عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- شیوەنێک بۆ میسر
- 1
- فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2
- «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”واوەیلا بکەن،
’ئای بۆ ئەو ڕۆژە!‘ - 3
- چونکە ڕۆژەکە نزیکە،
ڕۆژەکەی یەزدان نزیکە،
ڕۆژێکی بە هەورە،
کاتی وێرانبوونی نەتەوەکان دەبێت. - 4
- شمشێرێک دێتە سەر میسر،
ترس دێتە سەر کوش.
کاتێک کوژراوان لە میسر دەکەون،
سامانەکەی دەبردرێت و
بناغەکانی دەڕووخێنرێت. - 5
- کوش و لیبیا، لوود و هەموو عەرەبستان، کووب و نەوەکانی خاکی پەیمان، لەگەڵ میسر بە شمشێرەکە دەکەون.
- 6
- «”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”هاوپەیمانانی میسر دەشکێن و
هێزەکەی لەدەست دەدات کە مایەی شانازییەتی،
خەڵکەکەشی لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان
بە شمشێرەکە دەکوژرێن.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. - 7
- «”وەک خاکەکانی دەوروبەریان چۆڵ دەبن،
شارەکانیان لە ڕیزی شارە کاولەکان دەبن. - 8
- بەوە دەزانن کە من یەزدانم،
کاتێک ئاگر لە میسر بەردەدەم و
هەموو یارمەتیدەرانی تێکدەشکێنرێن. - 9
- «”لەو ڕۆژەدا، نێردراوان بە سواری کەشتی لەلای منەوە دێن بۆ تۆقاندنی کوشی لەخۆڕازی، ئینجا لە ڕۆژی سزادانی میسر ترس دێتە سەریان، چونکە ئەوەتا دێت.
- 10
- «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”من ئاپۆرەی سوپای میسر لەناودەبەم،
بە دەستی نەبوخودنەسری پاشای بابل. - 11
- ئەو بە خۆی و بە لەشکرەکەیەوە دڕندەترینی نەتەوەکانن،
بۆ کاولکردنی خاکەکە دەهێنرێن،
جا شمشێرەکانیان بۆ سەر میسر هەڵدەکێشن،
خاکەکە پڕ دەکەن لە کوژراو. - 12
- چەمەکانی نیل وشک دەکەم و
خاکەکە دەفرۆشم بە خراپەکاران،
بە دەستی بێگانان
خاکەکە و هەرچی تێیدایە کاولی دەکەم.
من یەزدانم، ئەوەم فەرموو. - 13
- «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”بتەکان لەناودەبەم و
کۆتایی بە پەیکەرەکانی نێو مەمفیس دەهێنم،
لەمەودوا هیچ میرێک لە خاکی میسر هەڵناکەوێت،
ترس دەخەمە سەر خاکی میسر. - 14
- پاشایەتی باشووری میسر تێکدەدەم و
ئاگر لە چۆعەن بەردەدەم و
لە شاری تیب سزا دەسەپێنم. - 15
- تووڕەیی خۆم بەسەر شاری پەلوزیوم دەبارێنم،
قەڵاکەی میسر،
ئاپۆرەی سوپای تیب ڕیشەکێش دەکەم. - 16
- ئاگر لە میسر بەردەدەم،
پەلوزیوم ئێشی پێ دەگات.
تیب تەفروتونا دەبێت،
مەمفیسیش هەموو ڕۆژێک لە تەنگانەدا دەبێت. - 17
- گەنجەکانی ئۆن و پیڤەسەت
بە شمشێر دەکوژرێن،
ئەو دوو شارەش ڕاپێچ دەکرێن. - 18
- لە تەحپەنحێس ڕۆژ تاریک دادێت
کاتێک نیرەکانی[a] میسر دەشکێنم،
شانازی هێزی نامێنێت.
هەورێک میسر دادەپۆشێت،
شارۆچکەکانی ڕاپێچ دەکرێن. - 19
- لە میسر سزا دەسەپێنم،
ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“» - شکاندنی هێزەکانی فیرعەون
- 20
- لە حەوتی مانگی یەکی ساڵی یازدەیەمین،[b] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 21
- «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بازووی فیرعەونی پاشای میسرم شکاند. یەکناگرێتەوە، نە بە پەلیکە دار و نە بە پێچانەوەی، بۆ ئەوەی بەهێز بێت و شمشێر بەدەستەوە بگرێتەوە.
- 22
- لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی فیرعەونی پاشای میسرم. هەردوو بازووی دەشکێنم، ساغەکە و شکاوەکە، شمشێر لە دەستی بەردەدەمەوە.
- 23
- میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.
- 24
- هەردوو بازووی پاشای بابل توند دەکەم و شمشێری خۆم دەدەمە دەستییەوە. هەردوو بازووی فیرعەونیش دەشکێنم و لەبەردەمی وەک نوزانەوەی بریندار دەنوزێتەوە.
- 25
- بازووەکانی پاشای بابل توند دەکەم، بەڵام بازووەکانی فیرعەون دەکەون. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شمشێری خۆم دەدەمە دەست پاشای بابل و بەسەر خاکی میسردا هەڵیدەکێشێت.
- 26
- میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
- a. 30:18 مەبەستی لە بارگرانییە.
- b. 30:20 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە بیست و نۆی مانگی چواری ساڵی 587ی پێش زایین.