوورەکانیش ڕووەو باکوور بوون.
- 5
- شوێنی ژوورەکان بەر هۆڵەکان کەوتبوون، لەبەر ئەوە ژوورەکانی سەرەوە لە ژوورەکانی ناوەڕاست و خوارەوەی بیناکە تەسکتر بوون.
- 6
- بیناکە سێ نهۆم بوو، ژوورەکانی نهۆمی سێیەم کۆڵەکەیان نەبوو وەک کۆڵەکەی حەوشەکان، لەبەر ئەوە زەمینەکەیان لە نهۆمی خوارەوە و ناوەڕاست کەمتر بوو.
- 7
- ئەو دیوارەش لە دەرەوە بوو لەگەڵ ژوورەکان ڕووەو خانەکانی دەرەوە بۆ بەردەم ژوورەکان، درێژییەکەی پەنجا باڵ بوو.
- 8
- درێژی ژوورەکان لەلای خانەکانی دەرەوە پەنجا باڵ بوو، بەڵام درێژی لای پیرۆزگاکە سەد باڵ بوو.
- 9
- لەژێر ئەم ژوورانەشەوە داڵانێک هەبوو لەلای ڕۆژهەڵاتەوە، ئەوەی لە خانەکانی دەرەوە بۆی دەهاتنە ژوورەوە.
- 10
- ژوورەکان بە درێژایی دیواری حەوشەکە بوون بەرەو باشوور لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە و بەرامبەر بیناکە.
- 11
- لەبەردەمی ژوورەکان ڕێڕەوێک هەبوو، وەک داڵانەکانی ئەو ژوورانەی کە بەرەو باکوور بوون، هەمان درێژی و پانی و شوێنی چوونەدەرەوە و شێوە و دەرگایان هەبوو.
- 12
- وەک داڵانی ژوورەکانی ڕووەو باشووریش، داڵانێک لە سەرەتای ڕێڕەوەکەی بەرامبەر دیوارەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات هەبوو، کە لەوێوە بۆی دێتە ژوورەوە.
- 13
- پێی فەرمووم: «ژوورەکانی باکوور و ژوورەکانی باشوور کە بەرامبەر بە شوێنە جیاکراوەکەن ژوورە تەرخانکراوەکانن، کە کاهینەکان ئەوانەی لە یەزدان نزیک دەبنەوە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان دەخۆن. پێشکەشکراوی هەرەپیرۆز وەکو پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان لەوێ دادەنێن، چونکە شوێنەکە پیرۆزە.
- 14
- کاتێک کاهینەکان دەچنە ژوورەوە، نابێت لە شوێنی پیرۆزەوە بچنە دەرەوە بۆ خانەکانی دەرەوە، هەتا جلەکانیان کە خزمەتی پێ دەکەن لەوێی دادەنێن، چونکە جلەکانیان تەرخانکراون، ئینجا جلێکی دیکە لەبەر دەکەن و دەچنە پێشەوە بۆ ئەو شوێنەی گەل لێی کۆدەبنەوە.»
- 15
- کە پێوانەی دیوی ناوەوەی پەرستگای تەواو کرد منی هێنایە دەرەوە بەرەو ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە و چواردەورەکەی پێوا،
- 16
- لای ڕۆژهەڵاتی بە قامیشی پێوانەکە پێوا، پێنج سەد باڵ[a] بوو.
- 17
- لای باکووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە.
- 18
- لای باشووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە.
- 19
- ئینجا بەلای ڕۆژئاوا سووڕایەوە و پێنج سەد باڵی بە قامیشی پێوانە پێوا.
- 20
- لە هەر چوار لاوە پێوای، شوورایەکی بە چواردەوری بوو کە پێنج سەد باڵ درێژییەکەی و پێنج سەد باڵ پانییەکەی بوو، بۆ جیاکردنەوە لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو.
- a. 42:16 لێرە مەبەست لە باڵی ئاساییە، کە نزیکەی نیو مەتر بوو.