عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- لاوانەوەیەک بۆ میرانی ئیسرائیل
- 1
- «تۆش بۆ میرانی ئیسرائیل بلاوێنەوە و
- 2
- بڵێ:
«”دایکت چ شێرێک بوو
لەناو شێران!
لەنێو جوانە شێران پاڵی دایەوە و
بەچکەکانی خۆی بەخێو کرد. - 3
- یەکێک لە بەچکەکانی خۆی پێگەیاند،
بوو بە شێرێکی بە توانا.
فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو،
مرۆڤیشی خوارد. - 4
- کە نەتەوەکان هەواڵیان بیست،
چاڵیان بۆ هەڵکەند و گرتیان،
بۆ خاکی میسر
بە تەوق هێنایان. - 5
- «”کاتێک دایکەکە بینی کە ئاواتەکەی نەهاتە دی،
ئیتر ئومێد بڕ بوو،
هات و یەکێکی دیکەی لە بەچکەکانی گرت و
کردی بە شێرێکی بە توانا. - 6
- لەنێو شێران کەوتە هاتوچۆ،
چونکە بووە شێرێکی بە توانا.
فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو،
مرۆڤیشی خوارد. - 7
- قەڵاکانی ئەوانی تێکشکاندن و
شارۆچکەکانی کاول کردن،
خاکەکە و هەرچی تێیدایە
لەبەر دەنگی نەڕەی تۆقین. - 8
- نەتەوەکان لە هەرێمەکانی دەوروبەری
لە دژی کۆبوونەوە.
تۆڕیان هەڵدایە سەری،
ئەویش کەوتە چاڵەکەیانەوە. - 9
- بە تەوقەوە خستیانە ناو قەفەزەوە،
هێنایانە لای پاشای بابل.
بردیانە ناو زیندان،
تاکو ئیتر لەسەر چیاکانی ئیسرائیل
نەڕەی نەبیسترێت. - 10
- «”دایکت وەک دار مێوێک بوو لە ڕەزەکەی تۆدا،
کە لەدەم ئاو چێنرا.
لەبەر زۆری ئاو،
چڕ و بەردار بوو. - 11
- لقی بەهێزی هەبوو،
کە گونجاوە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان.
باڵای کرد و هەڵکشا
بەناو لقە پڕگەڵاکاندا،
لە بەرزی و زۆری چڵەکانی
دەرکەوت و بینرا. - 12
- بەڵام بە ڕق و قینەوە هەڵکێشرا و
فڕێدرایە سەر زەوی.
بای ڕۆژهەڵات لێیدا و وشکی کرد،
بەرەکەی هەڵوەراند،
لقە بەهێزەکانی وشک بوون و
ئاگر هەڵیانیلووشی. - 13
- ئێستا وا لە چۆڵەوانیدا چێنراوە،
لە خاکێکی وشک و تینوودا. - 14
- لە یەکێک لە لقە گەورەکانییەوە
ئاگری گرت و بەرەکەی هەڵلووشی.
ئێستا هیچ لقێکی بەهێزی نەماوە
کە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان گونجاو بێت.“
ئەمە لاوانەوەیە و لە کاتی شینگێڕان دەگوترێتەوە.»