عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- قوربانگای بخوور سووتاندن
- 1
- «قوربانگای بخوور سووتاندنیش لە داری ئەکاسیا دروستبکە.
- 2
- درێژییەکەی باڵێک[a] و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بێت، بەرزاییەکەشی دوو باڵ[b] ، قۆچەکانیش لە خۆی بێت.
- 3
- بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی بکە، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بە چواردەوردا بۆ دروستبکە.
- 4
- دوو ئەڵقەی زێڕینیشی بۆ دروستبکە، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی دروستی بکە، بۆ ئەوەی ببنە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت.
- 5
- دوو دارەکەش لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە زێڕ ڕووکەشیان بکە.
- 6
- قوربانگاکە لەپێش ئەو پەردەیە دادەنێیت کە لەبەردەم سندوقی پەیمانە، لەبەردەم قەپاغی کەفارەت کە لەسەر ئەو دوو تەختەی پەیمانە، ئەوەی لەوێ چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەم.
- 7
- «هارون هەموو بەیانییەک بخووری بۆنخۆشی لەسەر بسووتێنێت، کاتێک چراکان ئامادە دەکات بیسووتێنێت.
- 8
- هەروەها کاتێک هارون ئێواران چراکان سەردەخات بیسووتێنێت، بخوورێکی بەردەوامە لەبەردەم یەزدان بۆ نەوەکانتان.
- 9
- هیچ بخووری دیکەی مەخەنە سەر، هەروەها قوربانی سووتاندن و دانەوێڵەی پێشکەشکراو، هیچ شەرابێکی پێشکەشکراویشی بەسەردا مەڕێژن.
- 10
- هارونیش ساڵی جارێک کەفارەت لەسەر قۆچەکانی بکات، لە خوێنی قوربانی گوناه کە بۆ کەفارەتە، ساڵی جارێک کەفارەتی لەسەر دەکرێت بۆ نەوەکانتان، هەرەپیرۆزە بۆ یەزدان.»
- زیوی کەفارەت
- 11
- یەزدان بە موسای فەرموو:
- 12
- «کاتێک سەرژمێری نەوەی ئیسرائیل دەکەیت، لە کاتی تۆمارکردنیان هەریەکە و نرخی ژیانی خۆی دەداتە یەزدان، ئیتر کارەساتیان تێناکەوێت کاتێک دەیانژمێریت.
- 13
- هەرکەسێک لە سەرژمێریکراوەکان پێویستە نیو شاقلە[c] بە شاقلی پیرۆزگا بدات، کە هەر شاقلێکیش بیست گێرایە[d] . ئەم نیو شاقلە بە پێشکەشکراو بۆ یەزدان دادەنرێت.
- 14
- هەموو ئەوانەی دەژمێردرێن لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، پێشکەشکراو دەدەنە یەزدان.
- 15
- دەوڵەمەند زیاتر نادات و هەژاریش لە نیو شاقل کەمتر نادات، کاتێک پێشکەشکراوەکەی یەزدان بۆ کەفارەتی خۆتان دەدەن.
- 16
- زیوی کەفارەتەکەش لە نەوەی ئیسرائیل وەردەگریت و بۆ خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دایدەنێیت. بۆ نەوەی ئیسرائیل دەبێتە یادەوەری لەبەردەم یەزدان بۆ کەفارەتی گیانتان.»
- حەوزێک بۆ شوشتن
- 17
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
- 18
- «حەوزێک لە بڕۆنز دروستبکە و ژێرەکەشی لە بڕۆنز بێت بۆ شوشتن، لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکەی دابنێ و ئاوی تێبکە.
- 19
- هارون و کوڕەکانی دەست و پێیانی لێ بشۆن،
- 20
- لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ چادری چاوپێکەوتن بە ئاو بیشۆن نەوەک بمرن. هەروەها کاتێک لە قوربانگاکە نزیک دەبنەوە بۆ خزمەت بۆ سووتاندنی قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان،
- 21
- دەست و پێیان بشۆن نەوەک بمرن. ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆ هارون و بۆ وەچەکەی لە نەوەکانیان.»
- زەیتی دەستنیشانکردن
- 22
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
- 23
- «تۆش بۆ خۆت باشترین بۆن ببە، پێنج سەد شاقل[e] ئاوی موڕ[f] و نیوەی ئەوە دوو سەد و پەنجا شاقل دارچینی بۆنخۆش و دوو سەد و پەنجا شاقل قامیشی بۆنخۆش،
- 24
- کاسیاش[g] پێنج سەد شاقل، هەمووی بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا بێت، هەروەها لە زەیتی زەیتوونیش هەینێک[h] .
- 25
- بەمانە زەیتی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردن دروستبکە، تێکەڵ وەک دەستکردی عەتار، دەبێتە زەیتی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردن.
- 26
- ئینجا چادری چاوپێکەوتن و سندوقی پەیمان،
- 27
- لەگەڵ مێزەکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و چرادانەکە و قاپوقاچاغەکانی و قوربانگاکەی بخوور و
- 28
- قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی و حەوزەکە و ژێرەکەی پێ چەور دەکەیت.
- 29
- تەرخانیان بکە و دەبنە هەرەپیرۆز، هەر شتێک پێیان بکەوێت پیرۆز دەبێت.
- 30
- «هارون و کوڕەکانیشی دەستنیشان بکە و تەرخانیان بکە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن.
- 31
- لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش قسە بکە و بڵێ: ”ئەمە بۆ من دەبێتە زەیتێکی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردنی کەسانێک لە نەوەکانتان.
- 32
- نابێت بەسەر لەشی کەسدا بکرێت و نابێت بە پێوانەکانی وەک ئەو دروستبکرێت. ئەم زەیتە پیرۆزە، دەبێت لەلاتان پیرۆز بێت.
- 33
- هەرکەسێک وەک ئەوە عەتاری بکات و ئەو زەیتە لە کەسانی دیکە بدات، لەنێو گەلەکەیدا دادەبڕدرێت.“»
- بخوور
- 34
- هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بۆنوبەرام بۆ خۆت ببە، مەستەکی و بۆنی گوێچکە ماسی و موڕی بۆنخۆش و بخووری سادە، بەشی یەکسان بن،
- 35
- بیانکە بە بخووری بۆنخۆش، دەستکردی عەتار، سوێرکراوی بێگەرد و پیرۆز.
- 36
- هەندێکی لێ ورد بکە وەک تۆز و لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ لەناو چادری چاوپێکەوتن، ئەوەی لەوێ چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەم، دەبێتە هەرەپیرۆز بۆتان.
- 37
- ئەو بخوورەی بە پێوانەی ئەو دروستی دەکەن نابێت بۆ خۆتانی دروستبکەن، لەلاتان پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان،
- 38
- هەرکەسێک وەک ئەوە دروستبکات هەتا بۆنی بکات، لەنێو گەلەکەیدا دادەبڕدرێت.»
- a. 30:2 باڵێک: نزیکەی نیو مەتر.
- b. 30:2 دوو باڵ: نزیکەی 90 سانتیمەتر.
- c. 30:13 نیو شاقل: نزیکەی شەش گرام زیو.
- d. 30:13 یەک گێرا: نزیکەی 0،6 گرام؛ 20 گێرا: نزیکەی 12 گرام.
- e. 30:23 نزیکەی شەش کیلۆگرام.
- f. 30:23 موڕ ئاوێکی بۆن خۆشە لە گەڵای جۆرە گوڵێک دەردەچێت.
- g. 30:24 دارێکە بۆ بۆنخۆشی بەکاردێت.
- h. 30:24 هەینێک: نزیکەی چوار لیتر.