عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئێستا دەبینیت چی بە فیرعەون دەکەم، بە دەستێکی بەهێز ناچاری دەکەم بەڕەڵایان بکات، ناچاری دەکەم لە خاکی خۆی دەریانبکات.»
- 2
- هەروەها خودا لەگەڵ موسا دوا و پێی فەرموو: «من یەزدانم،
- 3
- بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب وەک ”خودای هەرە بەتوانا“ دەرکەوتم، بەڵام بە ناوی خۆم کە ”یەزدان“ە[a] لەلای ئەوان خۆمم نەناساند.
- 4
- هەروەها پەیمانی خۆمم لەگەڵیان چەسپاند، کە خاکی کەنعانیان بدەمێ، خاکی نامۆییان کە تێیدا نامۆ بوون.
- 5
- هەروەها گوێم لە ناڵەی نەوەی ئیسرائیل بوو، ئەوانەی میسرییەکان کۆیلایەتییان پێ دەکەن، منیش پەیوەستم بە پەیمانەکەی خۆم.
- 6
- «بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”من یەزدانم، لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنم، لە کۆیلایەتی ئەوان فریاتان دەکەوم و بە دەستێکی بەهێز و دادپەروەرییەکی مەزن دەتانکڕمەوە.
- 7
- هەروەها دەتانکەم بە گەلی خۆم و دەبمە خودای ئێوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم ئەوەی لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنێت.
- 8
- دەشتانبەم بۆ ئەو خاکەی سوێندم خوارد بیدەمە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، وەک میرات دەیدەمە ئێوە، من یەزدانم.“»
- 9
- موسا بەم شێوەیە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد، بەڵام گوێیان لێ نەگرت، لەبەر بێ ورەیی و کۆیلایەتی سەخت.
- 10
- ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو:
- 11
- «بڕۆ و بە فیرعەونی پاشای میسر بڵێ، با ڕێ بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن.»
- 12
- بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەگەر نەوەی ئیسرائیل گوێم لێ نەگرن، ئیتر چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت، کە من زمانم بەستراوە؟»[b]
- تۆماری ڕەچەڵەکی موسا و هارون
- 13
- یەزدان سەبارەت بە نەوەی ئیسرائیل و فیرعەونی پاشای میسر لەگەڵ موسا و هارون دوا و فەرمانی پێدان نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر ببەنە دەرەوە.
- 14
- ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکانیانن:
نەوەی ڕەئوبێن کە نۆبەرەی ئیسرائیلە،
حەنۆک و پەڵو و حەسرۆن و کەرمی،
لەمانیشەوە خێڵەکانی ڕەئوبێن دروستبوون. - 15
- نەوەی شیمۆنیش
یەموئێل و یامین و ئۆهەد و یاکین چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو،
لەمانیشەوە خێڵەکانی شیمۆن دروستبوون. - 16
- ئەمانەش ناوەکانی نەوەی لێڤین بەگوێرەی لەدایکبوونیان:
گێرشۆن و قەهات و مەراری.
تەمەنی لێڤیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو. - 17
- کوڕانی گێرشۆن،
لیبنی و شیمعی بەگوێرەی خێڵەکانیان. - 18
- نەوەی قەهاتیش،
عەمرام و یەسهار و حەبرۆن و عوزیێل.
تەمەنی قەهاتیش سەد و سی و سێ ساڵ بوو. - 19
- کوڕانی مەراریش،
مەحلی و موشی.
ئەمانەش خێڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی نەوەکانیان. - 20
- عەمرام یۆخەڤەدی خوشکی باوکی بۆ خۆی خواست. ئەویش هارون و موسای لێ بوو.
تەمەنی عەمرامیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو. - 21
- نەوەی یەسهاریش:
قۆرەح و نەفەگ و زکری. - 22
- نەوەی عوزیێلیش:
میشائیل و ئەلسافان و سیتری. - 23
- هارونیش ئەلیشەڤەعی کچی عەمینادابی خوشکی نەحشۆنی خواست، ئەویش ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتاماری بوو.
- 24
- نەوەی قۆرەحیش:
ئەسسیر و ئەلقانە و ئەبیئاساف.
ئەمانەش خێڵەکانی قۆرەحییەکانە. - 25
- ئەلعازاری کوڕی هارونیش یەکێکی لە کچانی پووتیێل خواست، ئەویش فینەحاسی بوو.
ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی خێڵەکانیان. - 26
- ئەمانە هارون و موسان کە یەزدان پێی فەرموون: «نەوەی ئیسرائیل لەسەر شێوەی لەشکرەکانیان[c] لە خاکی میسر دەربهێنن.»
- 27
- ئەوان بوون لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر دوان بۆ دەرهێنانی نەوەی ئیسرائیل لە میسر، موسا و هارون بوون.
- هارون دەبێتە قسەکەری موسا
- 28
- ئەوە بوو ئەو ڕۆژەی یەزدان لە خاکی میسر لەگەڵ موسا دوا،
- 29
- یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر بدوێ سەبارەت بە هەموو ئەوەی پێت دەڵێم.»
- 30
- بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەوەتا من زمانم بەستراوە، چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت؟»
- a. 6:3 عیبری: \+tl یەهوا\+tl*.
- b. 6:12 زمانم بەستراوە: عیبری لێوەکانم خەتەنەنەکراون، لێرە و لە ئایەتی 30.
- c. 6:26 بەشەکانی گەل کە بریتی بوون لە هۆزەکان، لە دەشتودەر بوونە لەشکر.