عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- کارەساتی هەشتەم: کوللە
- 1
- یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون، چونکە من دڵی ئەو و دڵی خزمەتکارانی ئەوم ڕەق کردووە، بۆ ئەوەی ئەم نیشانانەم لەنێویان ئەنجام بدەم.
- 2
- هەروەها بۆ ئەوەی بۆ منداڵ و نەوەکانت باسی ئەوە بکەیت چۆن میسرم کردە گاڵتەجار بەو نیشانانەی لەنێویاندا ئەنجامم داوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.»
- 3
- جا موسا و هارون چوونە لای فیرعەون و پێیان گوت: «یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ”هەتا کەی مل نادەیت و لەبەردەمم ملکەچ نابیت؟ ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن و بمپەرستن،
- 4
- چونکە ئەگەر ڕێ بە گەلەکەم نەدەیت، ئەوا من بەیانی کوللە دەهێنمە سەر خاکەکەت.
- 5
- ڕووی زەوی دادەپۆشرێت و ناتوانرێت تەماشای زەوی بکرێت، ئەوەی لە تەرزەکە بۆتان ماوەتەوە و دەرباز بووە دەیخوات، هەروەها هەموو دارێکیش کە لە کێڵگەکانتان گەشە بکات دەیخوات.
- 6
- ماڵەکانت و ماڵی هەموو خزمەتکارەکانت و هەموو میسرییەکان پڕ دەکات، ئەو شتەی کە نە باوک و نە باپیرانت بینیویانە، لەو ڕۆژەی لەسەر ئەم خاکە نیشتەجێ بوون هەتا ئەمڕۆ.“» ئینجا ڕووی وەرگێڕا و لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.
- 7
- خزمەتکارانی فیرعەونیش پێیان گوت: «هەتا کەی ئەمە ببێتە تەڵە بۆمان؟ ڕێ بەو پیاوانە بدە با بڕۆن و یەزدانی پەروەردگاریان بپەرستن، ئایا هێشتا نازانیت کە میسر وێران بووە؟»
- 8
- ئینجا موسا و هارونیان بردەوە لای فیرعەون، ئەویش پێی گوتن: «بڕۆن یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، بەڵام کێ و کێ دەچن؟»
- 9
- موساش وەڵامی دایەوە: «بە گەنج و پیرمانەوە دەچین، بە کوڕ و کچ و مەڕوماڵات و ڕەشەوڵاخمانەوە دەچین، چونکە پێویستە جەژن بۆ یەزدان بگێڕین.»
- 10
- فیرعەونیش پێی گوتن: «یەزدان لەگەڵتان بێت![a] ئەگەر بهێڵم لەگەڵ ژن و منداڵەکانتان بڕۆن! دیارە ئێوە نیازتان خراپە.
- 11
- نەخێر! تەنها پیاوان بڕۆن یەزدان بپەرستن، هەروەک خۆتان داواتان کردووە.» ئیتر موسا و هارون لەبەردەم فیرعەون دەرکران.
- 12
- یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ سەر خاکی میسر درێژ بکە بۆ کوللە، بۆ ئەوەی بێتە سەر خاکی میسر و هەموو سەوزایی زەوییەکە بخوات، ئەوەی لە تەرزەکە ماوەتەوە.»
- 13
- ئیتر موسا گۆچانەکەی بەسەر خاکی میسردا درێژکرد، بە درێژایی ئەو ڕۆژ و شەوە یەزدان بایەکی ڕۆژهەڵاتی هێنا، کاتێک بووە بەیانی بایەکەی ڕۆژهەڵات کوللەی هەڵگرت.
- 14
- کوللە هاتە سەر هەموو خاکی میسر و لەسەر هەموو سنوورەکانی میسر نیشتەوە، ئەوەندە گران بوو کە لەوەوپێش کوللەی وا نەبووە و ناشبێت.
- 15
- ڕووی هەموو خاکەکەی داپۆشی و خاکەکە تاریک بوو، هەموو سەوزاییەکی زەوی و هەموو بەروبوومی دارەکان کە تەرزە لێی نەدابوو خواردی، هیچ سەوزایی لە خاکی میسر نەهێشتەوە، بە دار و ڕووەکی کێڵگەوە.
- 16
- فیرعەون بە خێرایی بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «گوناهم سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان و سەبارەت بە ئێوەش کرد.
- 17
- ئێستاش تەنها ئەم جارە لەم گوناهەم خۆشبن، لە یەزدانی پەروەردگارتان بپاڕێنەوە با تەنها ئەم کارەساتە کوشندەیەم لەسەر لابدات.»
- 18
- موساش لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە و لە یەزدان پاڕایەوە.
- 19
- یەزدانیش بایە ڕۆژهەڵاتییەکەی گۆڕی بە بایەکی ڕۆژئاوایی زۆر بەهێز و کوللەکەی هەڵگرت و فڕێیدایە ناو دەریای سوور[b] و یەک کوللە نەما لە هەموو خاکی میسردا.
- 20
- بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی نەدا بە نەوەی ئیسرائیل بڕۆن.
- کارەساتی نۆیەم: تاریکی
- 21
- ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ ئاسمان درێژ بکە با تاریکی باڵ بەسەر خاکی میسردا بکێشێت، کە چاو چاو نەبینێت.»
- 22
- ئیتر موسا دەستی بۆ ئاسمان درێژکرد و تاریکاییەکی سەخت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ باڵی بەسەر خاکی میسردا کێشا.
- 23
- بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کەس کەسی نەبینی و کەس لە شوێنی خۆی هەڵنەستا، بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل لە نشینگەکانیان ڕووناکییان هەبوو.
- 24
- ئینجا فیرعەون بانگی موسای کرد و گوتی: «بڕۆن یەزدان بپەرستن، تەنها مەڕوماڵات و ڕەشەوڵاخەکانتان بمێنێت، هەروەها ژن و منداڵەکانیشتان با لەگەڵتان بڕۆن.»
- 25
- بەڵام موساش گوتی: «پێویستە ڕێگامان پێبدەیت بۆ ئەوەی قوربانی و قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەین بۆ یەزدانی پەروەردگارمان.
- 26
- بەڵکو مەڕوماڵاتیشمان لەگەڵمان دەڕۆن تەنها سمێکیش بەجێنامێنێت، چونکە لەوان هەڵدەگرین بۆ پەرستنی یەزدانی پەروەردگارمان، ئێمە نازانین بە چی یەزدان بپەرستین، هەتا نەگەینە ئەوێ.»
- 27
- بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی نەدا بڕۆن.
- 28
- فیرعەونیش پێی گوت: «لەلام بڕۆ، ئاگاداری خۆت بە نەیەیتەوە بەرچاوم، چونکە ئەو ڕۆژەی ڕووم ببینیت دەمریت.»
- 29
- موساش وەڵامی دایەوە: «هەروەک گوتت! جارێکی دیکە ناتبینمەوە.»
- a. 10:10 فیرعەون نایەوێت ڕێیان بدات بڕۆن، بەڵام بە گاڵتە پێکردنەوە قسە دەکات.
- b. 10:19 لە زمانی عیبری بە واتای دەریای سوف دێت، کە دەکەوێتە سەرووی باکووری کەنداوی سوێسی ئەمڕۆ، بەڵام لە دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ هەر بە دەریای سوور نووسراوە. بڕوانە عیبرانییەکان 11:29.