عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- دایک و باوک و منداڵ
- 1
- ئەی منداڵان، ئێوە وەک شوێنکەوتەی مەسیحی باڵادەست، گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە دروستەکەی ئەوەیە.
- 2
- ﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن.﴾ ئەمە یەکەم ڕاسپاردەیە لەگەڵ بەڵێنەوە دێت
- 3
- ﴿بۆ ئەوەی چاکە بێتە ڕێتان و تەمەن درێژ بن لەسەر زەوی.﴾[a]
- 4
- ئێوەش ئەی باوکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، بەڵکو بەگوێرەی ڕێنمایی و فێرکردنی مەسیحی باڵادەست پەروەردەیان بکەن.
- کۆیلە و گەورەکانیان
- 5
- ئەی کۆیلەکان، بە ترس و لەرزەوە بە دڵپاکی گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن لەسەر زەوی، وەک بۆ مەسیح بێت،
- 6
- نەک بە خزمەتی بەرچاوان وەک ئەوەی خەڵک ڕازی بکەن، بەڵکو وەک کۆیلەی مەسیح بەدڵ خواستی خودا بەجێبهێنن.
- 7
- با خزمەتتان لە دڵەوە بێت، وەک بۆ عیسای خاوەن شکۆی بکەن نەک بۆ خەڵکی،
- 8
- چونکە دەزانن عیسای خاوەن شکۆ پاداشتی هەرکەسێک دەداتەوە کە کاری چاک دەکات، جا کۆیلە بێت یاخود ئازاد.
- 9
- ئێوەش ئەی گەورەکان، هەمان شتیان بۆ بکەن، واز لە هەڕەشەلێکردنیان بهێنن، بزانن گەورەی ئەوان و ئێوە لە ئاسمانە، ئەویش لایەنگری ناکات.
- چەکی تەواوی خودا
- 10
- لە کۆتاییدا پێتان دەڵێم کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەست و هێزە گەورەکەی بەهێز بن.
- 11
- بە چەکی تەواوی خودا خۆتان چەکدار بکەن، تاکو بتوانن بەرامبەر پیلانی شەیتان خۆتان ڕابگرن،
- 12
- چونکە زۆرانبازی ئێمە لەگەڵ گۆشت و خوێن نییە، بەڵکو لە دژی سەرۆک و دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوایانی ئەم جیهانە تاریکەیە، هەروەها لە دژی سەربازە بەدکارە ڕۆحییەکانە لە شوێنەکانی ئاسمان.
- 13
- بۆیە چەکی تەواوی خودا هەڵبگرن، تاکو بتوانن لە ڕۆژی بەدکاردا خۆڕاگر بن و دوای تەواوبوونی هەموو شتێک، بچەسپێن.
- 14
- بە بەستنی پشتێنی ڕاستی بە ناوقەدتان و زرێی[b] ڕاستودروستی بە سنگتانەوە،
- 15
- ئامادەیی لە پێ بکەن بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنیی ئاشتی[c] ،
- 16
- لە سەرووی هەموو ئەوانە قەڵغانی باوەڕ هەڵبگرن، بەمە دەتوانن هەموو تیرە گڕدارەکانی شەیتان بکوژێننەوە.
- 17
- هەروەها کڵاوی ئاسنینی ڕزگاری لەسەر بکەن و شمشێری ڕۆحی پیرۆز هەڵبگرن کە پەیامی خودایە.
- 18
- بە هەموو جۆرە نوێژ و پاڕانەوەیەک، هەموو کاتێک لە ڕۆحی پیرۆزدا نوێژ بکەن. بۆ ئەمەش ئێشک بگرن و بە بەردەوامی بۆ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا بپاڕێنەوە.
- 19
- نوێژ بۆ منیش بکەن تاکو هەر کاتێک دەمم دەکەمەوە قسەی گونجاوم بدرێتێ و ئازایانە نهێنی پەیامی ئینجیل ڕابگەیەنم.
- 20
- من لێرە باڵوێزی ئینجیلم، هەرچەندە لە پێناویدا کۆت و بەند کراوم، نوێژ بکەن بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێویست ئازابم بۆ قسەکردن.
- سڵاوی کۆتایی
- 21
- تیخیکۆس کە برایەکی خۆشەویست و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح خزمەتکارێکی دڵسۆزە، هەموو شتێکتان پێ دەڵێت بۆ ئەوەی ئێوەش هەواڵی من بزانن و ئاگاداری ئەوە بن کە خەریکی چیم.
- 22
- بە تایبەتی بۆ ئەمە ناردمە لاتان، تاکو هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە.
- 23
- لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە، ئاشتی و خۆشەویستییەکی لەگەڵ باوەڕ بۆ باوەڕداران.
- 24
- نیعمەت لەگەڵ هەموو ئەوانە بێت کە بە خۆشەویستییەکی نەمر عیسای مەسیحی پەروەردگاری ئێمەیان خۆشدەوێت.
- a. 6:3 دواوتار 5:16.
- b. 6:14 جلێکی ئاسنینە بۆ پاراستنی سنگی سەرباز لە کاتی جەنگدا. بڕوانە ئیشایا 59:17.
- c. 6:15 ڕاگەیاندنی مژدەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ خودا.