عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- دروستکردنی خشتی قوڕ بەبێ کا
- 1
- دواتر موسا و هارون هاتن و بە فیرعەونیان گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وا دەفەرموێت: ”بهێڵە گەلەکەم بڕۆن، بۆ ئەوەی لە چۆڵەوانی جەژنم بۆ بگێڕن.“»
- 2
- فیرعەونیش گوتی: «یەزدان کێیە هەتا گوێ لە قسەی بگرم و بهێڵم ئیسرائیل بڕۆن؟ یەزدان ناناسم و هەروەها ناهێڵم نەوەی ئیسرائیل بڕۆن.»
- 3
- ئەوانیش گوتیان: «خودای عیبرانییەکان بەسەری کردینەوە، سێ ڕۆژەڕێ لە چۆڵەوانی دەڕۆین و قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین، نەوەک تووشی دەرد یان شمشێرمان بکات.»
- 4
- بەڵام پاشای میسر پێی گوتن: «موسا و هارون، بۆچی گەل لە ئیش دەکەن؟ بڕۆن بەلای بارگرانییەکەتانەوە.»
- 5
- هەروەها فیرعەون گوتی: «ئەوەتا ئێستا گەلی خاکەکە زۆرن و ئێوە لە بارگرانییەکەیان دەیانحەسێننەوە.»
- 6
- هەر لەو ڕۆژە فیرعەون فەرمانی دا بەوانەی بێگاری بە گەل دەکەن و بەوانەش کە سەرکارن و گوتی:
- 7
- «ئیتر وەک پێشتر کا مەدەنە گەل بۆ خشت دروستکردن، با خۆیان بچن و کا بۆ خۆیان کۆبکەنەوە.
- 8
- بەڵام ئەوەندە خشتەی کە پێشتر دروستیان دەکرد با هەر لەسەریان بێت، کەمی مەکەنەوە، چونکە ئەوانە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە هاوار دەکەن: ”بهێڵە با بڕۆین و قوربانی بۆ خودامان سەرببڕین.“
- 9
- با کارەکە قورستر بێت لەسەر خەڵکەکە، هەتا پێی سەرقاڵ بن و ئاوڕ لە قسەی درۆ نەدەنەوە.»
- 10
- ئیتر ئەوانەی بێگارییان پێ دەکردن و سەرکارەکانی خەڵک چوونە دەرەوە و بە گەلیان گوت: «فیرعەون ئاوا دەڵێت: ”ئیتر کاتان نادەمێ،
- 11
- بڕۆن بۆ خۆتان لەکوێ کا پەیدا دەکەن پەیدای بکەن، بەڵام هیچ لە کارەکانیشتان کەم ناکرێتەوە.“»
- 12
- ئیتر خەڵکەکە لە هەموو خاکی میسر بڵاو بوونەوە بۆ پووش کۆکردنەوە لە جیاتی کا.
- 13
- سەرکارانیش پەلەیان لێ دەکردن و دەیانگوت: «کاری ڕۆژانەکەتان تەواو بکەن، هەر ڕۆژە بەشی خۆی، هەروەک پێشتر کاتێک کا هەبوو.»
- 14
- ئیتر سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل لێیان درا، ئەوانەی کە سەرکارەکانی فیرعەون لەسەریان دایاننابوون، لێیان پرسین: «بۆچی ئەرکی خۆتان لە خشت دروستکردن تەواو نەکردووە وەک پێشتر، دوێنێ و هەروەها ئەمڕۆش؟»
- 15
- سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیلیش هاتن هاواریان بۆ فیرعەون هێنا و گوتیان: «بۆچی وا لە خزمەتکارەکانت دەکەیت؟
- 16
- کا نادرێتە خزمەتکارەکانت و لەگەڵ ئەوەشدا پێمان دەگوترێت ”خشت دروستبکەن!“ ئەوەتا خزمەتکارەکانت لێیان دراوە، بەڵام هەڵەکە لە گەلی خۆتەوەیە.»
- 17
- ئەویش گوتی: «تەمبەڵن! ئێوە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە دەڵێن: ”دەچین و قوربانی بۆ یەزدان سەردەبڕین.“
- 18
- ئێستاش بڕۆن کار بکەن، کاشتان نادرێتێ و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ژمارەی خشتە قوڕەکان وەک جاران بێت.»
- 19
- سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل بینییان تێکەوتوون، چونکە پێیان گوترا: «لە خشتەکەتان کەم ناکرێتەوە، هەر ڕۆژە و بەشی خۆی.»
- 20
- کە لەلای فیرعەون هاتنە دەرەوە تووشی موسا و هارون بوون چاوەڕێیان دەکردن.
- 21
- پێیان گوتن: «حەواڵەی یەزدانتان دەکەین با خۆی حوکم بدات، چونکە ئێوە ئێسک گرانتان کردین لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی، شمشێرتان دایە دەستی بۆ کوشتنمان.»
- بەڵێنی ڕزگارکردن لەلایەن خوداوە
- 22
- موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «پەروەردگار بۆ خراپەت لەگەڵ ئەم گەلە کرد؟ بۆچی منت نارد؟
- 23
- لەو کاتەوەی چوومە لای فیرعەون بە ناوی تۆوە بدوێم، ئەو خراپەی لەگەڵ ئەم گەلە کرد، تۆش فریای گەلەکەت نەکەوتیت.»