عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- هەڵقوڵانی ئاو لە تاشەبەرد
- 1
- هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی سینەوە کۆچیان کرد، بەگوێرەی کۆچەکانیان کاتێک یەزدان فەرمانی پێ دەکردن، لە ڕەفیدیم لایاندا، بەڵام ئاو نەبوو بۆ خواردنەوە بۆ گەل.
- 2
- جا گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «ئاومان بدەنێ بیخۆینەوە.»
موساش وەڵامی دانەوە: «بۆچی دەمەقاڵێم لەگەڵ دەکەن؟ بۆچی یەزدان تاقی دەکەنەوە؟» - 3
- بەڵام گەل لەوێ تینوویان بوو و کەوتنە بۆڵەبۆڵ لەسەر موسا. گوتیان: «بۆچی ئێمەت لە میسرەوە هێنایە دەرەوە، هەتا خۆمان و منداڵ و مەڕوماڵاتمان بە تینووێتی بمرین؟»
- 4
- ئیتر موسا هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «چی لەم گەلە بکەم؟ پاش کەمێکی دیکە بەردبارانم دەکەن.»
- 5
- یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لەپێش گەلدا بڕۆ و هەندێک پیری ئیسرائیل لەگەڵ خۆت ببە و ئەو گۆچانەش کە پێی لە ڕووباری نیلت دا لەگەڵ دەستت بیبە و بڕۆ.
- 6
- من لەپێشت لەوێ لەسەر ئەو تاشەبەردە[a] لە حۆرێڤ وەستاوم. لە تاشەبەردەکە دەدەیت، ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و گەل دەیخۆنەوە.» موساش بەم جۆرەی کرد لەبەرچاوی پیرانی ئیسرائیل.
- 7
- ئەو شوێنەیان ناو نا مەسا و مەریبا[b] ، لەبەر دەمەقاڵێی نەوەی ئیسرائیل و لەبەر ئەوەی یەزدانیان تاقی کردەوە و گوتیان «ئایا یەزدان لەنێوانمانە یان نا؟»
- بەزاندنی عەمالێقییەکان
- 8
- عەمالێقییەکان هاتن و شەڕیان لەگەڵ ئیسرائیل کرد لە ڕەفیدیم.
- 9
- موساش بە یەشوعی[c] گوت: «چەند پیاوێکمان بۆ هەڵبژێرە و بڕۆ لە دژی عەمالێقییەکان شەڕ بکە، من بەیانی لەسەر سەری گردەکە دەوەستم و گۆچانەکەی خوداش لە دەستم دەبێت.»
- 10
- یەشوعیش بە قسەی موسای کرد، لە دژی عەمالێقییەکان جەنگا، موسا و هارون و حووریش سەرکەوتنە سەر گردەکە.
- 11
- ئەوە بوو کاتێک موسا دەستی بەرز دەکردەوە، نەوەی ئیسرائیل سەردەکەوتن، بەڵام کاتێک دەستی دەهێنایە خوارەوە، عەمالێقییەکان سەردەکەوتن.
- 12
- کاتێک دەستەکانی موسا قورس بوون، بەردێکیان هێنا و خستیانە ژێری و ئەویش لەسەری دانیشت. ئینجا هارون و حوور یەکێکیان لەم لاوە و ئەوی دیکە لەو لاوە دەستیان گرت، ئیتر هەتا ئاوابوونی خۆر دەستەکانی بە بەرزکراوەیی مایەوە.
- 13
- یەشوعیش بە شمشێر عەمالێق و لەشکرەکەی بەزاند.
- 14
- یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەمە وەک یاداشتێک لە پەڕەیەک بنووسە و بۆ یەشوعی بخوێنەوە، چونکە بە تەواوی یادگاری عەمالێق لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە.»
- 15
- موساش قوربانگایەکی دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاڵای منە» و
- 16
- گوتی: «لەبەر ئەوەی عەمالێق دەستی بەرزکردووەتەوە لە دژی تەختی یەزدان، یەزدان نەوە لەدوای نەوە لە دژی عەمالێق لە جەنگدا دەبێت.»
- a. 17:6 ئەو تاشەبەردە: بڕوانە سەرژمێری 20:8 و یەکەم کۆرنسۆس 10:4.
- b. 17:7 مەسا واتای (تاقی کردنەوە)یە و مریباش واتای (دەمەقاڵێ)یە.
- c. 17:9 یەشوع: لە زمانی عیبری بە واتای (خودا ڕزگار دەکات) دێت کە هاوواتای ناوی عیسایە. بڕوانە مەتا 1:21.