عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- دوو تەختە بەردی نوێ
- 1
- یەزدان بە موسای فەرموو: «دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم بۆ خۆت بتاشە، منیش لەسەر دوو تەختەکە ئەو وشانە دەنووسمەوە کە لەسەر دوو تەختەکەی یەکەم جار بوون و تۆ شکاندت.
- 2
- بۆ بەیانیش ئامادە بە و لە بەیانیدا سەربکەوە بۆ سەر شاخی سینا. لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە بۆم ڕاوەستە.
- 3
- کەس لەگەڵت سەرنەکەوێت و لە هەموو کێوەکە کەس نەبینرێت، هەروەها مەڕوماڵاتیش لەلای کێوەکە نەلەوەڕێنرێت.»
- 4
- ئینجا موسا دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم جاری تاشی و بەیانی زوو هەستا و بۆ شاخی سینا سەرکەوت، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ دەستیشی دوو تەختە بەردەکەی هەڵگرت.
- 5
- یەزدان لە هەورەوە دابەزی و لەوێ لەلای ڕاوەستا و ناوی خۆی ڕاگەیاند کە یەزدانە.
- 6
- ئینجا یەزدان لەبەردەمی تێپەڕی و ڕایگەیاند: «یەزدان، یەزدان، خودایەکی بە بەزەیی و میهرەبانە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی زۆرە.
- 7
- خۆشەویستی نەگۆڕ دەپارێزێت بۆ هەزاران، لە تاوان و یاخیبوون و گوناه خۆشدەبێت، بەڵام تاوانباران ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.»
- 8
- موسا خێرا سەری دانەواند و کڕنۆشی برد،
- 9
- گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، با پەروەردگار لەگەڵمان بڕوات، چونکە گەلێکی کەللەڕەقە، تۆش لە تاوان و گوناهمان خۆشبە و بمانکە بە موڵکی خۆت.»
- 10
- ئەویش فەرمووی: «گوێ بگرن، پەیمانێکتان لەگەڵ دەبەستم. لە بەرامبەر هەموو گەلەکەتان کاری سەرسوڕهێنەری وا دەکەم کە لە هەموو زەویدا و لەناو هەموو نەتەوەکاندا نەکرابێت، هەموو ئەو گەلەش کە ئێوە لەنێویاندان کرداری یەزدان دەبینن، چونکە ئەوەی من لەگەڵ ئێوە دەیکەم سامناکە.
- 11
- ئەوەی ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم بەجێی بهێنن. من ئەمۆری و کەنعانی و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان لەپێشتان دەردەکەم.
- 12
- ئاگاداربن هیچ پەیمانێک لەگەڵ دانیشتووانی ئەو خاکە مەبەستن کە دێنە سەری، نەوەک ببنە تەڵە لەناوەندتان.
- 13
- بەڵکو دەبێت ئێوە قوربانگاکانیان بڕووخێنن و بەردە تەرخانکراوەکانیان بشکێنن و ستوونە ئەشێراکانیان[a] ببڕنەوە.
- 14
- کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە نەبەن، چونکە یەزدان ناوی ئیرەدارە، خودایەکی ئیرەدارە[b] .
- 15
- «ئاگادار بن لەوەی پەیمان لەگەڵ دانیشتووانی خاکەکە ببەستن، چونکە هەروەک لەشفرۆش[c] لەگەڵ چەندین کەس ڕادەبوێرێت، خەڵکی خاکەکەش لە جیاتی پەرستنی من، بت دەپەرستن، قوربانی بۆ خوداوەندەکانیان سەردەبڕن، داوەتتان دەکەن و ئێوەش لە قوربانییەکەیان دەخۆن.
- 16
- کاتێک کچیان بۆ کوڕتان دەخوازن و ئەو کچانەی وەک لەشفرۆش بەدوای خوداوەندەکانی خۆیان دەکەون، وا دەکەن کوڕی ئێوەش وەک لەشفرۆش[d] بەدوای خوداوەندەکانی ئەوان بکەون.
- 17
- «خوداوەندی لەقاڵبدراو دروستمەکەن.
- 18
- «وەک فەرمانم پێکردوون، جەژنی فەتیرە بگێڕن، لە مانگی ئاڤیڤ حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن، چونکە ئێوە لە مانگی ئاڤیڤ لە میسر هاتنە دەرەوە.
- 19
- «هەموو نۆبەرەی سکێک بۆ منە، هەروەها هەر نۆبەرەیەکی نێر لە ئاژەڵە ماڵییەکەشت لە گا و بەران،
- 20
- نۆبەرەی گوێدرێژ بە بەرخێک بکڕنەوە، بەڵام ئەگەر نەیکڕنەوە، دەبێت ملی بشکێنن[e] ، هەموو نۆبەرەیەک لە کوڕەکانتان بکڕنەوە.
