عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- حوکم بەسەردادانی فیرعەون
- 1
- لە دوازدەی مانگی دەی ساڵی دەیەم،[a] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 2
- «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە فیرعەونی پاشای میسر بکە و پێشبینی لەسەر هەموو میسر بکە.
- 3
- قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”ئەی فیرعەونی پاشای میسر، من لە دژی تۆم،
ئەی تیمساحە گەورە ڕاکشاوەکە لەناو لقەکانی نیل،
ئەوەی گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و
من بۆ خۆم دروستم کردووە.‘ - 4
- قولاپ لە شەویلگەت دەکەم،
ماسی چەمەکانت بە پوولەکەکانتەوە دەلکێنم.
بە هەموو ئەو ماسییانەوە کە بە پوولەکەکانتەوە لکاون،
لە ناوەڕاستی چەمەکانت دەرتدەهێنم. - 5
- لە چۆڵەوانی بەجێت دەهێڵم،
خۆت و هەموو ماسی چەمەکانت.
لە دەشتودەر دەمریت،
نە خڕدەکرێیتەوە و نە هەڵدەگیرێیتەوە.
تۆ دەکەمە خۆراکی
گیانلەبەری زەوی و باڵندەی ئاسمان. - 6
- ئەو کاتە هەموو دانیشتووانی میسر دەزانن کە من یەزدانم.
«”تۆ گۆچانی قامیش بوویت بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل. - 7
- کە تۆیان بە دەست گرت، شەق شەق بوویت و ناو شانی ئەوانت دڕی، کە خۆیان بەسەرتدا دا، شکایت و پشتی ئەوانیشت شکاند.
- 8
- «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من شمشێرێکت دەهێنمە سەر، مرۆڤ و ئاژەڵت لێ ڕیشەکێش دەکەم.
- 9
- خاکی میسر دەبێت بە کاولگە و چۆڵەوانی، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
«”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ڕووباری نیل هی منە و من دروستم کردووە،‘ - 10
- لەبەر ئەوە من لە دژی تۆ و چەمەکانی تۆم، خاکی میسر دەکەم بە کەلاوەی کاول و چۆڵ، لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان و هەتا سنووری کوش.
- 11
- نە پێی مرۆڤی تێدا ڕەت دەبێت و نە پێی ئاژەڵ، بۆ چل ساڵ کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت.
- 12
- خاکی میسر دەکەم بە چۆڵەوانی نێو خاکە چۆڵەکان، شارەکانیشی بۆ ماوەی چل ساڵ لەناو شارە کاولەکان چۆڵ دەبێت، میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و لەنێو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.
- 13
- «”لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە کۆتایی چل ساڵەکە میسرییەکان لەو گەلانە کۆدەکەمەوە کە تێیاندا پەرشوبڵاو بوون.
- 14
- ڕاپێچکراوەکانی میسر دەگەڕێنمەوە بۆ شانشینی باشووری میسر[b] ، بۆ نیشتیمانی دایکیان دەیانگەڕێنمەوە و لەوێ دەبن بە پاشایەتییەکی نزم و بێ نرخ.
- 15
- بێ نرخترین پاشایەتی دەبێت، ئیتر بەسەر نەتەوەکاندا بەرز نابێتەوە. لاوازیان دەکەم بۆ ئەوەی بەسەر نەتەوەکاندا زاڵ نەبن.
- 16
- لەمەودوا میسر نابێت بە پاڵپشتی بنەماڵەی ئیسرائیل، بەڵکو تاوانەکەیان دێتەوە یادیان، کاتێک ڕوویان لە میسر کرد، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“»
- پاداشتی نەبوخودنەسر
- 17
- لە یەکی مانگی یەکی ساڵی بیست و حەوتەم،[c] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 18
- «ئەی کوڕی مرۆڤ، نەبوخودنەسری پاشای بابل لەشکرەکەی خۆی لە جەنگێکی قورسدا لە دژی سور بەکارهێنا، هەتا ئەوەی هەموو سەرێک ڕووتایەوە و هەموو شانێک داماڵرا، بەڵام نە خۆی و نە لەشکرەکەی لەو جەنگەی کە ڕابەرایەتی کرد هیچ پاداشتێکیان لە سور دەست نەکەوت.
- 19
- لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خاکی میسر دەدەمە نەبوخودنەسری پاشای بابل، جا سامانەکەی دەبات، دەیدزێت و تاڵانی دەکات، دەبێتە کرێ بۆ لەشکرەکەی.
- 20
- خاکی میسرم بە ئەو دا وەک پاداشت بۆ ماندووبوونەکەی، چونکە ئەو و سوپاکەی لە پێناوی مندا جەنگان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 21
- «لەو ڕۆژەدا هێزی بنەماڵەی ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە، دەمی تۆش لەنێویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
- a. 29:1 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە حەوتی مانگی یەکی ساڵی 587ی پێش زایین.
- b. 29:14 واتا باشووری میسر.
- c. 29:17 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە بیست و شەشی مانگی چواری ساڵی 571ی پێش زایین.