عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- سەری ساڵ و جەژنی پەسخە
- 1
- یەزدان لە خاکی میسر بە موسا و هارونی فەرموو:
- 2
- «ئەم مانگە بۆتان دەبێتە سەری مانگەکان، بۆ ئێوە یەکەمی مانگەکانی ساڵە.
- 3
- لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن، لە دەی ئەم مانگە با هەر پیاوێک لەبری بنەماڵەکەی بەرخێک ببات، بەرخێک بۆ هەر ماڵێک.
- 4
- ئەگەر ماڵێک بچووک بوو و توانای خواردنی بەرخێکی نەبوو، ئەوا با لەگەڵ نزیکترین دراوسێیدا بەشی بکات بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان؛ بەگوێرەی ئەو بڕەی کە هەرکەسێک دەتوانێت لە بەرخەکە بخوات.
- 5
- دەبێت ئاژەڵێکی نێرینەی ساغی یەک ساڵە بۆ خۆتان دانێن و لە بەرخ یان گیسک هەڵیاندەبژێرن.
- 6
- هەتا ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە لەلای خۆتان چاودێرییان دەکەن، ئینجا هەموو کۆڕی کۆمەڵی ئیسرائیل لە کاتی خۆرئاوابوون سەریان دەبڕن.
- 7
- لە خوێنەکەش هەڵدەگرن و لە هەردوو لای دەرگاکان و سەری دەرگاکانی ئەو ماڵانەشی دەدەن کە تێیدا دەیخۆن.
- 8
- گۆشتەکەش لەو شەوەدا بە ئاگر دەبرژێنرێت و لەگەڵ نانی فەتیرە و گیای تاڵ دەیخۆن.
- 9
- نەکەن بە خاوی یان کوڵاوی بیخۆن، بەڵکو دەبێت برژاو بێت، لەگەڵ سەر و پێ و هەناوی.
- 10
- لێشی مەهیڵنەوە بۆ بەیانی، ئەوەی لێی دەمێنێتەوە هەتا بەیانی، بە ئاگر بیسووتێنن.
- 11
- ئاواش دەیخۆن: ناوقەدتان بەسترا بێت و پێڵاوەکانتان لە پێتان بێت و گۆچانەکانتان بە دەستەوە بێت. بە پەلە دەیخۆن؛ ئەوە پەسخەیە[a] بۆ یەزدان.
- 12
- «من ئەمشەو بە خاکی میسردا تێدەپەڕم و هەموو نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەکوژم، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، حوکمیش بەسەر هەموو خوداوەندەکانی میسردا دەدەم، من یەزدانم.
- 13
- خوێنەکەش بۆتان دەبێتە نیشانە لەسەر ئەو ماڵانەی ئێوە تێیدان، کاتێک خوێنەکە دەبینم، بەسەرتاندا تێدەپەڕم. ئیتر کارەساتی لەناوچوون ئێوە ناگرێتەوە کاتێک لە خاکی میسر دەدەم.
- 14
- «ئەو ڕۆژەش دەبێتە یادگاری بۆتان و دەیکەنە جەژن بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتاییە و نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت.
- 15
- حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە[b] دەخۆن. لە ڕۆژی یەکەمەوە هەویرترش[c] لە ماڵەکانتان ناهێڵن، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی حەوتەم، ئەوا ئەو کەسە لە ئیسرائیل دادەبڕدرێت.
- 16
- لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون[d] ببەستن، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمیش. هیچ کارێک لەو ڕۆژانەدا مەکەن، تەنها خواردن ئامادەکردن نەبێت کە هەموو کەسێک دەیخوات. تەنها ئەوە دەکەن.
- 17
- «ئەم جەژنی فەتیرەش بگێڕن، چونکە لە هەمان ئەم ڕۆژەدا لەشکرەکانتانم لە خاکی میسر دەرهێنا. نەوە دوای نەوە ئەم جەژنە بگێڕن و با وەک فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوام بێت.
- 18
- لە چواردەی مانگی یەکدا، لە ئێوارە نانی فەتیرە بخۆن هەتا ئێوارەی ڕۆژی بیست و یەکی مانگ.