«بە بەتاڵی لەبەردەمم ئامادە نابن. - 21
- «شەش ڕۆژ کار بکەن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم شەممەیە، لە کاتی وەرزی کێڵان و لە کاتی دروێنەش پشوو بدەن.
- 22
- «جەژنی هەفتەکان[f] بۆ خۆتان بگێڕن، یەکەم بەرهەمی دروێنەی گەنم و جەژنی کۆکردنەوە لە کۆتایی ساڵ[g] .
- 23
- سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی باڵادەستی خودای ئیسرائیل ئامادە دەبن.
- 24
- گەلان لەبەردەمتان دەردەکەم و سنوورەکانتان فراوان دەکەم، کەسیش چاونابڕێتە خاکەکەتان، کاتێک لە ساڵێکدا سێ جار دێن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئامادە بن.
- 25
- «خوێنی قوربانیم لەگەڵ شتی بە هەویرترش پێشکەش مەکەن، قوربانی جەژنی پەسخە بۆ بەیانی نەمێنێتەوە.
- 26
- «باشترینی یەکەمین بەرهەمی زەوییەکەتان بۆ ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان بهێنن.
«هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.» - 27
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەم وتانە بنووسەوە، چونکە بەگوێرەی ئەو وتانە پەیمانم لەگەڵ تۆ و لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بەستووە.»
- 28
- موسا چل شەو و چل ڕۆژ لەوێ بوو لەلای یەزدان، نانی نەخوارد و ئاوی نەخواردەوە، لەسەر دوو تەختەکەش وتەکانی پەیمانی نووسی، دە ڕاسپاردەکە.
- دەموچاوی موسا دەدرەوشێتەوە
- 29
- کاتێک موسا لە شاخی سینا دەهاتە خوارەوە، هەردوو تەختەکەی پەیمانی لەدەست بوو، لە هاتنە خوارەوەی لە کێوەکە موسا نەیزانی کە پێستی دەموچاوی دەدرەوشێتەوە، لەبەر قسەکردنی لەگەڵ یەزدان.
- 30
- کاتێک هارون و هەموو نەوەی ئیسرائیل بینییان موسا وا دەموچاوی دەدرەوشێتەوە، ئیتر ترسان لێی نزیک ببنەوە.
- 31
- بەڵام موسا بانگی کردن، ئیتر هارون و هەموو ڕابەرەکانی کۆمەڵ گەڕانەوە لای، موساش لەگەڵیان دوا.
- 32
- دواتر هەموو نەوەی ئیسرائیل نزیک کەوتنەوە، ئەویش فەرمانی پێدان بە هەموو ئەوەی کە یەزدان لە شاخی سینا لەگەڵی دوابوو.
- 33
- کاتێک موسا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵیان، ڕووپۆشێکی لەسەر دەموچاوی دانا.
- 34
- بەڵام موسا لە کاتی چوونە ژوورەوەی بۆ بەردەم یەزدان بۆ قسەکردن لەگەڵی، هەتا دەهاتە دەرەوە ڕووپۆشەکەی لا دەدا، کاتێکیش دەهاتە دەرەوە، سەبارەت بەوەی فەرمانی پێکرابوو لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دەدوا.
- 35
- هەر کاتێک نەوەی ئیسرائیل دەموچاوی موسایان دەبینی کە دەدرەوشایەوە، موسا ڕووپۆشەکەی دەخستەوە سەر دەموچاوی هەتا دەچووە ژوورەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەزدان بدوێت.
- a. 34:13 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11:5.
- b. 34:14 ئیرەدار: لێرەدا واتایەکی ئەرێنی لەخۆ دەگرێت، چونکە خودا مرۆڤی خۆشدەوێت و نایەوێت کەسێک پەیوەندی نێوانیان تێک بدات.
- c. 34:15 دوورکەوتنەوە لە خودا و بتپەرستی وەک لەشفرۆشییە یان وەکو ناپاکیکردنی ژنە لە هاوسەرەکەی.
- d. 34:16 بە واتای لەشفرۆشی جەستەیی و ڕۆحیش دێت. بەو کەسە دەگوترێت کە لاف لێدەدات بەوەفایە بۆ یەزدان، بەڵام لە هەمان کاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایەکی دیکە دەکات. واتا لە بنەڕەتدا کەسەکە بێوەفایە لەگەڵ یەزدان، هەروەک چۆن پیاوێک بێوەفا بێت بەرامبەر بە ژنەکەی.
- e. 34:20 مەبەست لە کوشتنی جاشکەکەیە.
- f. 34:22 هەروەها وەک جەژنی دروێنەش ناسراوە (بڕوانە دەرچوون 23:16) 50 ڕۆژ لەدوای جەژنی فەتیرە بووە، کە دەکاتە حەوت هەفتە.
- g. 34:22 بەپێی ڕۆژمێری ئەو سەردەمە پاییز کۆتایی ساڵ بووە.