- 19
- حەوت ڕۆژ نابێت هەویرترش لە ماڵەکانتان هەبێت. هەرکەسێک بە نامۆ و هاوڵاتیشەوە شتێک بخوات کە هەویرترشی تێدابێت، لە کۆمەڵی ئیسرائیل دادەبڕدرێت.
- 20
- شتی بە هەویرترش مەخۆن، دەبێت لە هەموو نشینگەکانتان نانی فەتیرە بخۆن.»
- 21
- ئینجا موسا هەموو پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ خۆتان مەڕوماڵات ببەن، بەگوێرەی هۆزەکانتان بەرخی پەسخە سەرببڕن.
- 22
- دەسکێک زوفا هەڵبگرن و لەو خوێنەی وەربدەن کە لە تەشتدایە و سەرەوەی دەرگا و هەردوو لایەکەی پێ خوێناوی بکەن، ئێوەش هەتا بەیانی کەستان لە دەرگای ماڵەکەی ناچێتە دەرەوە.
- 23
- یەزدان تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی لە میسرییەکان بدات، کاتێک خوێنەکە دەبینێت کە لەسەر دەرگا و هەردوو لایەکەی دراوە ئیتر یەزدان بەسەر دەرگاکە تێدەپەڕێت و ناهێڵێت لەناوبەر بێتە ماڵەکانتان بۆ لێدانتان.
- 24
- «ئەم ڕێوەڕەسمە بۆ هەتاهەتایە وەک فەرزێک بۆ خۆتان و نەوەکانتان بەجێدەهێنن.
- 25
- ئەوە دەبێت کاتێک دێنە ناو ئەو خاکەی یەزدان دەتانداتێ هەروەک فەرمووی، ئەم ئەرکە دەپارێزن.
- 26
- ئیتر کاتێک منداڵانتان پێتان دەڵێن: ”ئەم ئەرکە چییە بۆ ئێوە؟“
- 27
- ئێوەش دەڵێن: ”ئەوە قوربانی پەسخەیە بۆ یەزدان، کە لە میسر بەسەر ماڵەکانی نەوەی ئیسرائیلدا تێپەڕی، کاتێک لە میسرییەکانی دا و ماڵەکانی ئێمەی پاراست.“» ئیتر گەل دانەوین و کڕنۆشیان برد.
- 28
- نەوەی ئیسرائیل چوون و بەم جۆرەیان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد.
- 29
- ئەوە بوو یەزدان لە نیوەشەودا لە هەموو نۆبەرەیەکی خاکی میسری دا، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەخت دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو دیلەی لە بەندیخانەیە و هەموو نۆبەرەکانی مەڕوماڵاتیش.
- 30
- فیرعەون شەو هەستا، خۆی و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو میسرییەکان، هاوارێکی مەزن لە میسر پەیدا بوو، چونکە هیچ ماڵێک نەبوو مردووی نەبێت.
- دەرچوون
- 31
- بەو شەوە فیرعەون موسا و هارونی بانگکرد و گوتی: «هەستن! لەنێو گەلەکەم بڕۆنە دەرەوە، ئێوە و هەموو نەوەی ئیسرائیل، بڕۆن یەزدان بپەرستن وەک خۆتان داواتان کرد.
- 32
- مەڕوماڵات و گاڕانەکەشتان ببەن وەک گوتتان، بڕۆن و هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکەن.»
- 33
- میسرییەکانیش زۆریان لە گەلەکە کرد تاکو پەلە بکەن لە ڕۆیشتنیان لە خاکەکە، چونکە گوتیان: «ئەگینا ئێمە هەموومان دەمرین.»
- 34
- گەلیش هەویرەکانیان هەڵگرت پێش ئەوەی هەویرترشی تێ بکەن، تەشتە هەویرە شێلراوەکانیان لە جلەکانیان پێچایەوە و لەسەر شانیان دانا.
- 35
- هەروەها نەوەی ئیسرائیل بەو جۆرەیان کرد کە موسا پێی گوتن و داوای خشڵی زیو و زێڕ و جلوبەرگیان لە میسرییەکان کرد.
- 36
- یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، ئیتر ئەوەی داوایان کردبوو پێیان دان و بەم شێوەیە میسرییەکانیان تاڵان کرد.
- 37
- نەوەی ئیسرائیل کە نزیکەی شەش سەد هەزار پیادەی پیاو دەبوون بێجگە لە ئافرەت و منداڵ، لە ڕەعمسێسەوە کۆچیان کرد بەرەو سوکۆت.
- 38
- هەروەها کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر لەگەڵیان سەرکەوتن، هەروەها ئاژەڵێکی زۆریش کە لە مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ پێکهاتبوون.
- 39
- ئەو هەویرەی لە میسرەوە هێنابوویان کردیانە کولێرەی فەتیرە. هەویرەکە بێ هەویرترش بوو، لەبەر ئەوەی لە میسر دەرکران و نەدەکرا دوا بکەون، هەروەها خواردنیان بۆ خۆیان دروستنەکردبوو.
- 40
- نەوەی ئیسرائیلیش چوار سەد و سی ساڵ لە میسردا نیشتەجێ بوون.
- 41
- ئەوە بوو لە کۆتایی چوار سەد و سی ساڵەکە، لە هەمان ئەو ڕۆژەدا، هەموو لەشکری یەزدان لە خاکی میسر چوونە دەرەوە.
- 42
- لەبەر ئەوەی ئەو شەوە یەزدان ئێشکی گرت بۆ دەرهێنانی گەلی ئیسرائیل لە خاکی میسر، لەم شەوەدا هەموو نەوەی ئیسرائیل وەک ڕێزلێنانێک بۆ یەزدان ئێشک دەگرن بۆ نەوەکانیان.
- فەرزی پەسخە
- 43
- یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەمە فەرزی پەسخەیە:
«هیچ بیانییەک لێی ناخوات. - 44
- هەر کۆیلەیەکی پیاوی بە زیو کڕاو دوای ئەوەی خەتەنە دەکرێت ئینجا لێی دەخوات.
- 45
- بەڵام نیشتەجێی کاتی و کرێگرتە لێی ناخۆن.
- 46
- «لە یەک ماڵدا لە گۆشتەکە دەخورێت و لە ماڵەکە ناچێتە دەرەوە، هیچ ئێسکێکی لێ ناشکێنرێت.
- 47
- هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل پێویستە یادی بکەنەوە.
- 48
- «ئەگەر نامۆیەک لەنێوتاندا بژیێت و بیەوێت پەسخە بۆ یەزدان بکات، پێویستە هەموو نێرینەیەکی ماڵەکەی خەتەنە بکرێت. ئینجا وەک لەدایکبووێکی خاکەکەی لێدێت، بەڵام خەتەنەنەکراو لێی ناخوات.
- 49
- یەک یاسا پەیڕەو دەکرێت بۆ هاوڵاتی و بۆ ئەو نامۆیەی کە لەنێوتان دەژیێت.»
- 50
- ئیتر هەموو نەوەی ئیسرائیل بەم جۆرەیان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد.
- 51
- ئەوە بوو لە هەمان ئەو ڕۆژەدا یەزدان نەوەی ئیسرائیلی لە شێوەی لەشکر لە خاکی میسر هێنایە دەرەوە.
- a. 12:11 پەسخە: عیبری \+tl پەسەح\+tl*، واتا تێپەڕبوون یاخود لێخۆشبوون.
- b. 12:15 هەموو نانێکە کە هیچ جۆرە هەویرترشێکی تێنەکرێت.
- c. 12:15 هەویرترش: لە جیاتی خومرە بۆ هەوێن بەکارهاتووە.
- d. 12:16 بیرۆکەی بنەڕەتی سەرجەم جەژنەکان دەگەڕێتەوە بۆ دوو بنەمای سەرەکی: (1) یادکردنەوەی کار و چاکە مەزنەکانی خودا بەرامبەر بە گەلەکەی؛ (2) خۆتەرخانکردن لەم ڕۆژانەدا تەنها بۆ ستایش و پەرستنی خودا و فێربوون.